هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، هەولێر پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک بەشێوەیەکى فەرمى لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە هەولێر 37 هەزار، لە سلێمانی 80 هەزار، لە هەڵەبجە 67 هەزار و لە دهۆکیش 40 هەزار کەس پسوڵەکەیان پڕکردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی 6ی 2025 ، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، شاندێکی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن هاوکاری وەزارەتەکە بن و بە زوویی پسوڵەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی پڕ بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند رۆژی رابردوودا، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنى پسوڵەی خۆراک بەشێوەی ئەزموونی بەردەستبووە و لە هەولێر 37 هەزار، لە سلێمانی 80 هەزار ، لە هەڵەبجە 67 هەزار و لە دهۆکیش 40 هەزار کەس پسوڵەکەیان پڕکردووەتەوە.
هاوکات، نەوزاد شێخ کامیل وتیشی: لە قۆناغی یەکەمی ئەم پسوڵە خۆراکییەدا تەنیا ئەو ناوانە داخڵى پسوڵە ئەلیکترۆنییەکە دەکرێن، کە پێشووتر لەسەر پسوڵەی خۆراکی کاغەزیی ناویان هەبووە و لە قۆناغی دووەمدا زیادکردن و گواستنەوە و سڕینەوە ئەنجامدەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە شاندەکەی عێراق باسیان لەوەکردوو، پێشتر لە 14 پارێزگای عێراق پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک چالاکبووە و ئەپەکە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان بەردەستە.
شاندەکەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لە پرۆسەکە 27 ملیۆن هاوڵاتى پسوڵەی خۆی نوێکردووەتەوە و ئەم پسوڵە نوێیەش ئاسانکاریی بۆ کاروبارى حکومەت دەکات.