مستەفاکازمی لەچاوپێکەوتنێکدا لەپێناو چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی نێوان هەرێم وبەغدا، داوا لەسەرکردە عێراقییەکان دەکات، بەفیدراڵیەتێکی فراوانتر یاخود کۆنفیدراڵی لەگەڵ هەرێم رازیبن، بەجۆرێك جگەلە بەرگری وپەیوەندییە دەرەکییەکان سەرجەم شتەکانیی تر لەدەسەڵاتی کورد خۆیدا بێت، بەرامبەر رازیبوونی کورد بە گۆرینی سیستم لەپەڕلەمانییەوە بۆ کۆماری، کەوەك ئەو دەڵێت لەئێستادا خواستی زۆربەی هێزە سیاسییە عەرەبییەکانە. هەڵبەت ئەم داخوازییە لەروویەکی گرنگیدا ئاماژەیە بە فیدراڵییەتی ئابووری، ئەوپرسەی بەهەرهۆکارێکەوە بێت، دەستووری ئێستا یەکلای نەکردۆتەوەو بەتەم ومژاوی بەجێی هێشتووە، بەجۆرێك بوار بۆشرۆڤەی جیاوازو سەپاندنی ئیرادەی لایەنی بەهێز بەروونی لەئارادایا.
لەراستیشدا رەگێکی قووڵی کێشەکانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا، لەنیمچە شکستخواردنی مۆدێلی ئێستای ئەزموونی فیدراڵیەتی عێراقدایە. گەرچی نابێت ئەوراستیەمان لەبەرچاونەبێت، کەکورد خۆشی، لەم روەوە بێ رۆڵ نەبووە، چوونکە ناکۆکی حیزبی و گەندەڵی و بەدامەزراوەیی ودەستوورینەکردنی حوکمرانی، نەیانهێشت هەرێمێکی یەکگرتوو بەهێز درووست ببێت، هەرێم بەواتای وشە نەبوو بەهەرێم ونەیتوانی بەسەر ئەوکێشە بوونیادیانەدا سەرکەوتووبێت کە رێگربوون لەبەدیهاتنی ئەم ئامانجە نەتەوەییەدا. بەڵام سەرەرای ئەوە دژبەیەکییە بنەرەتیەکە هەر لەگەڵ عەقڵی عەرەبی حوکمرانی باڵادەست ومیراتگری ناسیۆنالیزمی عێراقیدا دەمێنێتەوە.
ئەگەر نەشتوانرێت لەئێستادا لەسەرئاستی دام ودەزگاو حیزبەکاندا وەڵامی پێشنیارو بانگەوازەکەی کازمی بدرێتەوە، نابێت بەتەواوی بێدەنگەی لێبکرێت و هیچی لەسەر نەوترێت.
بۆیە دەکرێت لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنی، ناوەندەفیکری و ئەکادیمی ومیدیاییەکە ئەمە بکرێت. خەڵکانێك راسپێردرێن بەعەرەبی وئینگلیزی لەسەر ئەمەبنووسن، کۆروسمینارو پانێڵ وکۆنفرانسی لەسەر بگیرێت، حیزب ودەزگا پەیوەندیدارەکان بەبێدەنگی، لەسەرئاستی سەرکردایەتی حیزبەکاندا تاووتوێی بکەن، هەوڵی لۆبیکردنی بۆ بدەن، دەمی وڵاتانی دۆست وپەیوەندیدار بەدۆسییەی عێراق وهەرێم دەربارەی تاقیبکرێتەوەو کارلەسەر ئەوە بکرێت ببێت بە بژاردەو بابەتێکی بیرلێکراوە. دواتر لەرووانگەی ئەمانەوە، هەنگاوو میکانیزمەکانی داهاتووتر دیاریبکرێت. بەحوکمی ئەوەش کە بابەتەکە ناوی عێراقی بەسەرەوە دەمێنێت، دۆخەکەش سەبارەت بەکۆی ناوچەکە ئاماژەیە بە سەرەپێچێکی مێژوویی، بەدیهێنانی خوواست وداواکارییەکی لەم جۆرە ئەستەم نییە چارەسەریی تاراددەیەکی بەرچاویش ریشەییە.