دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

نەوشیروان سەعید: لەناوخۆدا چاکسازی و لەدەرەوە دیبلۆماسیەت روانگەی مەسرور بارزانییە بۆ سەرکەوتن

هەرێم نیوز

 

سازدانی: شەنکار عەبدوڵا

نەوشیروان سەعید، نووسەر و ئەکادیمی، پێی وایە ئەنجامدانی گرێبەتی 110ملیار دۆلاری  حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان قۆناغێکی نوێی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و   ئەمریکایە ودەکرێت بەقۆناغی کردنەوەی گرێی مێژووی ناوی ببەین، لەچاوپێکەوتنێکی دەزگای میدیای هەرێم نیوزدا، نەوشیروان سەعید بەوردی شیکردنەوە بۆ ئەو دووگرێبەستە گرنگەی نێوان هەرێم و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات لەبارەی دەرهێینانی گاز و نەوتی هەرێم، کەدواجار فاکتەرێکی باش دەبن، بۆ زیادکردنی بەرهەمی کارەبایی هەرێم و عێراقیش رزگار دەکات لەوابەستەیی بەگاز و کارەبایی ئێرانەوە کەبەردەوام عێراق ئیحراج دەکات لەبەردەم ئەمریکییەکاندا.

*سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریكاو ئەنجامدانی دوو گرێبەست بە بڕی زیاتر لە سەد ملیار دۆلار، چ كاریگەرییەكی لەسەر دۆخی هەرێم وەك ئەكتەرێكی نادەوڵەتی دەبێت لە ئێستاو داهاتوو؟

نەوشیروان سەعید: بە تێڕوانین لە ئەنجامەكانی، دەتوانبن بڵێین سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ واشینتۆن سەرەتای بنیادنانی قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا كە دەكرێت بە قۆناغی كردنەوەی گرێی مێژوویی ناوی بنێبن لەدوای هەردوو ئەزموونی ڕێكەوتننامەی جەزائیرو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئەم قۆناغە بە هاوپەیمانی و بەرژەوەندی هاوبەش و متمانە دەناسرێتەوە.

نەوت و گاز دوو كارای فشاری جیۆسیاسی كاریگەرن لەسەر هاوپەیمانی و ململانێ سیاسی و ئابوورییەكان. سەرچاوەكانی ووزە لەگەڵ ئەوەی بەدرێژایی مێژووی دەركەوتنیان هۆكاری بەهێزكردنی ئامانجە نیشتمانییەكان و پێشكەوتنی وڵاتان بوون، هەمیشە تەوەری گرنگی دیبلۆماسییەتی جیهانی بووەو ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە بڕیاری ئابووری و سیاسی جیهانی، بە جۆرێك هیچ كاڵایەكی تر نییە لە جیهاندا كە هێندە كاریگەریی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبێت.

نزیكەی نیوەی تەواوی ئەو جەنگانەی لەساڵی 1973وە ڕوویانداوە بە میكانیزمێكی سەبەبی یان زیاتر پەیوەندییان بە بەرژوەندی نەوتییەوە هەبووەو دوای 11ی سێپتەمبەری 2001یشەوە پێگەی نەوت لە ململانێكان زیاتر دەركەوتووە.

بەم گرێبەستانە، هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگی نا بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆیو تەنانەت وێنا كردنەوەی ڕوخساری سیاسی عێراقیش لە قۆناغی داهاتوودا. ئەمەش بەرهەمی خوێندنەوەی قووڵی مێژووی پەیوەندییەكان و ڕێگای سەركەوتنە بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لەدوای ساڵی 2014وە بەسەریدا سەپێنراوە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەرنامەی چاكسازیی كابینەكەی مەسرور بارزانی بۆ چەسپاندنی بنەماكانی ئیدارەی سەركەوتوو سەرپێ خستنی كەرتەكانی خزمەتگوزاری و چاكسازی دارایی، سەرەڕای كێشەو بەربەستەكانی سەر ڕێگای، ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە.

لەسەر ئاستی دەرەوەش جووڵە دیبلۆماسییەكانی لەسەر ئاستی ووڵاتانی كەنداو تا كۆنگرەكانی داڤۆس و دوایینیشیان گرێبەستە مێژووییەكانی وەبەرهێنانی نەوت و گازی كوردستان لە واشینتۆن، ڕەنگدانەوەی ئەو دیدو جیهانبینییەن كە ئاسۆی سەركەوتنێكی گەورەیان لێوە دیارە.

