هەر لەسەرتاى دروستکردنى عێراقەوە، ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى بەغدا ، لەماوەى یەک سەدەى رابردوو هەر لە حوکمڕانى و دەسەڵاتى پاشایایەتى تا کۆمارى، لە هەموو قۆناغەکاندا بەمەبەستى ڕێشەکێش کردن و سڕینەوەى مۆڕکى گەلى کورد و گۆڕینى جوگرافیای کوردستان ،هیچ چەک و جبەخانەیەک نەماوە دژى نەتەوەى کورد و دۆزە ڕەواکەى بەکار نەهێنن.
بەڵام گەلى کوردستان لە پێناو پارێزگاریکردن لە شوناس،مێژوو ، بەدەستهێنانەوەى مافەڕەوا زەوتکراوەکانى بە ئێستاشەوە قوربانیی و خوێنى زۆرى بەخشیووە ، بەڵام زێهنیەتى شۆڤێنى و فاشیزمى دەسەڵاتدار لە عێراقدا هەردەم بە ئاگر و ئاسن و ئەنفال و گەمارۆدان ڕووبەڕووى کوردوکوردستان بووەتەوە و هەمیشە لە بەڵێن و ڕێککەوتننامە کان پەشیمان بووەتەوە و ئامادە نەبووە ددان بە مافەرەواکانى کورد دابنێت .
عێراق ئەو دەوڵەتە تاکڕەو و شۆڤێنیزمەیە ، هەمیشە هەوڵى سڕینەوە و لەناوبردنى کوردى داوە ، بەڵام ئیرادە و خۆڕاگرى ئەم گەلە و سەرکردایەتییە ژیر و فیداکارەکەى ڕووبەڕووى دەسەڵاتى شۆڤینیەکانى بەغدا بووەتەوە .
جێگەى هەڵوەستەکردنە ،ئەو سیستەم ومیراتە دیکتاتۆرییە لە عێراقدا بۆ ماوەیی و بێ کۆتاییە نموونەى بەرچاویش لەدواى زیاتر لە سێ دەیە ڕووخانى ڕژێمەى دیکتاتۆرى بەعس ، دواتر بونیاتنانى عێراقى نوێى لەسەر بنەماى هاوبەشى،سازان،هاوسەنگى و بوونى دەستوورێکى هەمیشەیی کە تێیدا مافى گەلى کورد وەک دووەم گەورە نەتەوە و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکانى دیکەى تێیدا جێگر کرا بوو ، بەڵام عەقڵییەتى شۆڤێنى و فاشیزمى لە عەرەبى سوننەوە و خراپتر بۆر عەرەبى شیعى گواستراوەتەوە ، بەشێوەیەک ئێستا بەسیاسەتى زۆرینەى دەستیان بەسەر هەموو جومگەکاندا گڕتووە و ماوەى دە ساڵیشە بەهەموو توانایەکەوە هەوڵى گەڕاندنەوەى ناوەندگەڕایی و تاکڕەویی وشکستهێنان بە عێراقى فیدڕاڵى و دیموکرات دەدەن .
ئەو دژایەتیکردنەى گەلى کوردستان ، بەهەموو جۆرە چەکێکى گەرم و سارد و دەروونى و ئابوورى درێژەپێدەرى هەمان زێهنیەتى ڕژێمەکانى پێشووى عێراقە دژ بە گەلى کورد ، هەمان نەفەسى کۆمەڵکوژى و دووبارەکردنەوەى ئەنفال و کیمیاباران و لەناوبردنى کوردوکوردستانە ، چونکە ئەو کردەوانەى عێراقى ئەمڕۆ هیچ جیاوازى نییە لەگەڵ عێراقى دیکتاتۆرى و شۆڤێنى رابردوو ، بە هەموو شێوەیەک بنەماکانى دیموکراسى و هاوبەشى ڕەتکراوەیە و لە شوێنى سیاسى پەراوێز خستن و قڕکردنیان گڕتۆتەبەر ، ئەو بیرکردنەوە دیکتاتۆرییانە کە دوێنى لە ژێر پەردەى فاشیزمى نەتەوەپەرستى بوو بێت ، ئەوا ئەمڕۆ بە بیرێکى تایفى و مەزهەب دژایەتى کوروکوردستانى پێدەکەن ، مێژوویش ئەو راستییەى سەلماندووە ، گەلى کورد دەیان بیرى فاشیزمى وەک خەز عەلییەکان و تف سامییەکانى خستۆتە نێو زبڵدانى مێژوو و ڕیسواییەوە ، ئەو جۆرە دوژمن و نەیارانەش هەرگیز نەیانتوانیووە و ناتوانن ئیرادەى وەک چیا سەرکەشەکانى کوردستان بشکێن و پووکانەوە و ڕیسوابوون .
سەرەڕاى ئەوەى قەوارەى فیدڕاڵى هەرێمى کوردستان ، خاوەن ددانپێدانراویی دەستوور و یاساییە ، بەڵام دەسەڵاتدارانى عێراق هەمیشە پێشێڵى بنەماکانى دەستوور و مافەرەوا دەستوورییەکانى گەلى کوردیان کردووە و هەوڵى لاوازکردن و نەهێشتیان داوە ، بۆیە ، ئەو فیدڕاڵى و دیموکراسییەتەى کوردستان لەگەڵ ئەو حکومڕانییە دیکتاتۆرى و شۆڤێنیەى عێراق هەرگیز یەکناگرنەوە ، هەر ئەوەشە عێراق لەماوەى 22 ساڵى رابردوو رۆژ بە رۆژ قەیران و کێشەکانى زیاتر دەبن ، لەوە لاشەوە دەسەڵاتدارانى بەغدا هەمیشە ئاستەنگ و کێشە و پەڵامارى تاکە قەوارەى فیدڕاڵى و دیموکراسى کوردستان دەدەن.
بە سەرنجردان و هەڵوستەکردن لە سەر هەموو قۆناغە سیاسییەکان و مامەڵەکردنى لەگەڵ ڕژێمەکانى عێراقدا ، سەرۆک مسعود بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان ، هەمیشە پێداگریان لە سەر جێبەجێکردنى بنەما دەستوورییەکان و ڕێزگرتن لەمافە دەستووریەکانى خەڵکى کوردستانى کردۆتەوە ، بەڵام ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق هەمیشە مافەکانى خەڵکى کوردستانیان پێشێڵکردووە و بە هەموو جۆرە چەکێکى بەردەستیان تا دەگاتە چەکى بڕینى بودجە و مووچە و ئابوورى پەڵامارى کوردستانیان داوە ، هەڵبەتە بە پاڵپشتى و پیلانى دەرەکى . بەتایبەتى ڕووى ئەو هێرش و پەڵاماردانانە بەرەو رووى پارتى دیموکراتى کوردستان و قەوارى کوردستانە ، هۆکارەکەشى ئەوەیە کە سەرۆک بارزانى و پارتى ، تاکە هێزى گۆڕەپانى خەبات و کۆڵنەدانن دژى دوژمنانى کوردستان و بە روونى لە خەون و مەرامە شوومەکانیان تێگەیشتوون ، ئەوەش وایکردووە بە هەموو توانایەکەوە پارێزگاری لە دۆز و قەوارەى کوردستان بکات و ڕووبەڕووى هەموو ستەمکارییانەى عێراقى شۆڤێنى ببێتەوە و چونکە خەون و پیلانى عێراقى شۆڤێنى و ئاغاکانیان خەونێکە دەیان ساڵە هەوڵى بێهودەى بۆ دەدەن بەڵام نەیانتوانى و شکستخواردبوو بوون .
بۆیە، بەردەوامبوونى عێراق لە سەر سیاسەتى ئازاردانى خەڵکى کوردستان و پێشێڵکردنى مافەدەستوورییەکانى ، دەبێ شۆڤێنییەکانى بەغدا ئەو راستییە بزانن ، پشوودڕێژى و هەوڵە دیپلۆماسى و سیاسییەکان سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان و گەلى کورد سنوورێکى هەیە بەرامبەر ستەمکارییەکانى عێراق و بژاردەکانیش کراون و بەدڵنییایەوە هێز ولایەنە نیشتیمانپەوەرەکان بە رابەرایەتى سەرۆک بارزانى لە هەر کاتێکدا بڕیارى گرنگ و چارەنووسساز لە بەرژوەندییە باڵاکانى خەڵکى کوردستان دژى سیاسەتە شۆڤێنیەکانى عێراق دەدەن .