دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئەمریکا پرۆسەی سەربازی دژی حەشدی شەعبی ئەنجام دەدات

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی "ئیرەم نیوز"ی ئیماراتی ڕایدەگەیەنێت، سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی، کە سیاسەتمەدار و وەزیرێکی پێشووی حکومەتی عێراق بووە و چەندین پۆستی باڵای هەبووە، ئاشکرای دەکات: بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە مانگی داهاتوو، سوپای عێراق بە رەزامەندی ئێران پرۆسەیەکی سەربازیی دژی حەشدی شەعبی ئەنجام دەدات.

بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان لە بەرپرسانی باڵای عێراق کردووە، رێکار و رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەو پێشهاتانەی بەرامبەر حەشدی شەعبی رودەدەن، کە بە هۆی پرۆسە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەوە ئەگەری رودانیان هەیە.

بەوتەی سەرچاوەکە، کە نامەکەی ئەمەریکای پێگەیشتووە، لە مانگی حوزەیران و تەمموز لەلایەن یەکەیەکی راهێنراوی سوپای عێراق و بە پاڵپشتی ئەمەریکا پرۆسە سەربازییەکە ئەنجام دەدرێت، بۆ کۆتایی هێنان یان بچووکردنەوەی تەواوەتی حەشدی شەعبی.

واشنتن وای دەبینێت ئەو پاساوەی لە ساڵانی دوایی مانەوەی حەشدی شەعبی پێ درێژ دەكرایەوە كۆتایی هات، كە لەناوبردنی داعش بوو، ئەوەشی سەركردەكانی حەشد دەیكەن بۆ كردنیەتی بە هێزێكی گەورەتر لە هێزە فەرمییەكانی عێراق و ئەوەش دەبێتە هۆی كرانەوەی فەرمیی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ ئێران.

باس لەوەش کراوە، لە بەردەوامیی ئەو پێشهاتانەدا سوپای پاسدارانی ئێران فەرمانی بە چەکدارانی حەشدی شەعبی و گروپەکانی نزیک لە ئێران کردووە بەتایەتی "حیزبوڵڵا" و "سەید ئیمام" و "عەسائیبی ئەهلی حەق" کە ژمارەی چەکدارەکانیان لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار کەسە، هاوشانی گروپەکانی دیکەی حەشدی شەعبی کە ژمارەی ئەوان 120 هەزار کەسە، پابەندبن بەمانەوەیان لە دەوروبەر و پشتێنەی بەغدادی پایتەخت و نزیک دامەزراوە فەرمی و حکومییەکان و ناوچەکانیان چۆڵ نەکەن و تێیدا بمێننەوە و تا ئەوپەڕی بەرگریی بکەن.

جێی ئاماژەیە، پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کردبوو.

حەشدی شەعبی وەک هێزێکی بەرەی مقاوەمە دەبینرێت و لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە ئێستادا ئەو بەرەیەی تێیدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی ڕووی لەلاوازی کردووە.

سیاسەتی نەهێشتنی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمریکا و ئیسرئیلەوە دەستیپێکردووە و لاوازکردنی حیزبوڵڵا ۆ دواتر لابردنی بەشار ئەسەد لە سوریا نیشانەیەکی دیاری ئەم گۆڕانکارییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و بەم پێیەش کپکردن و نەهێشتنی حەشدی شەعبی لە عێراق وەک بەشێک لەم سیاسەتە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP