سبەی ساڵيادی جەنگی ١٩٧٣یە لە نێوان ئيسرائيل لە لایەک، ميسر و سوريا بە هاوکاری وڵاتانی عەرەبی، لە لایەکی تر. لە ميسر بە جەنگی ئۆکتۆبەر ناسراوە، لە ئيسرائيل بە جەنگی ڕۆژی لێخۆشبوون. تێگەيشتن لەم جەنگە و لێکەوتەکانی دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەيشتن لە پەيوەندی نێوان جەنگ و سياسەت و دەستکەوتی ستراتيژی، بۆ هاوکێشەی سياسی لە ناوچەکە و زۆر گۆڕانکاری تر، تەنانەت نموونەیەکی گونجاوە بۆ قوورسێتی پێشبينیکردنی ڕووداوە سياسييەکان.
کيسنجەر کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەو جەنگەدا، لە کتێبەکانيدا بە وردی باسی دەکات. لەو کاتە ڕاوێژکاری ئاسايشی نيشتيمانی و وەزيری دەرەوەی ئەمريکا بوو، لە هەردوو پۆستەکەدا بە کاريگەرترين، یان بە یەکێک لە کاريگەرترين سياسييەکانی مێژووی ئەمريکا دادەنرێت. کيسنجەر دەڵێت بە پێی زانيارييەکانی مۆساد و سوپای ئيسرائيل و سی ئای ئەی و ئەنجوومەنی ئاسايشی نيشتيمانیی ئەمريکا، هاوکات بە پێی پێشبينی و زانيارييەکانی خۆی، ميسر هێرش ناکاتە سەر ئيسرائيل. لە بەرەبەيانی ٦ی ئۆکتۆبەر، یەکەم ڕۆژی جەنگەکە، ئيسرائيل ئەمريکا ئاگادار دەکاتەوە لەوەی سوپای ميسر جوڵەیەکەی سەير و گوماناوی و گەورەی دەستپێکردووە لە نزيک سينا. کيسنجەر خەوتووە، پەيوەندی پێوە دەکرێت، ئەو دەڵێت با ئيسرائيل هيچ نەکات، چونکە ميسر هێرش ناکات. تەنانەت تا سەعاتێک پێش هێرشەکە کيسنجەر هەمان ڕای هەیە. دوای ماوەیەکی کورت ئيسرائيل ئەمريکا ئاگادار دەکاتەوە لەوەی ميسر لە سيناوە، سوريا لە جۆلانەوە دەستیان بە هێرش کرد و ئيسرائيل جەنگی ڕاگەياند.
کيسنجەر سەبارەت بەو هەڵەیە لە پێشبينی و هەڵسەنگاندنی خۆی و دەزگا هەواڵگری و سەربازييەکانی ئەمريکا و ئيسرائيل، دەڵێت پێشبينی و هەڵسەنگاندنەکان و زانيارييەکان سەبارەت بە ئەنوەر سادات و سوپاکەی لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە ميسر بە هيچ پێوەرێک ناتوانێت جەنگ لە ئيسرائيل بباتەوە و سينا بەدەست بهێنێتەوە. پاشان دەڵێت بەڵام سادات مەبەستی لەو جەنگە نە بردنەوە بوو نە بەدەستهێنانەوەی سينا بە شەڕ! تەنيا مەبەستی بوو پرسی سينا و پەيوەندی ئيسرائيل و ميسر لەسەر ئاستی جيهان بجوڵێنێتەوە بۆ ئەوەی لە کۆتاييدا بگەن بە ڕێککەوتنێک. کيسنجەر دەڵێت نە خۆی نە دەزگا هەواڵگریيەکان بيريان لەوە نەکردەوەتەوە دەکرێت سەرۆکێک جەنگێک ڕابگەيەنێت بێ ئەوەی بيەوێت بيباتەوە یان خاکی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. پێی وایە هەڵسەنگاندەنەکان پشتی بە فاکت و زانياری لەسەر هێز و توانای سوپای ميسر بەست بوو، بەڵام کەس نايزانی لەناو مێشکی سادات چی هەیە. ئەم ڕووداوە ئەوە دەردەخات کە پێشبينی و خوێندنەوەی ڕووداوە سياسييەکان تەنانەت بۆ کيسنجەر و مۆساد و سی ئای ئەی هەندێک کات قوورسە و هەڵەی تیا دەکەن.
بە کورتی، جەنگەکە لە ٦ی ئۆکتۆبەر تا ٢٤ی ئەو مانگە بەردەوام دەبێت. لە سەرەتای جەنگەکە ئيسرائيل لە دۆخی شۆکبوون بوو، ميسر و سوريا پێشڕەوی دەکەن و دەستکەوتی مەيدانی باش بەدەست دەهێنن. سوپای ميسر گەيشتە ناو سينا، سوپای سوريا گەيشتە ناو جۆلان. (کەسيان نەگەيشتنە ناو خاکی ئيسرائيل). بەڵام لەڕۆژانی کۆتاییەکانی جەنگەکە ئيسرائيل بە هێرشێکی پێچەوانە سوپای سوریای لە جۆلان دەرکردەوە و تا ناو قونەيترە ڕۆيشت و ديمەشق کەوتە ناو سنووری تۆپهاوێژەکانی ئيسرائيل. لە سيناوە پشتی لە سوپای ميسر گرت و گەيشتە دووری ١٠٠کم لە قاهيرە. خاڵی وەچەرخان بۆ ئيسرائيل لە جەنگەکە ڕۆژی ١٤ی مانگ بوو، بەشێکی گەورەی سوپای ميسر دەکەونە ناو بۆسەیەکی سوپای ئيسرائيل و ٢٥٠ تانکی ميسری تێکدەشکێت لەو بۆسەیەدا. جڵەوی ڕووداوەکان دەکەوێتە دەست ئيسرائيل و لە کۆتاييدا سادات ئاگربەست قبوڵ بکات. زیانە ماددی و مرۆییەکانی ئيسرائيل لەو جەنگەدا بەرزترين بوو لە مێژووی ئيسرائيل، زیاتر بوو لە زیانەکانی لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا ئەمڕۆ، بەڵام زیانەکانی وڵاتانی عەرەبی گەورەتر بوو. ميسر خۆی بە سەرکەوتووی جەنگەکە دەزانێت، چونکە سەرەتای جەنگەکە دەکاتە پێوەر، ئيسرائيل لەسەر بنەمای کۆی جەنگەکە و لێکەوتەکانی خۆی بەسەرکەوتوو دەزانێت.
لە جەنگەکەدا پردێکی ئاسمانی درووست دەکرێت بۆ هەناردەکردنی چەک و هاوکاری ئەمريکی بۆ ئيسرائيل، بە سەرپەرشتياری کيسنجەر. عەرەب زیاتر تەنيا باسی ئەم لایەنە دەکات، لە کاتێکدا سۆڤيەتيش هاوشێوەی ئەمريکا بڕێکی زۆر گەورە لە چەک و هاوکاری دەنێرێت بۆ ميسر و سوريا. لە ساڵانی پێشوو کۆمەڵێک زانياری و ڕاپۆرت و بەڵگەنامەی نهێنی سەبارەت بەو جەنگە ئاشکرا بوو، کە دەريدەخات هاوکارييەکانی ئەمريکا لە ڕوویەکەوە وڵاتانی عەرەبی پاراست لە کاردانەوەی ئيسرائيل. لە سەرتای جەنگەکە، جگە لە پێشڕەوەییەکانی سوپاکانی وڵاتانی عەرەبی، ميسر بە هاوکاری یەمەن دەريای سووری داخست بە ڕووی کەشتييەکانی ئيسرائيل و گەمارۆیەکی قوورسی سەپاند بەسەريدا. ئيسرائيل سەرەتا گومانی ئەوەی هەبوو کە وڵاتانی عەرەبی دەيانەوێت هێرشێکی بەرفراوان بکەن و ئيسرائيل داگيربکەن. دەوترێت، سەرۆک وەزيرانی ئەو کاتی ئيسرائيل، گۆلدا مائیر، بە خێرایی و بە نهێنی فەرمانی بە سەرۆک ئەرکانی سوپا کردووە کە ٨ فڕۆکە بە بۆمبی ئەتۆمييەوە بخرێنە ئامادەباشی. بە پێی هەندێک لە زانيارييەکان، هەواڵگری ئيسرائيل بە ئەمريکا ڕادەگەيەنێت ئەگەر هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر ئيسرائيل درووست ببێت، ئەوا بە بۆمبی ئەتۆمی لە ميسر و سووريا دەدات. بۆیە ئەمريکا خێرا دەست دەکات بە ناردنی چەکێکی زۆر بۆ ئيسرائيل و بە کەشتييەکانی خۆی گەمارۆی سەر ئيسرائيل لە دەريای سوور دەشکێنێت. لەبەر ئەوە کيسنجەر جارێکی هۆکاری ناردنی ئەو هاوکارييانە بە دەستەواژەی "ڕێگرتن لە کارەسات" وەسف کرد.
ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی کە لە حەوتی ئۆکتۆبەر حيزبوڵا و ميليشياکانی ئێران لە سوريا و خودی ئێران نەيانوێرا هێرش بکەن، چونکە دەزانن کاتێک ئيسرائيل هەست بە هەڕەشەیەکی وجودی راستەقينە بکات کاردانەوەکانی ترسناکە و بەرگەی ناگيرێت. بزتنەوەی زايۆنی تەنانەت لە پێش دامەزراندنی ئيسرائيل بيريان لەم رەدعە کردووەتەوە کە جووەکان دەبێت چەکێکيان هەبێت سنوور بۆ هەمووان دابنێت لە هەموو دۆخێکدا، تەنيا دوای کەمتر لە ١٠ ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان، دەست دەکەن بە پڕۆژەی ئەتۆمی سەربازی. بە ئێستاشەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی هاوکارييە بەردەوامەکانی ئەمريکا بۆ ئيسرائيل، ئەوەیە کە هەرگيز پێويستی بە بەکارهێنانی ئەو چەکە نەبێت بۆ مانەوەی خۆی.
لێکەوتەکانی جەنگەکە: هەرچەند لە جەنگی ١٩٦٧ ئيسرائيل بە شەش ڕۆژ سينا و جۆلان و تەواوی کەناری خۆرئاوا و غەززەی گرت و ڕۆژهەڵاتی قودسی ئازاد کرد، سەرکەوتنێکی سەربازی بێ وێنەی بەدەست هێنا، بەڵام لە ڕووی ستراتيژييەوە دەستکەوتەکانی جەنگی ١٩٧٣ گەورەتر بوون بۆ ئيسرائيل: ١. ئەم جەنگە دەوڵەتانی عەرەبی بێ هيوا کرد لە بردنەوەی جەنگ و سڕينەوەی ئيسرائيل. دەرکەوت تەنانەت لە باشترين دۆخی عەرەب وخەراپترين دۆخی ئيسرائيل، ئيسرائيل خاک لە دەست نادات و هەر جەنگ دەباتەوە و عەرەب هەر دەدۆڕێت. ٢. هۆکاری سەرەکی بوو بۆ کامپ دێڤد ١٩٧٩، کە ميسر دانی بە ئيسرائيل نا و ئاشتی لەگەڵدا ڕاگەياند. واتە ميسر، وەک درووستکەری دۆزی فەڵەستين، گەورەترين و بەهێزترين دووژمنی ئيسرائيل، ڕابەری ململانێی ئيسرائيل و عەرەب، چووە دەرەوەی گۆڕەپانی ململانێکە. ئيسرايل لە جەنگی ٦٧ بەو هەموو دەستکەوت و سەرکەوتنە گەورە و مێژوویيانە، نەيتوانی بگات بەم دەستکەوتە. لە ٤٨ەوە تا ئەمڕۆ، جگە لە ميسر، هيچ دەوڵەت و لایەنێکی تر هەڕەشەیەکی ڕاستەقينە نەبووە و نييە بۆ ئيسرائيل وەک دەوڵەت.
٣. جەنگی ٧٣ کۆتایی بە جەنگی دەوڵەتانی عەرەبی هێنا لەگەڵ ئيسرائيل. نەيارەکانی ئيسرائيل بوونە ميليشياکان. واتە تەنيا کێشەی ئەمنی و پارتيزانی، جەنگ و هەڕەشەی ڕاستەقينەی عەرەب کۆتایی هات. ٤. بۆ یەکەمين جار لە ٤٨ەوە ئيسرائيل وەک دەوڵەت قبوڵکرا لە ناوچەکە. کامپ دێڤد بووە سەرەتای ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکان و ڕاگەياندنی ئاشتی لەگەڵ ئيسرائيل. تەنانەت خودی فەڵەستينييەکان (مونەزەمەی تەحرير) دانی بە ئيسرائيل نا.
٥. کامپ دێڤد وەک لێکەوتەیەکی جەنگی ٧٣ کە لە ژێر سەرپەرشتياریی ئەمريکا بوو، بووە هۆکاری دەرکردنی سۆڤيەت لە ململانێی ئيسرائيل و عەرەب و ئەمريکای کردە بەڕێوبەری ئەو دۆزە، ئەمەش بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئيسرائيل بوو. هاوکات سەرەتایەک بوو بۆ لاوازکردنی هەژموونی سۆڤيەت و بەهێزتربوونی هەژموونی ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش هەر لە بەرژەوەندی ئيسرائيل بوو. لەم ڕووەوە، جەنگی ٧٣ لێکەوتەیەکی جيهانی هەبوو و وکاری لە هاوسەنگی هێزی نێوان سوپەرپاوەرەکانی جيهان کرد.
لێکەوتەکانی جەنگی ٧٣ گرنگی ئەو سياسەتەی ئيسرائيل پێشاندەدات کە زۆربەی کات پەيڕەوی دەکات: لە کاتی جەنگدا بەشێک لە خاکی دووژمن دەگرێت، پاشان زۆربەی مەرج و دەستکەوتەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت تەنيا بەرانبەر بە پێدانەوەی ئەو خاکە بە دەوڵەتەکە. هەموو مەرج و داواکارييەکانی دووژمن لە دانوستان دەبێتە وەرگرتنەوەی ئەو خاکە. لە ٦٧ سينا دەگرێت، لە ٧٣ ئاشکرا ئەو پەيامە دەداتە ميسر کە بە جەنگ ناتوانێت تەواوی سينا بگەڕێنێتەوە، وەرە بە دانوستان و ڕێککەوتن بێ شەڕ وەريبگرە. ميسر لە پێناو بەدەستهێنانەوەی سينا بەشێکی گەورەی خەونەکانی ئيسرائيلی بەدی هێنا. لە ئێستادا لە سوريا و لوبنان و غەززە هەمان سياسەت پەيڕەو دەکات. ئاشکرا بە هەموویان دەڵیت فەرموون بە شەڕ دەرمکەن، ئەگەرنا، وەرن مەرجەکانم جێبەجێ بکەن و پاشان بە بێ شەڕ دەکشێمەوە.