*بۆچی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان یان ناڕازییەكان بەردەوام دژی هەموو هەوڵێكی حكومەتن ئەگەر زۆر باشیش بێت؟ ئایا هاوڵاتی باوەڕ بەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە دەكات؟

نەوشیروان سەعید: ئۆپۆزسیۆنی سیاسی یەكێك لە گرنگترین بنەماكانی دیموكراسیەتە لە سیستەمەكان و لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە كۆمەڵێك هێزو جووڵانەوەو كەسایەتی كە لە دەرەوەی دەسەڵات كە میتۆدی ڕەخنەگرتن لە ئەداو ڕاستكردنەوە و باشتركردنی دەسەڵاتەكان دەگرنە بەر.

ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە هەم بەرهەمی دیموكراسیەت و پلورالیزمەو هەم زەمینەی بەهێزكردنیانە لە چوارچێوەی دەستورو بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەو وڵات و پاراستنی ماف و ئازادییەكان. ئۆپۆزسیۆن دژایەتی سیستەمی گشتی و ئامانجە باڵاكانی نەتەوە ناكات، بۆیە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت گومان دەكەم لەژێر پێناسەی ئۆپۆزسیۆن جێگەی بێتەوە، بەڵكو زیاتر تەعبیر لە داڕووخانێكی گەورەی ئەخلاقی و كەسایەتی بەزیو دەكات كە جارێك گیرۆدەی سیندرومی ستۆكهۆڵم و جارێك لە فۆرمی گرێی مێژوویی پاشكۆیەتی و دوونییەت خۆی مانیفێست دەكات.

ناتوانیت لە تەواوی دنیادا ئۆپۆزسیۆنێك بدۆزیتەوە كە دژی ئامانجە نیشتمانییە ڕاستەقینەكانی وڵات و میللەتی خۆی بێت، هەموو بەرنامەی خۆی لە ڕادەستكردنی خاك و سەروەری و موقەدەراتی وڵاتەكەی چڕ كردبێتەوە.

*بەشێك لە چاودێران پێیانوایە مەسرور بارزانی لەم گرێبەستەدا بە باشی لە زمان و مێشكی ئیدارەی ترامپ تێگەیشتووە، كە زیاتر پارە دەخوێنێتەوە، ئەم گرێبەستانە زیاتر ئیدارەی ئەمریكا هان بدات بە ئاراستەی هاتنە هەرێم و بایەخدان، ئایا لەم گرێبەستەدا ئەم ئامانجە دەپێکێت؟

نەوشیروان سەعید: گرێبەستە سەدودە ملیار دۆلارییەكەی كوردستان، دیارییەك نییە پێشكەش بە ئەمریكا كرابێت، بەڵكو پرۆژەیەكی گرنگی گەشەپێدان و فراوانكردنی پیشەسازی گازو نەوتە كە كاریگەریی گەورەی لەسەر ئاییندەی گەشەی ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت.

ئەم گرێبەستانە لە بنەڕەتدا ئابوورین و سەرەڕای كاریگەریی سیاسییان، بەڵام ناكرێت وەك ئاڵووێری سیاسی پەتی لێكبدرێنەوە.

زۆر جار باس لە دیدی ئابوورییانەی قازانخوازی دۆناڵد ترەمپ دەكرێت، پێموایە لەمەدا ترەمپ تەنها نییەو لەلایەك نوێنەرایەتی هێڵێكی پانی سیاسەتی ئەمریكا دەكات و لەلایەكی تریش وێنەیەكی بێ ڕتووشی لیبرالیزم پیشان دەدات، لەمەشیاندا تەنها نییە چین و ژاپۆن و ئەوروپییەكانیش بۆ پەرەپێدان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان هەمان شت دەكەن، ئەوەی جیاوازە ئەو مانۆڕە ئاشكراو دەربڕینە ڕوونەیە كە سەرۆك ترەمپ دەیكات.

سیاسەتی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان، لە نەخشەسازیی ستراتیژیدا، پێگەی ووزە لەبەرچاو دەگرێت و لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و ئامانجی دوور مەودا وەبەرهێنانی تێدا دەكات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP