دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

دواى هەڵبژاردنەکانى ئەمجارە سەرۆکایەتییەکانى عێراق چییان بەسەردێت؟

هەرێم نیوز 

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى لەسەر بنەماى پێکهاتنى پێشوەختە سەرۆکایەتیەکان دابەشکراوە، ئامانج لەم کارە مانەوەى عێراقە بە یەکپارچەیی و خۆ بواردنە لە ترازانی زیاتر، ئەوەى کە عێراقیەکانى لەسەر ڕاهاتووە، ئەوەیە سەرۆککۆمار پشکی کوردە و سەرۆکى پەرلەمان بۆ پێکهاتەى سوونەیە و هەرچى پۆستى سەرۆکوەزیرانیشە پشکی شیعەکانە، ئەوەى کە لە دواى 11ـى تشرینى یەکەمەوە دەبێتە جێگەى قسەوباسى عێراقییەکان دوو لەو پۆستە گرنگانەیە کە ئەوانیش سەرۆکانى پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیرانە و بەدووریش نازانرێت پشکەکەى کوردیش بێتەوە بەرباس.
لە لایەکی ترەوە سەرەڕای ئەوەى عێراق جێگەى کێبەرکێی نێوخۆیی و ململانێ سیاسیی و پێکهاتەییەکانە، لە هەمانکاتیشدا جێگە تەماعى وڵاتانى چواردەورو نێودەوڵەتیشە، ئەمریکا و ئێران و تورکیا لەسەرووى هەمووانەوەن و هەریەکەشیان ئەجێنداى تایبەت بە خۆیان هەیە لەم وڵاتەدا.
بەگوێرەى گوتەى شرۆڤەکاران ئەوەى ئەمریکا دەیەوێت دابڕینی عێراقە لە هەژموونەکانى ئێران و ئەوەى کە ئێرانیش دەیەوێت پێچەوانەکەیەتى، بەڵام خواستى تورکیا شتێکى دیکەیە، ئەو دەیەوێت سنوورەکانى و ناوخۆی وڵاتەکەى دوور بێت کە کێشە ئاسایشییەکان و پێدەچێت لەو بوارەشدا هەنگاوی باشى نابێت و لابردنى گەمارۆکانى سەر فرۆکەخانەى سلێمانیش لە پێش هەڵبژاردنەکانەوە ئاماژەیەکی سەرەتایی بێت.
هەرچى هەوڵەکانى محمەد شیاع سودانیشە بۆ مانەوەى لەو پۆستەدا بەچەندی بەرزی و نزمیدا تێپەڕیکردووە، بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە هێشتا شانسێکى نێودەوڵەتى لەبەردەمدایە سەرەڕاى ئەوەى لەناوخۆی شیعەکاندا لەڕەخنە بەدەر نییە، چاوپێکەوتنەکەى شەرم شێخى نێوان ئەو و ترامپى سەرۆککۆمار و تەوقەکەیان شەقامی شیعەکانى کەمێک نیگەران کرد و بەشێک لە سەرکردەى گروپە چەکدارەکانى هێنایە قسە و گوتیان ئەو تەوقەیە سوکایەتى بوو بە عێراقییەکان و بەرەى مقاوەمە، بەشێک لە پەیج و میدیا عێراقییەکانیش نوسیبوویان عێراق نەوتى زۆرە بەڵام سیاسەتمەدارى ژیری کەمە!
ترەمپ لە شەرم شێخ گوتى: ئەگەر عێراقییەکان شکست بهێنن لە ئیدارەدانى نەوتدا خۆیان زیاندەکەن، بۆئەو مەبەستە سەدرییەکان رایانگەیاند بەشداریکردنى سودانى لەو کۆبوونەوەیەدا نەنگی بوو بۆ خۆی و عێراقییەکانیش، شبل زەیدی سەرۆکی کەتیبەکانى ئیمام عەلیش گوتى بەشداریکردنى سودانى و ماستاوکردنى بۆ ترەمپ خۆبردنە پێشەوەى سودانى بوو بۆ بەرژەوەندیی خۆی لەسەر سوکایەتیکردن بە عێراق و عێراقییەکان.
بەشێکى دیکەى شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە ئەو قسەیەى ترەمپ داواکردنى زیاترى پشکى نەوتى عێراقییەکان لەبەرامبەر سەرهەڵنەدانەوەى داعش و گرفتە ناوخۆییەکان و هێرش نەکردنە سەر میلشیاکان، ئەوەش لەسەر ئاستى مامەڵەکردنی عێراق دەوەستێت لەگەڵ مەلەفى ئێران و چۆنیەتى جێبەجێکردنی ئەجێنداى ئەمریکی – ئیسرائیلیی، باسیان لەوەشکردووە ترەمپ بەلایەوە گرنگ نییە لەم هەڵبژاردنەدا کێ دەیباتەوە بەو ئەندازەیەى بەلایەوە گرنگە کێ دەتوانێت ئێران بباتەوە سنوورەکانی خۆی و لە قاڵبی خۆیدا بیهێڵێتەوە، چوون ئامانجیشی ئەوە نییە ئەو دەسەڵاتەى کە لە ئێران هەیە کۆتایی پێبێنێت.
میسال ئالوسی، پەرلەمانتاری پێشووى عێراقیش بە میدیاکانى راگەیاندووە ترەمپ عێراقێکى دەوێت بەدەست خۆیانەوە بێت نەک بەدەست تارانەوە بێت، گوتیشى ئەمریکا دەیەوێت کەشێکی ئارام لە عێراق بێتە ئاراوە بۆ ئەوەى کۆمپانیاکانیان دەست بە وەبەرهێنان بکەن و لە چەند رۆژى رابردوشدا کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبێلى ئەمریکی گەڕایەوە بۆکارکردن لە بوارى نەوتدا کە نزیکەى دوو ساڵە کۆتایی بە کارەکانى هێناوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەمریکا بەرنامەیەکی بۆ عێراق پێیە و ئەو بەرنامەیەش لە رێگەى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەبێت نەک سەرۆکایەتییەکانى پەرلەمان و کۆمار، چوون بەڕێوەبەری راستەقینەى عێراق سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانە کە پشکى شیعەکانە.
پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە ئاخۆ ئەو شیعەیە کامەیە کە دەتوانێت کەشکى نائارامى عێراق لە کەنارێکى ئارامیدا لەنگەر پێبگرێت و نەهێڵێت ببێتە جێگەی هەڕەشەى ئەمریکا و خۆشى لە هەژموونە فراوانەکانى ئێران بپارێزێت؟ تۆ بڵێی دڵسۆزتر لە سودانیی هەبێت و تا ئێستا نەخرابێتە بەردەست، یان ئەوەیە کەسێکى دیکە دەکرێتە سوپرایز و ئەمریکاش هێندە بێخەم نەبووە لە دۆزینەوەى جێگرەوەیەک؟ وەڵامەکە جێدەهێڵین بۆ دواى هەڵبژاردنەکانى 11ـى تشرینى دووەمی ئەمساڵ..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP