پارتی دیموکراتی کوردستان، بە درێژایی حەفتا و نۆ ساڵ تەمەنی پڕ لە خەبات و قوربانیدان، بە کردار سەلماندوویەتی کە هەمیشە سەرمەشقی ئاوەدانی و ئارامی بووە لە هەرێمی کوردستان. ستراتیژییەتی ئاوەدانی و بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ڕەنگدانەوەی ڕوون و ئاشکرای سیاسەتی ئەم حیزبە نیشتمانپەروەرەیە. باوەڕی پتەو بە بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر، هاندەری سەرەکی پارتی بووە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەڕ لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بە ناوچەی کوردستان.
ئارامییە بێوێنەکەی هەرێمی کوردستان، کە جێگەی بایەخی هەموو جیهان، لە دیدگا و ئەجێندای سیاسیی پارتییەوە سەرچاوە دەگرێت. قوربانیدانی بێسنووری پارتی لەپێناو تەناهی و سەقامگیریدا، دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیان لە پێشینەی کارەکانی ئەم حیزبەدایە. پێشەنگایەتی پارتی لە پاراستنی کوردستان و قوربانیدان لەپێناو خاک و نیشتمان، وانەیەکی گەورەیە کە دەبێت هەمووان لێیەوە فێر ببن.
مێژووی پارتی پڕە لە هەوراز و نشێو، لە خۆڕاگری و بەرپەرچدانەوەی عەقڵییەتی داگیرکاریی نەیارانی کوردستان. خۆڕاگریی پارتی لە دۆخە دژوارەکاندا، هەوێنی پاراستنی دەستکەوتە بە خوێن بە دەست هاتووەکانی گەلی کوردستان بووە. ئەم خۆڕاگرییە، گەرەنتی مانەوە و بەردەوامبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و شاڕێگەی کارکردنی پارتییە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر.
پارتی: حزبی هەمووان، پارێزەری دەستکەوتەکان
پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبی هەموو چین و توێژەکانی کوردستانە. حەفتا و نۆ ساڵە پشت و پەنای کوردستانییانە و لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا لەگەڵ گەلەکەیدا بووە. ستراتیژی سەرەکیی سیاسەتی پارتی، بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و پاراستنی دەستکەوتە بە خوێن بەدەستهاتووەکانی گەلی کوردستانە، بەتایبەتیش پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و قووڵکردنەوەی ئەزموونی حوکمڕانی.
ئێستاش، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێکی مێژوویی و چارەنووسساز هەنگاو دەنێت، کوردستانییان هیوایان لەسەر سەرکەوتنی پارتی هەڵچنیوە. چونکە پارتی وەکوو هەمیشە پارێزەری ماف و داخوازیی هاونیشتمانیانی کوردستانە و بەرگریکاری ڕاستەقینەی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانە. لەم پێناوەشدا، پارتی باوەڕی تەواوی بە پەیڕەوکردنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی، و سازان هەیە لە بەغدا، بۆ مسۆگەرکردنی ماف و شایستەکانی گەلی کوردستان و بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیرتر.
ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە مایەی شانازی، بەرهەمی سیاسەتی حەکیمانە و دووربینانەی پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئامانجی سەرەکیی پارتی هەمیشە ئەنجامدانی چاکسازی، چارەسەرکردنی گرفت و ئاڵنگارییەکان، و پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بووە.