هەرێم نیوز
محەممەدڕەزا ئاغامیری، سەرۆکی زانکۆی شەهید بەهەشتی و یەکێک لە پسپۆڕەکانی ئەتۆمیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی ڕۆژەکانی جەنگی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلی کردووە. تێیدا دەڵێت ئێران "توانا و دەرفەتی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە" بەڵام ئەوەشی وتووە کە نیازی دروستکردنی چەکی لەو شێوەیەی نییە و "فەتوای" ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێگری لە دروستکردنی بۆمب و چەکی ئەتۆمی کردووە، هەرچەندە "فەتواکە دەتوانێت بگۆڕدرێت".
ئاغامیری کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک زانایەکی ئەتۆمی ناوی دەبات، هەروەها باسی شەوی یەکەمی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی کرد و وتی ئەو شەوە، شەش کەس لە هاوکارانی لەدەستدا.
ئەو لەم چاوپێکەوتنەدا کە ئێوارەی چوارشەممە پەخشکرا، وتی ئەگەر بڕیار بێت ئێران بۆمبی ئەتۆم دروست بکات "بە باشترین شێوە دەتوانێت ئەم کارە بکات" و ئەوەشی زیاد کرد کە "گرنگترین بەشیش بۆ ئەم کارە هەر پیتاندنەکەیە".
ئەو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بەرپرسان و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران هەرگیز بیریان لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووەتەوە یان نا، دەڵێت بێگومان ئەمە لە مێشکی هەموو زاناکاندا بووە، "بەڵام فەتوای خامنەیی ڕێگری لەوە کرد".
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دژایەتی چەکی ئەتۆمی دەکات. لە 20ی شوباتی 2009 وتی: ئێمە باوەڕمان بە بۆمبی ئەتۆمی نییە، چەکی ئەتۆمیمان نییە؛ بەدوایدا ناڕۆین، بە پێی باوەڕە بنەڕەتییەکانمان، بنەما ئاینییەکانمان، بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئامرازانەی لەناوبردنی بەکۆمەڵ بە تەواوەتی قەدەغەیە؛ ئەمە لەناوبردنی خاک و نەوەکانە، کە قەدەغەیە لەلایەن قورئانەوە، ئێمەش کار بۆ ئەمە ناکەین”.
ئاغامیری ئاماژەی بەوەشکرد، کە خۆی و زانایانی دیکەی ئەتۆمی "لە دۆخێکدا نەبوون" و "نەیانویستووە" داوای گۆڕینی فەتواکەی لە خامنەی بکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، وەک پێشتر وتوویەتی، "ئەو موجتەهیدە و ئەوەش فەتوایە و هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت فەتوا و بۆچوونەکەی بگۆڕێت".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ناتوانرێت خوێندکار لە زانستی ئەتۆمی ڕابهێنرێت و فێری نەکەیت چۆن بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات. لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەر حاڵەتێکدا "ئەگەر وڵات پێویستی پێی هەبێت، هەموو شتێک دەکرێت".
ئاغامیری لە بەشێک لە لێدوانەکانیدا کوشتنی پرۆفیسۆر و شارەزایانی ئەتۆمی ئێرانی بە "زۆر زیانبەخش" ناوبرد، بەڵام وتی: شارەزایانی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لەم هێرشانەدا نەکرانە ئامانج، هەروەها ئێران هێشتا توانای نۆژەنکردنەوەی هەیە، چونکە ئەو زانستەی هەیە.
ناوبراو لەناوبردنی فۆردو و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام وتی ئەگەر ئەمریکا ڕاست دەکات کە دەڵێت دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە تەواوی لەناوبردووە، “ئەوا بۆچی وازناهێنن؟”
لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێران، لانیکەم ١١ زانا و پسپۆڕی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کوژراون.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ لە تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی، ئاستی پاراستن بۆ شارەزایانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردبوو.
بە کوژرانی شارەزایانی ئەتۆمی و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، مشتومڕ لەسەر سیخوڕی بەربڵاوی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێران توندتر بوو. لەوانەش دزەکردنی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی بەربڵاو لە ناوخۆی ئێران کە دەگوترا هۆکارێک بووە بۆ سەرکوتکردنی بەرگری و مووشەکهاوێژەکانی ئێران لە کاتی شەڕدا.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، حکومەتی ئێران ژمارەیەک کەسی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل لەسێدارە داوە.