دواین هەواڵ

سەدەیەك كلتووری چێژ وه‌رگرتنی عێراق لە ستەمكاری بەرامبەر كوردستان

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

3 رۆژ پێش ئێستا

زیاتر له‌ یه‌ك سه‌ده‌ به‌ سه‌ر لكاندنی خاكی باشووری كوردستان به‌ عێراقێكی سته‌مكار تێده‌په‌ڕێت ، هه‌ر سیسته‌م و حكوومه‌تێك له‌ عێراق ده‌ستبه‌كار بووبێت هه‌ر له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی بگره‌ تا كۆماری و به‌عسییه‌كان و سوننه‌كان بگره‌ تا ئێستای شیعه‌كان له‌ ماوه‌ی 22 ساڵی رابردوو هه‌موو جۆره‌ چه‌ك وفشار وئازاردانێك به‌ شكاندنی ئیراده‌ و هه‌وڵی خۆراده‌ستكردنی كوردوكوردستان تاقیكراوه‌ته‌وه‌ 

كێشه‌ی سه‌ره‌كییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بچووكترین گۆرانكاری به‌ سه‌ر سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ی حكوومرانانی عێراقدا نه‌ماوه‌  ته‌نها گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان بووه‌ و خراپتر له‌ رابردوو له‌گه‌ڵ ماف و پرسی كورد ده‌كرێت و هه‌ر چه‌كێك كه‌ بزانن ده‌توانن ئازاری گه‌لی كوردی پێبده‌ن له‌ دژی به‌كاردێنن ، ئامانجی سه‌ره‌كیش لێدانی سه‌نگ و پیگه‌ی گه‌لی كورد و دژایه‌تیكردنی بووه‌ و شكاندنی ئیراده‌ی بووه‌ و ئێستاش هه‌موو ڕێگه‌یه‌كیان بۆ لێدانی  كوردوكوردستان گڕتۆته‌به‌ڕ.

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لاپه‌ره‌كانی مێژووی ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق ، ئه‌وه‌ له‌ رابردوو و ئێستاش ده‌بینرێت ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی كوردستان بوونه‌، هه‌موو چه‌ك و ئامرازێكیان بۆ سزادان و سته‌مكردن به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامداوه‌ ، مێژوویی ده‌سه‌ڵاته‌كانی رابردوو و دژایه‌تیكردنیان به‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی دڕنده‌ترین تاوان هه‌ر له‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و تیرۆر و وێرانكردنی سه‌رچاوه‌ ئابووری و كانیاو و هه‌زاران گوند ، بۆ ئیفلیجكردن و شكاندنی ئیراده‌ و شكۆی گه‌لی كوردستان ، له‌ ئێستاشدا چه‌كی برسیكردن ، به‌ڵام  پێده‌چێت ئه‌وانه‌ی ئێستا كه‌ درێژپێده‌ری سته‌مكارانی پێش خۆیانن مێژوویان فه‌رامۆش كرد بێت ، كه‌ كوردوكوردستان زۆر له‌وه‌ خۆڕاگرتره‌ و ئه‌و پیلان و فشارانه‌ سه‌نگ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر ده‌كه‌ن و دیكتاتۆرانه‌ش وه‌ك ئه‌وانی پێش خۆیان هه‌ره‌س دێنن .

ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له‌ ماوه‌ی 22 ساڵی رابردوو ، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سیاسه‌تی په‌راوێزخستنی هه‌رێمی كوردستانیان گڕتۆبه‌ر و نه‌یانتوانی دیموكراسی و فیدراڵیی و هاوبه‌شی هه‌رس بكه‌ن و له‌ جیاتی سیاسه‌تی په‌راوێز خستن و مامه‌ڵه‌كردن و هاووڵاتی پله‌ دوو و سیێ له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد مامه‌ڵه‌یان كردووه‌ و گشت مافه‌ره‌وا ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان پێشێڵكردووه‌ و دوژمنایه‌تییه‌كی سه‌رسه‌ختانه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن .

كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ حكومڕانانی عێراق په‌ند له‌ رابردوو وه‌ربگرن كه‌ گه‌لی كورد خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی پۆڵاین و قه‌واره‌یه‌كی به‌هێزه‌ ، گه‌لێك توانی بێتی به‌رگه‌ی كیمیاباران و ئه‌نفال و گه‌له‌كۆمه‌كی و تیرۆر و چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو بگرێت  ، ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ چه‌كی برسیكردن و مووچه‌ چۆك بۆ دوژمنان و نه‌یارانی دانانێت ، ئه‌و رۆژه‌ش نزیكه‌ كه‌ چاره‌نووسی عێراقی عه‌ره‌بی شیعی فاشیزمی له‌وانه‌ی رابردوو خراپتر و وێرانتر بێت و  چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژ به‌رۆژ له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی به‌هێزتر و كاراتر ده‌بێت .

ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراق ده‌بینرێت ، بوونی دوو حكوومه‌تی جیاواز و دوو مامه‌ڵه‌یه‌ ، چونكه‌ كاتێك حكوومه‌تێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ وڕێككه‌وتن ده‌كات ، ئه‌و حكوومه‌ته‌ سێبه‌ره‌كه‌ی تر كه‌ دیاره‌ فه‌رمان و ده‌ستوور له‌ كوێ وه‌رده‌گرێت ، ئه‌و دژایه‌تی ده‌كات و ڕێگری له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌گرێت ، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ به‌شكستی پرۆسه‌ی سیاسی و نه‌مانی متمانه‌ و چه‌ند به‌ره‌كییه‌ و ئاراسته‌كانی به‌غداش ناڕوون و به‌ره‌و داهاتوویه‌كی نادیار و تاریكه‌ ، چونكه‌ دژایه‌تیكردنی گه‌لی كورد و هه‌رێمی كوردستان و اتا شكستی یه‌كجاریی عێراق .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP