هەرێم نیوز
نوری مالیکی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە، دەشڵێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە بە پارە ئیدارە دەدرێت و كێبڕكێكەش دارایی دەبێت، وڵاتێك دەناسم دەیەوێت (100) پەرلەمانتار بكڕێت.
مالیكی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حزبەكەی وتی: ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (50) یان (100) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە.
وتیشی: دەمانەوێت ئەوانەی دەگەنە پەرلەمان، لەوە تێبگەن کە ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوەیەکی چاودێری یاساییە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی جێبەجێکار، ئەوەش بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان نەگاتە ئەو دۆخەى ئەمڕۆ پێی گەیشتووەو جێى بەزییە، چونکە ئەوانەی تێیدا خزمەتیان کردووە پێیان وابوو رکابەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن.
مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن، بە (100) ملیۆن دۆلار (100) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە.
جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت.