دواین هەواڵ

پرسیارێکم لە وەزیری دەروەی بەڕیتانیا کرد !

‌چاپوك سەید عومەر

21/03/2024

٣٣ ساڵ پێش ئێستا وەک ئەوڕۆ، بە ئامادەیی سەرۆکی ئەوکاتەی ئۆکڕاینا لیۆنێد کەڕەفچوک، لە هۆڵی کۆنفڕانسی زانکۆکەمان زانکۆی کیێڤ بە ئامادەیی سەرۆکی زانکۆ، لە کاتژمێری دەی بەیانی ڕۆژی ٢٠ی ئازاری ساڵی ١٩٩١، پرسیارێکم لە دۆکڵاس هێردی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا کرد .

هەر کە هەواڵی هاتنی سەرۆک و وەزیری دەرەوەم زانی، خێرا چووم لە هۆڵە چوارسەد کورسیەکەی کۆنفڕانسدا بەر لە گەیشتنی ئەوان لەگەڵ هاوپۆلێکی ئۆکڕاینیم شوێنێکی باش و دیارمان گرت .

پرسیارەکەم بەو شێوە دەستپێکرد، گوتم؛ بەڕێز وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا، ڕەوشی کورد لە خراپترین دۆخدایە ئێستا، وا لە کوردستانی عیراقدا خەڵک ڕاپەڕیوە، ئایا ڕای ئێوە و حوکمەتی بەڕیتانیا چیە لەسەر ئەو بارودۆخە و چارەسەری کێشەی کورد ؟ .

درێژترین وەڵامی پرسیارەکان هی من بوو، شەش خولەکی برد، باسی لە کێشەی هەر چوارپارچەی کوردستان و یەکێتی سۆڤیەتیش کرد، گوتی کورد لەهەموو مافێکی نەتەوەیی و ئینسانی خۆی بێبەشە . ناکرێ لێرە باسی هەموو وتەکانی بکەم، بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە لێرە باسیبکەم، گوتی؛ کورد دەبێ بەهەموو مافەکانی خۆیبگات، بەڵام ئەگەر بڵێم سەربەخۆیی وەردەگرێ، ئەوە واقییع نیە، نەیگۆت حەقیقەت نیە گوتی واقیع نیە .

بۆ من پرسیارەکە لەو سەردەمەدا سەرکەوتنێکی گەورە بوو، ئەو سەردەمە ئاسان نەبوو بگەیتە سەرۆکێک یا وەزیری دەرەوەی وەک دەولەتێکی بەریتانیا . هەر لەو بارودۆخەی کوردستان جالیەی کوردی و دۆستە ئەوروپیەکانی کورد توانیان گەورەترین حەشد و گوشار بخاتە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەهۆی ئەوەوە بڕیارە مێژووییەکەی ٦٨٨ لەدوای کۆڕەو دەرچوو .

دوای ٣٣ ساڵ، لەو چەند حەفتەیە نامەیەکی ترم بۆ دۆکلاس هێرد ناردووە و هەمان پرسیارم لێکردۆتەوە، جانازانم وەڵامی دەبێت یان، ئەگەر وەڵامم بداتەوە منیش بڵاوی دەکەمەوە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP