كۆنگرەی ٣٨ی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كە لە ٤ی١١ی٢٠٢٣ ئەنجامدرا، مقۆمقۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و ئۆزگوور ئۆزەل، ساختەكارییان كردووە و كەمال كلیچدارئۆغڵویان لە پۆستی سەرۆكی حیزب لاداوە، بۆیە دۆسیەكە گەیشتە دادگا و بڕیارە لە كۆتایی مانگی شەش، دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣، كلیچدارئۆغڵو كە بەربژێری پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بوو، بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دۆڕا، دەنگی ناڕەزایی لەناو پارت بەرز بووەوە و داوایان كرد كۆنگرە بكرێت و سەرۆكێكی تازە هەڵبژێرن.
كلیچدارئۆغڵو، بڕیاریدا پارتەكەی بچێتە ناو كۆنگرەوە، خۆشی بەربژێر كرد و دڵنیابوو لەوەی دەبێتەوە بە سەرۆك، بەڵام ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانیكراوی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، توانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر كۆنگرەدا بسەپێنێت و ئۆزگوور ئۆزەلی كردە سەرۆكی پارت، ئەویش بە دەنگدان و بەشێوەیەكی یاسایی.
بەڵام كلیچدارئۆغڵو و چەند ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو پارتە، ئۆزگوور و ئیمامئۆغڵویان بەوە تۆمەتبار كرد، كە ساختەكارییان كردووە و پارەیان بەخشیوەتەوە، بۆیە یەكێك لە ئەندامانی سەركردایەتی، لە دادگا داوای یاسایی تۆمار كرد و داوای كرد، بڕیاری كۆنگرە هەڵبوەشێتەوە، چونكە ساختەكاریی كراوە.
كلیچدارئۆغڵو، ئەوكات لە وتارێكدا نووسیبووی ”لەناو پارتەكەمدا لە پشتەوە خەنجەریان لێدام“، ئەمەش رێك مەبەستی ئیمامئۆغڵو بوو.
دادگا چەند جارێك لەسەر ئەو دۆسییەیە دانیشت، بەڵام بڕیاریان نەدا و دانیشتنەكەیان دوا دەخست، بڕیارە لە كۆتایی مانگی شەش، بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو دۆسیەیە بدرێت و چارەنووسیی كۆنگرەی جەهەپە یەكلایی بكرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی جەم كووچوك، كە رۆژنامەنووسێكە لە ئاكەپە نزیكە، دەڵێت بەئەگەرێكی زۆرەوە دادگا بڕیار لەبارەی هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە دەدات، چونكە بەڵگەكان دەریدەخەن كە ساختەكاری كراوە.
ئاكەپە، بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت كۆنگرە هەڵوەشێتەوە، چونكە دوای كلیچدارئۆغڵو، جەهەپە بەهێز بووەوە و توانیان لە یەكەم هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا كە لە ٣١ی٣ی٢٠٢٤ ئەنجام درا، زۆرترین شارەوانیی ببەنەوە و بوونە پارتی یەكەمی توركیا، ئەمەش ئاكەپەی ترساندووە، بەوەی جەهەپەی نوێ، لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەهەمان شێوە ببێتە پارتی یەكەم، واتە سەرۆكێكی لاوازی جەهەپە، لە بەرژەوەندی ئاكەپەدایە، نەك ئۆزگوور ئۆزەل.
ئەگەر بێت و دادگا كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵوەشێنێتەوە، دەبێت كلیچدارئۆغڵو ببێتەوە بە سەرۆك، چونكە ئەگەر كلیچدارئۆغڵو، بڵێت نابمە سەرۆك، ئەوكات حكوومەت كەسێك وەكوو قەیوم بەسەر جەهەپەدا دەسەپێنێت تا كاتی كۆنگرەیەكی تری جەهەپە.
ئیسماعیل سایماز، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، دەڵێت: ”كلیچدارئۆغڵو مەیلی هەیە ببێتەوە بەسەرۆك و دێت دەڵێت، خۆ جەهەپە بێخاوەن نییە قەیوم بكرێت، دەگەڕێمەوە تا كاتی كۆنگرە“