مامۆستا عەبدوڵای حەسەنزاد وەک ئەدیب و نووسەر، لەسەردەمی مام جەلالدا، بە بەردەوامی لە زۆرینەی چالاکیە ڕۆشنبیریەکاندا لە کۆیە میوان دەبوو، جاری واش هەبوو خۆی قردێلەکەی کارە هونەریەکەی بە مقەس دەبڕی و دەکردەوە . هەموو ئەو چالاکیانە لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بڵاودەکرانەوە .
کەسایەتیەکی کوردی ڕۆژهەڵاتی بۆیگێڕامەوە، گوتی؛ ڕۆژێ چەند کەسێکمان چووینە لای مام جەلال لە قەڵاچواڵان، گوتی؛ پاقلاوەکە بێنن، مام جەلال پێمانی گوت فەرموو بیخۆن، تازە ئێرانیەکان پێش ئێوە لێرەبوون، لەو پاقلاوەیان خوارد، گوتی؛ ئێمە زۆر پێکەنین؛ مام جەلال گوتی ئێرانیەکان پێیان گوتووم دەبێ لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لای خۆتان دەرکەیت .
برادەرە ڕۆژهەڵاتیەکە بەردەوام بوو، مام جەلال گوتی؛ بە ئێرانیەکانم گوت سەدام حوسێن لێرە دەری نەکردوون مەعقولە من دەریان بکەم، دەبێ ئەو لە من دڵسۆزتربێ بۆ کورد . ئەو برادەرە ڕۆژهەڵاتیە بۆیباسکردم چۆن مام جەلال لەنگەرەکەی ڕاگرتبوو، گەنجێکی ڕۆژهەڵاتیشی لە ژێر پەتی سێدارە ڕزگارکرد .
لەدوای مام جەلال، نوێنەرایەتیەکی یەکێتی لە تورکیا دەرکرا، کە مام جەلال لەسەردەمی ئۆزالەوە لانەیەکی کردبۆوە و تا مردیش مام جەلال پەیوەندی خۆی لەگەڵ پەکەکەش نەپچڕاندبوو تورکیاش ئەوەی دەزانی .
ئەو وێنانەی من ئێستا دامناون، بەدرێژایی ئەو ماوەی من لێپرسراوی یەکەی ئیداری بووم لە بواری چالاکی ڕۆشنبیری بڵاودەکرانەوە، نە ئێران و نە یەکێتیش قەدەغەیاندانەنابوو . کەچی ئێستا عەبدوڵای حەسەنزادە لە پێدانی میدالیایەک قەدەغەدەکرێ .
من مام جەلالم،خۆشدەوێ بەڵام ڕقم لە پەرستنی کەسایەتی دەبێتەوە، جارێ یەکێ گوتی تۆ جەلالیت، گوتم ئەگەر بیکەن بە تاوان قبوڵی دەکەم هەرکەسێکیش مام جەلالی خۆشناوێ لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی چی پێدەڵێ کەیفی خۆیەتی . هەرچەندە ئەگەر لەو دونیا مام جەلال ببینمەوە پێیدەڵێم، فەرموو ئەوەتا سیاسەتی هەڵە و ململانێیی خۆت و هاوڕێ نزیکەکانت، بزانە یەکێتی و ئازادی ڕا دەربڕین و گەیاندە کوێ و کۆنە کادیر و ئەندامانی یەکێتی خستۆتە چ پەراوێزێکەوە .
لەدوای مام جەلال، تەنها کوردانی ڕۆژهەڵات زەرەرمەند نەبوون، ئێرانیش زەرەرمەندە و ئێستا ناتوانێ خۆی بە باشتر لە تورکیا وێنابکات، فەرموون حاڵی هەردوولا ببینن، چونکە خەتا لەهەردوولاش هەرهەن .