دواین هەواڵ

لە لوبنانەوە بۆ عێراق.. تەواوبوونی دیمەن و جوگرافیای ململانێکان

‌ئەبوبەكر كاروانی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی ئەمریکا (مارک ساڤایە)ی بە نەژادکلدانی عێراقیی، وەک نوێنەری تایبەتی خۆی   بۆ عێراق دیاری کرد. ئەم ڕێۆ شوێنە، گەرچی لە ڕوانگەی مێژووی سەرۆکایەتی ئەمریکا و دونیا و ناوچەکەدا نوێ نییە، بەڵام لە سۆنگەی کۆمەڵێ هۆکارەوە لەوانەش، دۆخی ئاوارتەو هەڵایساوی  خۆرهەڵاتی ناوەڕاست،  درێژەکێشانی کێشەکانی عێراق و بونی بە بەشێک  لە جوگرا فیای ململانێکان لە ناوچەکەدا، واتا و ئاماژەی  تایبەت بە خۆی هەیە.   وادەبینم ئاماژە بێت بە، دەستپێکی سەرەپێچێکی نوێ لە دۆخی عێراق وناوچەکەدا، ئەگەری قووڵبوونەوەی زیاتری ململانێکان و تێوەگلانی عێراق،  هەڵکشانی گرژییەکان و بەشداربوونی زیاتری ئەمریکا
لە ئاراستەکردنی  گۆڕانکارییە چاوەروانکراوەکان و واقیعی ناوخۆی عێراقدا.

  ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، لە سایەی نەبوونی باڵوێزی  واشنتۆن لە بەغدا، تەواو بوونی کاری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەی گرتووەکان لەعێراقدا، شکستی هەوڵەکانی بینینی ترەمپ لە لایەن  سۆدانییەوە لە ماوەی پێشوودا، سەروبەندی هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی عێراق و بەشداریکردنی نا ڕاستەوخۆی ئەمریکا تیایدا، بە تایبەتیش لە ئاستی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنجامەکانیدا، ناکامی داواکاریی پێشووتری واشنتۆن بۆ چەکداماڵینی گروو پەچەکدارە ئایدۆلۆژیستە شیعە عێراقیە کان، ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ڕەنگە ئەمریکا و ترۆیکای ئەورووپیشدا، بە سەر یەکەوە پێمان دەڵێن، کە عێراق و ناوچەکە  لە بەردەم بەرکەوتەیەکی بە ئازار بەخشی نوێدان، بە تایبەتیش لە چوارچێوەی ستراتیژ و دروشمی نوێی ترەمدا کە، چەسپاندنی ئاشتییە لە ڕێگەی هێزەوە. واتە ئەگەر حکوومەتێک  ئەوەی لێی داوا دەکرێت سەبارەت بە چەکداماڵینی گرووپەکان،  جێگۆڕکەی جیۆسیاسی،  دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانێتیەکان و خۆ پێناسە کردنەوە،  خۆی نەیهێنێتەدی و ئەنجامی نەدات،  ئەوا ئەمریکا  بە شێوازی جیاواز و تایبەتی خۆی و بەیارمەتی چنگ ونینۆکەکانی ئیسرائیل ئەو کارە دەکات.  حوکمی حکومەت و دەوڵەتێکی  شکستخواردووشی بە سەردا دەدات. بە حوکمی ئەوەی کە دەخوازێت، ناو چەکە بە شکڵ و سیمایەکی نوێوە دابڕێژێتەوە، هەربۆیە ئەوەی ئامادەی خۆگۆڕین  لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم گۆڕانکارییەدا نەبێت،  خۆی لێنەبان بکات و پارێزگاری لە دۆخی کۆن و هاوکێشەکانی بکات، وەک بەربەست و دوژمن سەیری دەکات و هەوڵ دەدات بە هێز گۆڕانکاری بەسەردا بسەپێنێت

خو ئەگەر دەرفەتی مانەوەی بۆ ماوەیەک پێ درا،بۆ ئەوە نییە تا سەر  بەو جۆرە بمێنێتەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە وەك نموونەیەکی خراپ و ناکارا و شکستخواردوو بێ ئاسۆی دۆخی کۆن نیشان بدرێت، تاکو ببێت بەرەمزی درێژەپێدان بە ئازار و نەهامەتی  مەینەتیەکان و دواجاریش پاساوی کۆتاییپێهێنانی.
لەرووێکی ترەوە، بە دیاریکردنی ئەم نوێنەرەی سەرۆکی ئەمریکا، دیمەنەکە لە لوبنانەوە بۆ عێراق تەواو دەبێت، ساڤایە دەبێتە تەواو کەری کارەکانی تۆم باراك، بەوەش، جوگرافیای ململانێکان و ئاراستەی  گۆڕانکارییەکان ڕوونتر دەبێتەوە.

 حکوومەتی عێراقیش لە سایەی ناکامی چەمکی دەوڵەت و نەبوونی سەروەری ناو خۆیی و دەرەکی  ڕاستەقینە،  لەسۆنگەی هەلومەرجی ناوخۆیی،  ناسنامە و پاشخانی سیاسی و فکری و مەزهەبیی هێزە باڵا دەست و بڕیار بە دەستەکانی، توانای مانۆڕ و بە دەستەوەگرتنی دەستپێشخەری زۆری نییە. بە هۆی چەکی دەستی گرووپەکان، هەڵوێستی هێزە بنەرەتیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڤیتۆی هەندێ لە دراوسێکان، دابەشبوون لەسەر ئاستی پێکهاتەکان، دەست و پێبەستران بە هۆی هەندێ یاسا و ڕێسا و هاوسەنگییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسی خۆی بەواتای وشە لەدەستی خۆیدا نەماوە.

بە واتایەکی تر، ئەوەی لە دووجەمسەرە دژ بەیەکەی ناوچەکە لە عێراق داوا دەکرێت، لە تواناکانی ئەو گەورەترە، بۆیە، داواو تەرحەکان لەم چوار چێوەدا بەگوێرەی پێویست  فۆرمی گفتوگۆو وتوێژی ڕاستەقینە بەخۆوە ناگرن، هێندەی قسەکردنن لەسەر کات وجۆری وەڵامدانەوە بەداخوازییە یەکلاکەرەوە و هووشیار پێدانەکان، هەروەها چارەنووس بەستنەوە بە ئاکامی ڕەوتی ململانێکان، داوای رێککەوتن وچارەسەری مام ناوەندی نیین.
 ئەمریکا داوای لێدەکات لە چوار چێوەی دۆخی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی  بگونجێنێت.  هاوپەیمانە هەرێمایەتییە کەشی، ڕێک بە پێچەوانەوە، داوای خۆڕاگری و درێژەدان بە دۆخی ڕابردوو پارێزگاریکردن لە ڕۆڵ و ناسنامە و دەوری ئێستای لێ دەکات، بەڵکوو زیاد لەوەش چاوی لەوەیە، لە جەنگی هەرمەجەدۆنی چاوەڕوان کراوی شیعەی سیاسی ناوچەکەدا، شوێنگەی ئێستاش  بەقازانجی هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ وبەبڕشتر بە جێ بهێڵێت و ببێتە بەشێکی بنەڕەتی ململانێ و جەنگەکان و بە تەواوەتی  بەلای بەرەی خۆڕاگری لەهەڵقە هەرە توندەکەیدا،خۆی
 یەکلا ییبکاتەوە

ئەمە ئەمەش پێمان دەڵێت، ئەولەیەکتر تێگەیشتن و رۆڵ دابەشکردنەی نێوان دژبەرەکان لەعێراقدا، کەچەندین ساڵ بوو ئەم وڵاتەی پێوە بەڕێوە دەچوو، لەکۆتاییەکانی خۆی نزیکدەبێتەوە، کە هێندەی تر شانی کاربەدستانی عێراق یاخود بەشێ لەوان بۆ درێژەدان بە  پەیرەوکردنی سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان جەمسەرە دژبەیەکەکاندا  قورستر دەکات. بە تایبەتیش لەو سۆنگەوە،  کە ئەگەر هەندێ لە بڕیاردەستەکان بژاردەیەکی جیاوازیشان هەبێت،بەئاسانی توانای بڕیاردانیان نییە، ئەگەر توانای بڕیار دانیشان بۆ پەیدا ببێت، بە گوێرەی پێویست توانای جێبەجێ کردنی  بڕیارەکەیان نییە.   بەتەواوەتیش لەوە دڵنیا نین، کەئەگەر  کارێکی لەوجۆرە بکەن، داخۆ دەتوانن وەک بەشێك لە جوگرافیای هێز و حوکمڕانی پاش گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان حسابیان
بۆ بکرێت و بمێننەوە، یاخود تەنها دەورێکی وەزیفی کاتیان پێ دەبسپێرێت و دواتر لە دیمەن و شانۆکە دەکرێنە دەرەوە؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP