وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راگەیەندراوێكی لە سەر دیداری ماركۆ ڕوبیۆ لە گەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم بڵاوكردووە كە چەند خالێكی تێدایە جێگەی سەرنجن.
1- ھەر دولا جەختیان لە سەر زیاتر پەرەپێدانی بواری وەربەرھێنان و بازرگانی كردووە.
بێگومان، ئەمە ھەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی زیاتر لە رووی بازرگانی و وەبەرھێنانەوە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لە گەڵ ھەرێم بەرەوپێش بچێت.
2- وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پاڵپشتی خۆی بۆ گرێبەستەكانی نێوان كۆمپانیاكانی ئەمریكا و ھەرێم دووپات كردووە. ئەمەش رەواییدانە بەو گریبەستانەی ھەرێم لە گەڵ كۆمپانیا بیانییەكان واژۆ دەكات.
3- وەزیری دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە كرد كە وەبەرھێنان لە بواری وزە بەتایبەت سێكتەری گاز و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمەكەی لە ھەرێم یارمەتی عێراق دەكات بۆ ئەوەی عێراق زیاتر لە بواری گازەوە سەربەخۆ بێت. ئەمەیش ئاماژەیەكی زۆر روونە بەوەی ئەمریكا نەك ھەر لە گەڵ سیاسەتی نەوت و گازی بەغدا نییە كە گوشار لەسەر ھەرێم درووست دەكات و دەیەوێت ئەو مەلەفە لە دەست ھەرێم دەربھێنێت.
بەڵكوو ئەمە پالپشتییەكی گەورەیە بۆ ھەنگاوەكانی ھەرێم و دژایەتی كردنی گوشارەكانی بەغدا. ھەروەھا راستەوخو بە بەغدا دەڵێت دەبێت لە سەر ئاستی ناوخۆ وەبەرھێنان لە بواری گاز پەرە پێبدرێت و دەبێت سەربەخوو بن و ھەرێمی لەم رووەوە ھاوكار دەبێت. ھەروەھ نابێت چیتر پشت بە گازی ئێران ببەستن.
4- پاڵپشتی ھەر دوولا لە پارێزگاری كردن و پاراستنی كەمە نەتەوە و ئاینییەكان لە عێراق و سووریا. ئەمەیش واتە ھەر دوولایەن بەرژەوەندی ھاوبەشیان ھەیە پاراستنی كەمینەكان و ھەرێم رۆلی پوزەتیڤ لەم رووەوە ھەیە.
5- خالێكی دێكەی ھەرە گرنگ كە لە سەردەمی بایدنیش بۆ یەكەمجار ئاماژەی پێكرا دەستەواژەی (resilient ) بووە. بۆیە ئەم ئیدارەیەش جەخت لە سەر پاڵپشتیكردنی ھەرێمێكی بەھێز و خۆراگر دەكات لە عێراقدا. ھەروەھا جەختی لە سەر ئەوە كرد ھەرێمی كوردستان ستونێكی ھەرە بەھێز و بنەرەتی پەیوەندییەكانی ئەمریكایە لە گەل بەغدا.
ئەمەیش دیسان خالێكی زۆر گرنگە و یەكەم جارە ئەمریكا بەو شێوەیە باسی ھەرێم دەكات كە لە ھەر پەیوەندییەك لە گەل بەغدا ھەرێم فاكتەرێكی بنەرەتی و ئەسایی ئەو پەیوەندییە دەبێت. بێگومان ئەم رایەگەیەندراوە وادەكات بەغدا لە سیاسەتەكانی بەرامبەر ھەرێم نەرمتر ببێت.