دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ هۆشداری داوە بە ناتانیاهۆ بە هێرشکردنە سەر ئێران دانوستانەکان تێکنەدات

هەرێم نیوز

 ترەمپ هۆشداری داوە بە ناتانیاهۆ خۆی دووربگرێت لەوەی هەر کارێک بکات ببێتە هۆی تێکچوونی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران. بەپێی زانیارییەکان ئەمە دوای ئەوە دێت ترەمپ زانیویەتی ئیسرائیل سەرقاڵی خۆئامادەکردن بووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی کۆشکی سپی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە، ترەمپ هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ناتانیاهۆی هۆشداری داوە لەوەی دووربکەوێتەوە لە گرتنەبەری هەر کارێک کە ببێتە هۆی ئەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بخاتە مەترسییەوە.

ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە، ترەمپ و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نیگەران بوون لەوەی ڕەنگە ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان بکات یان هەنگاوێک بگرێتەبەر کە ببێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی دانوستان.

باسیش لەوە دەکات کە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی خێرا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئەگەری شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

سەرچاوەکەی ئەکسیۆس ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پێی وایە ڕەنگە بەم نزیکانە هەلی ئۆپەراسیۆن بۆ لێدانی سەرکەوتووانەی ئێران نمێنێت.

بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانن لەوەی کە ناتانیاهۆ تەنانەت بەبێ ئەوەی گڵۆپی سەوزی ترەمپیشیان پێ بگات، فەرمانی هێرشەکە بدات.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە ئاماژەدان بە ڕەشبینی بنیامین ناتانیاهۆ سەبارەت بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، نووسیویەتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هێشتا پێداگری لەسەر کردەی سەربازی دەکات.

ئەو دەزگایە میدیاییە بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئاگادار لەو بابەتە نووسیویەتی لە کاتێکدا کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدات، ناتانیاهۆ هەڕەشەی پەکخستنی دانوستانەکانی کردووە بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەرەکییەکەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ناکۆکییە لەسەر باشترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی، بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرژ لە نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆدا ڕووبدات، هەروەها چەندین کۆبوونەوەی بەپەلەی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی ترامپ هێندە پەلە دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک "بە ناوی خۆیەوە" کە ڕێگە بە ئێران بدات دامەزراوەکانی مافی پیتاندنی خۆی بپارێزێت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی لە مانگی نیساندا، نەتانیاهۆ فەرمانی بە بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل کردووە کە بەردەوام بن لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بە ئۆپەراسیۆنێکی بچووکتر کە پێویستی بە هاوکاری ئەمریکا نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP