وابزانم تەنها ئێمەی کوردین، شکست دەکەین بەسەرکەوتن، خیانەت و بەزین دەکەین بە پاڵەوانی، دۆڕان دەکەین بە براوە و کشتوبڕ دەکەین بە چاکسازی، بۆیە باشایەتی و جاشایەتی و پێشمەرگایەتیشمان تێکەڵە .
سەرکردە و سیاسیەکانی جاران بوێر بوون، ددانیان بە دۆڕاندا دەنا . جەمال عەبدولناسر لەدوای شکستی ساڵی ١٩٦٧ دەستی لەکارکێشایەوە و گوتی هەموو بەرپرسیارەتی شکستەکە من هەڵیدەگرم . سەرۆکی ئەرجەنتین ئۆپۆلدۆ گالتێری لەدوای بەزینی سوپای وڵاتەکەی بەرانبەر سوپای بەریتانیا لە فۆکلاند لە ساڵی ١٩٨٢، دەستی لە کارکێشایەوە و شکستەکەی هێنایە سەرخۆی .
لەو سەردەمەدا دۆڕان باوکی نیە !
عەرب بەگشتی بۆخۆیان دەڵێن حەماس شکا و بەزی . کەچی زۆرینەی ئیسلامیەکانی کوردستان، دەڵێن بردمانەوە . ئەوەی سەیر بوو کەسێک جارێکیان لە کۆمێنتێک بۆ منی نووسیبووی ( ئەگەر ئێوەی پێشمەرگەی یەکێتی نەبوان ئەوها بەسەر هەڵبجە نەدەهات ) بە حسابی خۆی پێشمەرگە چووبووە هەڵەبجە بۆیە عیراق کیمیابارانی کرد . کەچی دوێنێ نووسیبوی حەماس گەورەترین سەرکەوتنی لە مێژوودا بەسەر ئیسرائیلدا هێنا . ئەوەیە دەڵێ بانێکە و دوو هەوا، لەبیری چوو کارەساتی غەزا لە دووسەد هەزار کوژرا و بریندار و ملیۆنەها ئاوارە و تەواوی غەزا کاول بوو، دەشڵێ سەرکەوتین، وەک ئەوە وایە خۆی لە جیهاد گەڕابێتەوە .
مرۆڤ نازانێ دڵتەنگبێ بۆ ئەو خەڵکە بێدەرەتانەی غەززە کە وایان بەسەرهات، یاخود پیرۆزبایی لەوانە بکات کە بوونە هۆکاری ئەو کاولکاریە و پێیان بڵێین، پیرۆزە هەردەم هەر لەو جۆرە سەرکەوتنەدابن .