دواین هەواڵ

بۆچی تاوەكوو ئێستا دەمیرتاش ئازاد نەكراوە؟

‌كارزان گلی

24 کاتژمێر پێش ئێستا

ژمارەی زیندانیانی توركیا لە ژمارەی دانیشتوانی قوبرس زیاترە

بڕیاربوو سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، داوای لە پەكەكە كرد خۆیان هەڵوەشێننەوە و خەباتی چەكداری كۆتایی پێ بێنن، بەڵام حكوومەتی توركیا، بەهیچ شێوەیەك هەنگاوی بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش نەناوە.
دوای ئەوەی، دەمیرتاش لە زیندانەوە پشتگیری بە پرۆسەی چارەسەریی كورد كرد، هەروەها پشتگیری لە چەكدانانی پەكەكە كرد و گوتی كاردەكەین بۆ توركیایەكی دیموكرات، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵیدا كرد و لە هەواڵی هاوسەرەكەی پرسی، كە ئەوكات لە ئیستانبۆڵ نەشتەگەریی بۆ كرابوو و رێگەیان دابوو دەمیرتاش لە نەخۆشخانە سەردانی بكات.
بەشێكی زۆری شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایوو، ئازادبوونی دەمیرتاش لەسەر كات ماوە، چونكە هیچ بەهانەیەك نەماوە تا لە زیندان بمێنێتەوە، بەتایبەت باخچەلی پشتگیریی ئەوەی كردوە كە دەمیرتاش ئازاد بكرێت، ئەمەش دەبێتە یەكەم هەنگاوی نییەت پاكی توركیا بۆ پرسی چارەسەریی كورد.
چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا بڵاویان كردەوە، دەمیرتاش لەماوەیەكی زۆر نزیكدا ئازاد دەكرێت، ئەمەش پەیوەندیی بەو هەنگاوانە هەیە كە حكوومەتی توركیا و ئیمیڕاڵی هاوێشتوویانە بۆ (توركیایەكی بێتیرۆر) و چەكدانانی پەكەكە و هەروەها هەمواركردنەوەی دەستووریی توركیا، كە لەوێدا بە چەند یاسایەك مافی كورد جێگیر دەكرێت.
لە چەند رۆژی رابردوو، ئاكەپە و مەهەپە، پرۆژە باسایەكیان لەبارەی لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان ئامادە كردووە و ئێستا لەناو پەرلەمانە بۆ گفتوگۆ كردن، بە گوێرەی ئەو پرۆژە یاسایە بێت، دەمیرتاش ئازاد نابێت، تەنانەت پرۆژە یاسایەكە بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی زیندانیانی سیاسی كورد نییە، كە پێشبینی دەكرێت زیاتر لە ١٠٠ هەزار زیندانی سیاسی كورد لە گرتووخانەكانی توركیا بن.
لەو پڕۆژەیاسایەدا هاتووە، ئەو كەسانەی نەخۆشن و مانەوەیان لە زیندان مەترسییە بۆ ژیانیان ئازاد دەكرێن، بەو مەرجەی لە ماڵەوە بمێننەوە، واتە زیندانی ماڵەوە. هەروەها چەند ئاسانكارییەكی تر كراوە بۆ زیندانییان، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باس لە ئازادبوونی زیندانیانی سیاسی نەكراوە، كە هەموویان بەهۆی مادەی تیرۆر و پشتگیری لە پەكەكە زیندانی كراون، یەكێك لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاشە.
ئەوەی وای كرد شڕۆڤەكارانی سیاسی دڵنیا بن دەمیرتاش ئازاد دەكرێت، كاتێك ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەستگیر كرا، دەمیرتاش بە یەك وشەیش پرۆتستۆی ئەو هەنگاوەی نەكرد و بێدەنگی هەڵبژارد.
ئەی بۆچی تاوەكوو ئێستا دەمیرتاش ئازاد نەكراوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای دادگای توركیا نییە، چونكە دادگای توركیا پێشتر بڕیاری ئازادكردنی داوە، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، دووجار داوای لە توركیا كرد، دەمیرتاش ئازاد بكات، بەڵام ئەردۆغان دەستوەردانی كرد و گوتی: ”ئێمە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ناناسین“
بۆیە هەركاتێك ئەردۆغان ئۆكەی بدات بۆ ئازادبوونی دەمیرتاش، دەمودەست ئازاد دەبێت و پرۆسەكەش یاساییە و چونكە توركیا ناچارە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات، چونكە ئەندامە لەو دادگایە، بەڵام ئایە بۆ تاوەكوو ئێستا بڕیاری ئازادبوونی نەدراوە؟ وەڵامەكەی لای هیچ كەسێك نییە لای ئەردۆغانە. 
بچوونێكی تر هەیە، بەوەی پەكەكە و خودی ئۆجەلان، لەگەڵ ئەوە نین دەمیرتاش ئازاد بكرێت، چونكە ئازادبوونی دەمیرتاش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر باكوورییەكان دەبێت و وەكوو پاڵەوانێك دێتە دەرەوە، لەلای پەكەكەش یەك پاڵەوان بوونی هەیە، ئەویش ئۆجەلانە، لەو زیاتر كێ بیەوێت ببێتە پاڵەوان، قبوڵی ناكەن و لەكاری دەخەن.
حكوومەتی توركیا ١١ گرتوخانەی تازە دروست دەكات، ئەمەش پیشهاتێكی مەترسیدارە، چونكە نیازی نییە زیندانیانی كورد كە زیاترە لە ١٠٠ هەزار ئازاد بكات، هەروەها بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا، لە تەواوی گرتوخانەكانی توركیا ٤١٠ هەزار زیندانی بوونی هەیە، بۆیە جێگەی زیندانییەكان زۆر خراپە و پەرێشانن بەدەست كەمی جێگە.
ژمارەی دانیشتوانی قوبرسی توركیا، ٣٨٢ هەزار و ٨٣٦ كەسە، بەمەش ژمارەی زیندانیانی توركیا لە ژمارەی دانیشتوانی قوبرس زیاترە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP