دوای دوو ساڵ لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لەگەڵ پاشهاتەکانی ئەو بوومەلەرزە سیاسییەدا دەژی کە نەخشەی ئەمنی و دیپلۆماسیی ناوچەکەی سەرلەنوێ داڕشتەوە. هێرشەکەی حەماس تەنها خولێکی تری ململانێ نەبوو، بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو، گریمانە کۆنەکانی تێکشکاند و قۆناغێکی نوێ و نادیاری هێنایە ئاراوە.
پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، ناوچەکە لەسەر ڕێڕەوی ئاساییکردنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان بوو.
ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام لە فراوانبووندابوون و لەوەدەچوو ڕێککەوتنێکی مێژوویی ئاساییکردنەوە لە نێوان سعودیە و ئیسرائیل نزیک بێت.
ئەم پرۆسەیە بەڵێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێی دەدا کە لەسەر بنەمای تەواوکاریی ئابووری و نیگەرانییە ئەمنییە هاوبەشەکان دامەزرابوو، دۆزی فەڵەستین بە تەواویی پەراوێز خرابوو. هێرشەکەی حەماس بە شێوەیەکی کتوپڕ کۆتایی بەمە هێنا! دۆزی فەڵەستینی خستەوە هێنایەوە چەقی کارنامەی جیهانی و ئاکتۆرە هەرێمییەکانی ناچار کرد ستراتیژەکانیان سەرلەنوێ هەڵسەنگێننەوە، جەنگ جێگای ئاشتی گرتەوە!
هەڵسەنگاندنی براوە و دۆڕاوەکان:
پێچەوانەی چاوەڕوانییە سەرەتاییەکان، ململانێکە هیچ براوەیەکی ئاشکرای نەبوو! لە بەرامبەردا، خاڵە لاوازەکانی هەموو یاریزانە سەرەکییەکانی دەرخست.
گەورەترین دۆڕاوەکان: ئێران و " بەرەی مقاوەمە - بەرگری": لە کاتێکدا هێرشەکە سەرکەوتنێکی تاکتیکی بوو بۆ حەماس، بەڵام دەرکەوت کە پاشەکشەیەکی ستراتیژییە بۆ پشتیوانەکەی، ئێران، و "بەرەی مقاوەمە" بە گشتی. وەک زۆرێک لە چاودێران باسیان کردووە؛ "بەرەکە" ڕاکێشرایە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتر کە نەیدەتوانی بە تەواوی کۆنترۆڵی بکات، ئەمەش سنوری هێز و تواناییەکانی دەرخست. بەشداریی دیاریکراو و سنوورداری حیزبوڵڵا لە لوبنانەوە ڕەخنەی ناوخۆیی لێکەوتەوە و ترسی جەنگێکی گشتگیری نیشاندا کە بۆی هەبوو وڵاتەکە وێران بکات.
ستراتیژی ئێران بۆ بەکارهێنانی بریکارەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا بەبێ تێوەگلانی ڕاستەوخۆ، کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، حیزبوڵڵای کرد بە یەکێک لە "قوربانییە" سەرەکییەکانی واقیعی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر.
تێکشکانی شکۆمەندیی ئیسرائیل: بۆ ئیسرائیل، ٧ ی ئۆکتۆبەر؛ شکستێکی کارەساتباری هەواڵگری و ئەمنی بوو، خراپترین بوو لە دوای جەنگی ١٩٧٣ەوە.
هێرشەکە هەستی سەروەریی تێکشکاند و دابەشبوونێکی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناوخۆی وڵاتەکەدا دروست کرد. جەنگی دواتر لە غەززە، سەرەڕای توندوتیژییە سەربازییەکەی، ئیدانەی نێودەوڵەتی و گۆشەگیریی دیپلۆماسیی بێوێنەی بەدوای خۆیدا هێنا، و پێگەی ئیسرائیلی لە ناوخۆ و لەسەر شانۆی جیهانیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕی.
پەراوێزخستنی دەسەڵاتی فەڵەستینی: دەسەڵاتی فەڵەستینی خۆی زیاتر لە پەراوێزدا بینییەوە، و بێ کاریگەریی خۆی سەلماند چ لە ململانێکەدا و چ لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی دواتردا. هێرشەکە و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل هەر هیوایەکی مابووی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت لەسەر بنەمای چوارچێوەی ئۆسلۆ لەناوبرد، و دەسەڵاتی فەڵەستینی بە دەسەڵات و شەرعییەتێکی کەمەوە بەجێهێشت.
ئاماژەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ و ناسەقامگیر:
. ناوچەکە لەسەر تولە رێگای پەرەسەندنی ناسەقامگیریی زیاتر و گواستنەوەیەکی سەخت بۆ پێناسەکردنەوەی سیستەمێکی نوێ، رێدەکات!
"غەززە: داهاتووی غەززە وەک بەپەلەترین و چارەسەرنەکراوترین پرس دەمێنێتەوە. مشتومڕەکان، وەک توێژەران ئاماژەی پێدەکەن، بەردەوامن لەسەر "سوودی" مانەوەی حەماسێکی لاواز لە بەرامبەر لەناوبردنی تەواوەتیدا. هەر سیناریۆیەک بۆ حوکمڕانی دوای جەنگ پڕە لە ئاستەنگ، و هیچ ئەکتەرێکی ڕوون و گونجاو ئامادە نییە کۆنترۆڵ بگرێتە دەست!
وڵاتانی کەنداو: بۆ خەڵکانی کەنداو، ململانێکە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بوو. ئەوان، ناچار بوون هاوسەنگی لە نێوان پابەندبوونی مێژووییان بە دۆزی فەڵەستین و بەدواداچوونی پراگماتیانەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان و سەقامگیریی هەرێمیدا ڕابگرن. جەنگەکە ئەو باوەڕەی لایان بەهێزتر کرد کە ئاسایشی درێژخایەن لە گەشەپێدانی ئابووری و کەمکردنەوەی گرژییەکاندایە، نەک لە ململانێی بەردەوامدا.
ئەنجام؛ ناوچەیەک لە گۆڕاندایە؛ لە لوبنانەوە، کە هێڵی نێوان دەوڵەت و "بەرگری" بووەتە هێڵێکی شکاوی مەترسیدار، تا دەریای سوور، و هێرشەکانی حوسییەکان کەوا بوونەتە مەترسی بۆسەر بازرگانیی جیهانی، تەواوی ناوچەکە گۆڕاوە. یاسا کۆنەکان چیتر کار ناکەن، بەڵام چوارچێوەیەکی نوێ و سەقامگیر هێشتا دەرنەکەوتووە. دوای دوو ساڵ، میراتی ٧ی ئۆکتۆبەر سەرکەوتن یان شکست نییە، بەڵکو نادڵنیاییەکی قوڵ و مەترسیدارە و بۆ ساڵانێکی زۆر دەبێتە پێناسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ!