نەخشەکەی خوارەوە پێشنياری ئيسرائيلە بۆ ریککەوتن لەگەڵ سوريای جۆلانی. دەوترێت جۆلانی ڕازی بووە، هەر چەند جارێ بە فەرمی ئيمزا نەکراوە، بەڵام دەستکراوە بەجێبەجێکردنی بەشێک لە ڕێککەوتنەکە لە لایەن سوریاوە.
باشووری سوريا دابەش کراوەتە سەر سێ ناوچە، شينەکە: شينە تۆخەکە ناوچەی جۆلانە، لە دەرەوەی گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانە، وەک خاکی ئيسرائيل مامەڵەی لەگەڵ کراوە. شينە کاڵەکە ناوچەی( Buffer zone) لە لایەن ئيسرائيل و هێزێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوە دەچێت. جبل الشيخ و بەشێک لە پارێزگای قونەيترە دەگرێتەوە. لەو ناوچەیە سەربازگەی ئيسرائيل دەمێنیتەوە، تا ئەو کاتەی دۆخەکە ئارام دەبێتەوە و وردە وردە دەکشێنەوە. بەڵام لە "جبل الشيخ" کە بەرزترين ناوچەیە لە نێوان سوريا و لوبنان و ئيسرائيل، بۆ کاتێکی ناديار بنکە سەربازييەکانی ئيسرائيل دەمێننەوە. وا ديارە ئەو ناوچەیە لەگەڵ جۆلان دەبێتە بەشێک لە ئيسرائيل.
ناوچە زەردەکە دەبێت تەنيا پۆليسی سوری لێ بێت، سوپا و چەکی قوورس قەدەغەیە لەو ناوچەیە هەبێت. واتە لە باشووری ديمەشقەوە تا سنووری ئيسرائيل، سوريا بۆی نييە سوپا و چەکی قوورس دانێت.
ناوچە سوورەکە، ناوچەی دژە فڕين دەبێت، بەڵام لە لایەن ئيسرائيلەوە چاودێری دەکرێت. واتە لەو ناوچەیە تەنيا ئيسرائيل بۆی هەیە فڕۆکە بەکاربێنێت. تەنانەت فڕۆکەیەکی ئەمريکيش ئەگەر لەو ناوچەیەوە تێپەڕێت، پێويستە ئيسرائيل ئاگادار بکاتەوە. سوريا لە ديمەشقەوە تا سنوورەکانی ئيسرائيل بۆی نييە فڕۆکە و درۆن و کۆپتەر بەکاربێنێت، مەگەر بە ئاگاداری و ڕەزامەندی ئيسرائيل.
شایەنی باسە، بۆ ناوچەی سوەيدا، هەر چەند سەر بە ناوچەی سوورە، بەڵام تايبەتمەندی خۆی هەیە. لەوێ دەبێت پۆليسەکانيش سەر بە درووزەکان بن، تەنيا لەسەر ئاستی فەرمی سەر بە ديمەشق دەبن، ديمەشق لەوێ سوپا و چەکی سوکيشی نابێت. لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی دەرعا و قونەيترە و باشووری ديمەشق، دەزگا ئەمنييەکانی سوريا دەتوانن بە چەکی سووکەوە ئامادە بن.
ئەگەر جۆلانی ڕازی ببێت بەم ڕێککەوتنە، ئەوا ئيسرائيل بۆردومان و ئۆپراسيۆنی سەربازييەکانی کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدات، دەيوەستێنێت. ئەگەر جۆلانی ڕازی نەبێت، ئيسرائيل بەردەوام دەبێت لە بۆردومان و ئۆپراسيۆنەکانی.
هەڵوێستی تورکيا
تورکيا پێش وەخت ڕازی بووە و دەيزانی ڕووخانی ئەسەد و هێنانی جۆلانی لە لایەن ئيسرائيلەوە ئەو مەرجانەی هەبووە. بەڵام تورکيا دەيەوێت تەنيا ئەو ناوچانە لەژێر هەژموونی ئيسرائيل بێت، ناوچەکانی تری سوريا بۆ تورکيا بێت.
کێشەکان چين؟
ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، پێشنيارەکەی ئيسرائيل، بريتييە لە ڕێککەوتنە فەرمی و ئاشکراکە، دەوترێت ڕێککەوتنێکی نهێنی لەپاڵ ئەو رێککەوتننە هەیە. ئيسرائيل لەوێدا مەرجەکانی کۆی سوريا دەگرێتەوە، بۆ نموونە داوا دەکات کە سوريا نابێت سوپایەکی بەهێز و گەورەی هەبێت. نابێت دەوڵەتێکی مەرکەزی بێت. هاوکات، ناوچەی دژە فڕين، لە رێککەوتنە نهێنييەکە دەبێت تا تەنەف و سنووری عيراق بێت بۆ ئەوەی فڕۆکەکانی ئيسرائيل بەردەوام بتوانن لە ئيسرائيلەوە بە ئاسانی بگەنە تاران. وەک لە شەڕی دوانزە ڕۆژ ڕوويدا، تەنانەت ئەگەر هەیە فڕۆکەکانی ئيسرائيل بۆ بۆردومانکردنی قەتەر ڕێگای سوريا پاشان عيراق و کەنداويان بەکارهێناوە.
شایەنی باسە، ئەوەی پێی دەوترا هيلالی شيعی و ميحوەری مقاوەمە کە ئێران کۆنتڕۆڵی کردبوو و لە ڕێگەیەوە دەکشا بە ناوچەکەدا، ئێستا بوەتە ڕێگایەکی سەرەکی و ئازاد و ئاسان بۆ فڕۆکەکانی ئيسرائيل. بە پێچەوانەی تۆمەت و چەواشەکارييەکانی ميحوەری مقاوەمە، ئاسمانی ئوردن و کەنداو بەکارنایەت بۆ لێدان لە بەرەی ئێران، بەڵکو ئاسمانی هيلالی شيعی بووەتە ڕێگای سەرەکی بۆ هێزی ئاسمانیی ئيسرائيل.
بە کورتی لە پاش ڕووخاندنی ئەسەد و پاشان شەڕی دوانزە ڕۆژە، ڕێگای تەل ئەڤيڤ-تاران درووستکراوە، واتە ئيسرائيل-سوريا-عيراق-ئێران. لە سوريا سيستەمی بەرگری و ڕادار نەماوە، لە عيراق نييە، لە شەڕی دوانزە ڕۆژە لە ئێرانيش لەناوبرا. ئەم ڕێگایە سوپای ئيسرائيليش بە فەرمی ڕايگەیاندووە کە دەبێت بمێنێتەوە، ئيسرائيل پێی وایە هەر چاودێری و درووستکردنی ڕێگرييەک بۆ ئەم ڕێگایە، هەڕەشەیە لە ئيسرائل. ئەگەر عيراق سيستەمی بەرگری و ڕاداری پێشکەوتوو درووست بکات لەسەر ئەو ڕێگایە، بە دڵنياییەوە ئيسرائيل لەناویان دەبات.
جۆلانی و تورکيا و سعودييە نيگەرانن لە داواکارييەکانی ئيسرائيل لە رێککەوتنە نهێنييەکە، نەک لە ڕێککەوتنە فەرمی و ئاشکراکە، ئەوەی لە خوارەوە وێنەکەی دانراوە.
ئەوەی پێی دەڵێن ڕێڕەوی داود، تا ڕادەیەکی زۆر ئاسمانەکەی درووستکراوە، ئەگەر هەیە لەسەر زەويش درووست بکرێت بە هاوکاری درووز و کورد. بە تايبەت ئەگەر سوريا تووشی نا سەقامگيرييەکی تر ببێت، هاوشێوەی دۆخی کۆمەڵکووژييەکەی چەتەکانی جۆلانی دژ بە درووز و عەلەوييەکان. ئەو ڕێگایە نەک تەنيا بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو بۆ باشوری کوردستانيش دەرەفەت و دەستکەوتێکی ستراتيژی و مێژوویی و گەورە دەبێت.