دواین هەواڵ

پێشنيارەکەی تڕەمپ بۆ کۆتایی هێنانی جەنگەکەی غەززە

‌رەنج نەوزاد

پێش 2 هەفتە

بە گشتی دەکرێت بڵێين ٩٥٪ی پێشنيارەکەی تڕەمپ لەگەڵ ويستی نەتانياهۆ دەگونجێت، تەنانەت لە ٥٪ەکەی تريش دەرەفەت بە ئيسرائيل دراوە یاری تیا بکات. هەر بۆیە نەتانياهۆ پێشنيارەکەی قبوڵ کرد. پێشنيارەکە واقعييە، دەبێت زۆربەی بە پێی خواستی لایەنی براوە و بەهێز بێت، لایەنی دۆڕاو و لاواز و وێرانبوو دەبێت باجی قوورس بدات.

گرنگترين خاڵەکانی پێشنيارەکە:

١. جەنگ دەوەستێت و لە ماوەی چەند ڕۆژێک هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن.

٢. حەماس چەک دادەنێت. ژێرخانی سەربازی لە غەززە لەناودەبرێت

٣. ليژنەیەکی فەڵەستينی (بێ بەشداری دەسەڵاتی فەڵەستينی و حەماس) و عەرەبی و نێودەوڵەتی دادەنرێت بۆ بەڕێوبردنی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی. دەستەیەکی نێودەوڵەتی، بە سەرۆکایەتی تڕەمپ، تۆنی بلێر ئەندامە، چاودێری کارەکانی ئەو ليژنەیە دەکەن.

٤. حەماس بە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لەو ليژنانە نابێت بەشدار بێت و هيچ ڕۆڵێکی نابێت لە ئايندەی غەززە. ٤. سوپای ئيسرائيل بە چەند قۆناغێک دەکشێتەوە لە غەززە. (کات ديارينەکراوە، وەک بابەتی کشانەوەی سوپای ئيسرائيلە لە لوبنان و سوريا، ئيسرائيل خۆی بڕيار دەدات).

٥. خەڵکی غەززە بە ئارەزوی خۆیان دەبێت ئایا دەمێننەوە یان کۆچ دەکەن.

جێبەجێکردنی پێشنيارەکە لە واقعدا واتە غەززە لە ڕووی ئەمنی و سەربازييەوە لە ژێر دەسەڵاتی ئيسرائيل دەبێت، لە ڕووی ئيداری و مەدەنييەوە لای ئەو ليژنانە دەبێت کە ئيسرائيل چاودێرييان دەکات. هاوکات غەززە دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی، نەک فەڵەستينی، ئەمريکا سەرپەرشتياری دەکات. چونکە کەمترين ڕۆڵ بە دەسەڵاتی فەڵەستينی دراوە.

حەماس تەنيا لە یەک کاتتدا پێشنيارەکە قبوڵ دەکات، ئەگەر قەتەر فشارێکی زۆر و هەڕەشەیان لێ بکات، ئەگەرنا، بە دڵنياییەوە ڕەتی دەکاتەوە، یاخود داوای دەستکاريکردن و هەموارکردن دەکات، هەرچەند دەرەفەتی هەموارکردنی تيا نييە، چونکە تا ڕادەیەکی زۆر کۆی پێشنيارەکان دژی حەماسە و لە بەرژەوەندی ئيسرائيلە.

دەرەفەتی ئەوەش نييە حەماس وەک سياسەتێک ڕەزامەندی خۆی دەرببڕێت بۆ کۆتایی هاتنی جەنگەکە و پاشان بۆ مەسەلەی چەکدانان و تەسليم بوون خۆی بدزێتەوە و بە تێپەڕبوونی کات دووبارە بگەرێتەوە. چونکە سوپای ئيسرائيل لەناو غەززە دەمێنێتەوە و خۆی چاودێری پڕۆسەکە دەکات.

تڕەمپ ڕايگەياند ئەگەر حەماس قبوڵی نەکات، ئەوا نەتانياهۆ دەتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت کە خۆی دەيەوێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP