دواین هەواڵ

قبوڵکردنی پێشنيارەکەی ئەمريکا لە لایەن حەماسەوە

‌رەنج نەوزاد

پێش 2 هەفتە

١. وەک سێ ڕۆژ پێش ئێستا ئاماژەم پێکرد (وێنەکەی خوارەوە)، ئەگەری قبوڵکردنی پێشينارەکەی تڕەمپ لە لایەن حەماسەوە زۆرە لەبەر چەندين هۆکار: لاوازبوونی حەماسی غەززە و ڕۆڵی ئێران، زیادبوونی ڕۆڵی قەتەر و حەماسی دەوحە. (لە کۆمێنت نووسينەکەی پێشترم دانراوە).

٢. بەدەر لەوەی حەماس لە بەياننامەکە بە چ شێوەیەک پێشنيارەکەی قبوڵکردووە، لای ئیسرائیل و ئەمريکا و وڵاتانی تر بەياننامەکەی حەماس قبوڵکردنی تەواوی پێشنيارەکە بوو. لەوانەیە ئەو بەياننامەیەیی لە ميدياکان بڵاوکراوەتەوە، جياواز بێت لەو پەيامەی کە بۆ تڕەمپ نێردراوە. بە پێی مەرج و خاڵەکانی پێشنيارەکە مامەڵە لەگەڵ غەززە و حەماس دەکرێت لە ئايندەدا. ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە بە پێی پێشنیارەکە بەڕێوەدەچێت.

٣. ئەگەر حەماس لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات، وا ديارە ڕازی بووە کە چەک دانێت و ڕۆڵی نەبێت لە ئايندەی غەززە. ئەگەرنا، لەوانەیە هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات، یاخود داواکاری تری هەبێت بۆ ئازادکردنی هەموویان.

٤. لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان ئيسرائيل دەگەڕێتەوە بۆ هێڵە زەردەکەی کە لە وێنەکەی خوارەوە هەیە. پاشان داوا دەکات حەماس مەرجەکانی تر جێبەجێ بکات، ئەگەر نەيکات، ئەوا دووبارە دەست دەکاتەوە بە بۆردومان و هێرشکردن. لەوانەیە تا یەک لابوونەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی چاوەڕێ بکات.

٥. لە ئێستادا غەززە داگيرکراوە، قبوڵکردنی پێشنيارەکەی تڕەمپ و ئازادکردنی بارمتەکان، هيچی نابێتە مایەیی کشانەوەی سوپای ئيسرائيل لە غەززە. هەر سەرپێچيەکی حەماس لە مەرجەکانی تڕەمپ، واتە دووبارە دەستکردنەوە بە بۆمبارانکردن، یان لایەنی کەم بەردەوام مانەوەی سوپای ئيسرائيل لە غەززە.

٦. ئەوەی دەوترێت سەبارەت بەوەی گوایە نەتانياهۆ چاوەڕوانی ئەو وەڵامەی تڕەمپی نەکردووە، یاخود بێ گەڕانەوە بۆ ئيسرائيل تڕەمپ بەياننامەکەی حەماسی قبوڵکرد، هەر وەک پڕوپاگەندە و هەواڵەکانی ئەم دوو ساڵەی ماوەی جەنگەکەیە و پاش ماوەیەک دەردەکەوێت هەمووی بێ بنەما بووە.

٧. سەبارەت بەوەی گوایە حەماس هەموو مەرجەکانی پێشنيارەکەی قبوڵ نەکردووە و بە شێوەیەکی سياسيانە وەڵامی داوەتەوە، بە هەمان شێوە پاش چەند هەفتەیەک دەردەکەوێت ئەوەش هيچ بنەمایەکی نييە. کاتێک لە بەياننامەکەی حەماس پێشنيارەکە ڕەتنەکرایەوە، بەڵکو پێشوازی لێکراوە، کەواتە قبوڵ کراوە و ناچار دەکرێت هەموو مەرجەکانی جێبەجی بکات یاخود شەڕ دەست پێدەکاتەوە.

٨. بەياننامەکەی حەماس زیاتر بۆ ميديا و لایەنگرانی خۆی بووە، نەيويست ئاشکرا بڵیت ڕازی بوومە بە چەکدانان و هەموو مەرجەکان، بەڵکو بەجێی هێشتووە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن و گفتوگۆ.

٩. ئەگەر حەماس بچوکترين لادانی هەبێت لە مەرجەکان، ئەوا ئەمجارەش هەر وەک دوو ئاگربەستەکەی پێشووە و بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕە دەوستێت و دەست پێدەکاتەوە.

١٠. کۆی پڕۆسەکە لە ژێر چاودێری ئيسرائيل بەرێوە دەچێت، سوپای ئيسرائيليش بۆ ماوەیەکی درێژ لە غەززە دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر حەماس چەکيش دانێت و غەززە چۆڵ بکات.

11. ئەگەر هەیە، لە لایەن ئیسرائیلەوە، تەنیا پلانێک بێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و پاشان دەستکردنەوە بە شەڕ. حەماسیش ئەمە باش دەزانێت، بەڵام چاری نەبوو.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP