دواین هەواڵ

رۆژئاوا پێویستی بە سەرۆك بارزانییە تا ئەزموونەكەی بپارێزێت

‌كارزان گلی

6 رۆژ پێش ئێستا

پێویستە هەموومان پشتگیری لە رۆژئاوای كوردستان بكەین، ئەگەر رۆژئاوا بكەوێت، پایەكانی فیدڕاڵی لە هەرێمی كوردستان مەترسی رووخانی دەبێت و پێگەی كورد لە باكوور و رۆژهەڵات لاواز دەبێت، بۆ مانەوەی رۆژئاوای كوردستانیش، چەندە فەرماندە و شەڕوانی بوێر و چەكی قورس گرنگن، سەركردەیەكی كاریزما دوو بەرامبەر گرنگترە كە بەزمانی دیبلۆماسی بتوانێت پێگەی كورد بەهێز بكات.

بیر لە حیزبایەتی مەكەرەوە، واقیعبینیش بەو خۆت هەڵمەخەڵەتێنە، لەم كاتەدا تاكە سەركردە كە كاریزمایە و نێودەوڵەتییە و حیسابی بۆ دەكرێت سەرۆك بارزانییە، كەوایە بۆچی رۆژئاوای كوردستان رووی تێناكات و داوای هاوكاری لێناكات؟
پێشتر، چەندین سەركردەی كاریزمامان هەبوو، ئەوان رۆڵی كاریگەریان لە ناوچەكەدا هەبووە، بەڵام هەموویان كۆچی دواییان كردووە، ئەوەی ماوەتەوە سەرۆك بارزانی و عەبدوڵا ئۆجەلانە. حاڵی ئۆجەلان روونە، كە زیاتر لە ٢٤ ساڵە لە زیندانە و سیاسەت ناكات، ئەوەی ماوەتەوە و گرنگە رووی تێبكرێت سەرۆك بارزانییە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، لە زیندانی ئێدیرناوە داوای لە سەرۆك بارزانی كرد، دەستبەرداری كۆنگرەی نەتەوەیی نەبێت. لەیلا زانا، بەردەوام بارزانی بە رابەر و كاریزما ناو دەبات، بۆیە بارزانبی تەنیا سەركردەی كاریزما، رۆڵی دەبێت لەوەی رۆژئاوا لەدەستی ئەو گورگانە بپارێزێت. 

لە هەر كەسێك بپرسیت، مەرسیترین لایەن كێیە بۆ ئەوەی رۆژئاوای كوردستان لەناو ببات؟ یان كورد لە داهاتووی سووریا هیچ پیگەیەكی نەبێت، یەكسەر دەڵێن توركیا. ئاشكرایە پەیوەندی دیبلۆماسی سەرۆك بارزانی و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان زۆر باشە، پێویستە سوود لەو پەیوەندییە وەربگیرێت بۆ ئەوەی توركیا نەبێتە مەترسی بۆ سەر رۆژئاوا.

نموونەمان هەیە، ئەوكاتەی كۆبانێ لە لێواری كەوتن بوو، كە گروپی تیرۆرستی داعش بە چەكی قورس پەلاماریدا، سەرۆك بارزانی، بەو پەیوەندییە دیبۆماسییەی لەگەڵ توركیا و ئەردۆغان هەیبوو، توانی بڕوایان پێبهێنێت كە هێزێكی راهێنراوی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە بچنە كۆبانێ و ئاڕاستەی شەڕ گۆڕا و داعش تێكشكێنرا. گەریلا شەڕێكی مەدرانەیان كرد، پێشمەرگەش لە كات و ساتێكی زۆر گرنگ پشتی براكانیان گرت.

هەموو میلەتانی دونیا، كاتێك دەكەونە تەنگانە و دوژمن تینیان بۆ دەهێنێت، یەك دەگرن و واز لە دژایەتیكردن دەهێنن، تەنیا كوردە، لە كاتی تەنگانەشدا هەر دژایەتی یەكتری دەكەن، ئاخر ئەوەی لە ئەلف و بێی سیاسەت بزانێت، تێدەگات سەرۆك بارزانی، رۆڵی زۆر گەورەی لە ناوچەكەدا هەیە، كەوایە دەبێت لەم كاتەدا ببێتە رابەری رۆژئاوای كوردستانیش لەڕووی دیبلۆماسییەوە.

پەكەكە هیچ سوودێكی دیبلۆماسی بە رۆژئاوا ناگەیەنێت، بەڵام بارزانیی ئەو فریادەڕسەیە، كە پێویستە هەموو كۆك بن لەسەر ئەوەی، بیكەن بە رابەری كورد و لە هەموو دانوستاندنێكدا بۆ داهاتووی سووریا، بەناوی كوردەوە قسە بكات و گفتوگۆ بكات.

مەبەستمە بڵێم، كۆنگرەی نەتەوەیی زیندوو بكرێتەوە بە زووترین كات، سەرۆك بارزانی ببێتە سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی و ئیدی بەناوی كوردەوە، لەبارەی پرسی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان قسە لەو وەربگیرێت.

 بێگومان، سەرۆكیش گوێ لە هەموو پارتە سیاسییەكان و بەرپرس و سەرۆكی پارتەكان بگرێت و بە كۆی دەنگ بڕیار لەبارەی پرسی كورد بدرێت، بەتایبەت لە رۆژئاوای كوردستان، دڵنیام ئەمریكا و ئەورووپاش ئەم هەنگاوەیان پێ گرنگ و باش دەبێت.
میللەتی هۆشیار، هەمیشە لە ساتە سەختەكاندا سەركردەی كاریزما هەڵدەبژێرێت، بۆ نموونە، لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەریتانیا چووە ناو هەڵبژاردن، چەرچڵ، توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆك، بەڵام دوای ئەوەی جەنگ كۆتایی هات، چەرچڵ خۆی بەربژێر كردەوە و لە مێشكی خۆی وای دانابوو، كە براوەی جەنگە و میللەتی بەریتانیا دەنگی دەدەنێ، بەڵام وا دەرنەچوو و چەرچڵ شكستی هێنا.

گەلی بەریتانیا ئەو پەیامەیان بە جیهاندا، كە لە كاتی جەنگدا چەرچل گرنگ و پێویستی بوو، بەڵام دوای جەنگ، كاری ئەو تەواو بوو و دەبێت كەسێك سەرۆك بێت، وڵات بونیاد بنێتەوە.

ئێمەش دەبێت وا بیر بكەینەوە، بەتایبەت رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئێستایان سەرۆك بارزانی گرنگە، تا پێگەیان لە داهاتووی سووریا بەهێز بكات، دوای ئەو پرۆسەیە، ئیدی دەتوانن بۆ خۆیان سەرۆكێك هەڵبژێرن و داهاتووی وڵاتی خۆیان رۆشن بكەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP