دواین هەواڵ

ئەردۆغان بەبێ دەم پارتی هەوڵی گۆڕینی دەستوور دەدات

‌كارزان گلی

3 رۆژ پێش ئێستا

هەموو هەوڵێكی رەجەب تەییب ئەردۆغان و هاوپەیمانەكەی مەهەپە، بۆ ئەوەیە لەم خولەی پەرلەماندا بتوانن دەستوور بگۆڕن، كە رێگە بە ئەردۆغان بدات بۆ جاری سێیەم و چوارەم خۆی بۆ پۆستی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا بەربژێر بكات. بەهۆی ئەوەی كورسییەكانی ئاكەپە و مەهەپە، بەشی ئەوە ناكات دەستوور بگۆڕێت، بۆیە پلانێكی دیكەیان داناوە.

پێشتر باس لەوە دەكرا، ئەردۆغان زۆر پێویستی بە دەم پارتییە تا بتوانن بەیەكەوە دەستووری توركیا بگۆڕن، بەڵام دوای ئەوەی بێئومێدییەك لە دەم پارتی بەدی كرا لەلایەن ئەردۆغانەوە، بۆیە بیر لە پلانێكی تر كرایەوە، ئەگەر سەر بگرێت، بەبێ دەنگی دەم پارتی، دەستوور دەگۆڕن.

بۆ ئەوەی ئاكەپە و مەهەپە بتوانن دەستوور بگۆڕن، پێویستیان لە ٣٦٠ دەنگی (بەڵێ)یە لەناو پەرلەمانی توركیا، بەڵام دەنگی هەردوو پارتی هاوپەیمان دەگاتە ٣١٨ كورسی، ٥٠ كورسی بۆ مەهەپە و ٢٦٨ بۆ ئاكەپە، بەم ئەنجامە ناتوانن دەستوور بگۆڕن.
دوای ئەوەی مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، دوای شكستەكەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا دەستی لەكاركێشایەوە، ئەمە یارییەك بوو كە دەبوایە بیكات لە بەرژەوەندی ئەردۆغان و پارتەكەی، چونكە روونە كە تەواوی پەرلەمانتارەكانی سەر بە پارتی خاس، سەر بە ئاكشەنەرن و ئاشكراشە كە ئاكشەنەر، دوای ئەوەی نێوانی لەگەڵ كەمال كلیچدارئۆغڵو تێكچوو و داوای كرد كلیچدارئۆغڵو نەبێتە بەربژێری هاوپەیمانیی (میللەت) كە لە نێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دروست ببوو، ئاكشەنەر خۆی لە ئەردۆغان نزیك كردەوە، تەنانەت چووە كۆشكی كۆماریی و كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ ئەردۆغاندا ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی (قەرار)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان دەیەوێت لە رێگەی كورسییەكانی پارتی خاس، كە ٤٣ كورسییە، بتوانێت دەستوور بگۆڕێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو ٤٣ پەرلەمانتارانەی پارتی خاس، هەموو بەیعەتیان بە ئاكشەنەر نەداوە، واتە بەشێكی ئۆپۆزسیۆنن و لەگەڵ ئەوەدا نین كە دەستوور لە بەرژەوەندی ئەردۆغاندا بگۆڕن، بۆیە ماوەیەكە لەناو پارتی ئاییندە و پارتی دەوا، چەند پەرلەمانتارێك دەستلەكاركێشانەوەیان دەستپێكردووە و دەچنە ناو ئاكەپە، میدیاكان دەڵێن، ئەوان لەلایەن ئاكەپەوە دەكڕدرێن.

ئەگەر سەیری لێدوانەكانی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی پارتی ئاییندە بكەین، زۆر نەرمە بەرامبەر بە ئەردۆغان و تەنانەت سوپاسی دەكات كە سیاسەتێكی باشی لەبارەی سووریا پەیڕەو كرد و دەڵێت، راستە ئاكەپە نیم، بەڵام ئامادەم هاوكارییان بكەم.
ئەمە دەریدەخات، كە رەنگە پارتی ئاییندە كە خاوەنی ١٠ كورسی پەرلەمانە، بچێتە پاڵ ئاكەپە و پشتگیری بكات بۆ گۆڕینی دەستوور.

ئەگەر ئەردۆغان، بەبێ كورسییەكانی دەم پارتی بتوانێت دەستوور بگۆڕێت و رێگە بۆ خۆی خۆش بكات بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، كاریگەریی خراپی لەسەر پرسی كورد دەبێت، هەروەها دەم پارتی ناتوانێت ببێتە كارتی فشار بۆ ئەوەی لە دەستووری تازەدا مافی كورد جێگیر بكرێت، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدرێت تا بتوانن پەرلەمانتارەكانی سەر بە پارتی خاس، بەهیچ شێوەیەك نەچنە پاڵ ئاكەپە و مەهەپە، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە بوو، ئەوكات هیچ بەربەستێك لەبەردەم ئەردۆغاندا نامێنێت تا شەڕی مانەوەی لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی توركیا بكات.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP