دواین هەواڵ

ئایە سووریا دەبێتە باخچەی پشتەوەی توركیا

‌كارزان گلی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە چەند رۆژی داهاتوو سەردانی سووریا دەكات و لە مزگەوتی ئومەوی لە شام نوێژ دەكات، هەروەها ئاماژەی دا هاوكارییەكانی توركیا بۆ سووریا بەردەوامی دەبێت.

ئەردۆغان، لە كاتی گەڕانەوەیدا لە میسر، لەناو فڕۆكە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی سووریا دوپاتیكردەوە، لەم كاتەدا سووریا زۆر پێویستی بە توركیایە، بۆیە وەكوو توركیا هەرگیز سووریا بەتەنیا جێناهێڵن.

ئەردۆغان، لە بەشێكی تری قسەكانیدا لەبارەی یەپەگە و پەكەكە گوتی: ”بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەپەگە و پەكەكە، ئێمە سوورییەكان تەنیا جێناهێڵین، لەماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ هاكان فیدان دەچینە سووریا، ئێمە بەیەكەوە پێكهاتەی سووریا دادەڕێژینەوە.“
ئەردۆغان، بەپێویستی دەزانێت، بۆ داهاتووی سووریا، دەستوورێكی بەرفراوان گرنگە و هەروەها سیستەمێكی تازە بونیاد بنێن. هەروەها دووپاتیكردەوە كە لەگەڵ جۆلانی و بەرپرسانی سووریا دەكەونە گفتوگۆ و یارمەتیان دەدەن.

ئەم گوتانەی ئەردۆغان، بەلای بەشێكی زۆری شڕۆڤەكارانی سیاسی ئەوە دەگەیەنێت، كە ئەو دەیەوێت لە داهاتووی سوویادا رۆڵی زۆر گەورەی هەبێت، تەنانەت لە كاتی نووسینەوەی دەستوور و پێكهاتەی سیستەمی تازەدا، توركیا رۆڵی گەورە و كاریگەری هەبێت.

ئایە تەحریر شام ناوی لە لیستی تیرۆری توركیا دەردەهێنرێت؟

تەحریر شام و خودی (ئەحمەد شەرع) سەرۆكی ئەو دەستەیە، لەلای توركیا لەلیستی تیرۆرن، بەڵام لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (جەزیرە)، هاكان فیدان لەبارەی دەرهێنانی تەحریر لە لیستی تیرۆر گوتی: ”كاتی هاتووە لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا تەحریر شام ناوی لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت، هەروەها توركیا لەوڕووەوە هەنگاو دەهاوێت.“

ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) لە ١٢ی١٢ی ٢٠٢٤، سەردانی شامی كرد و لە مزگەوتی ئومەوی لە شام نوێژی هەبینی كرد.

هەروەها لە ١٤ی ١٤ی ٢٠٢٤، توركیا بەفەرمی لە شام باڵوێزخانەی خۆی كردەوە، ئەم هەنگاوانەی توركیا شەرعییەتدانە بە تەحریر شام و حكوومەتی كاتی سووریا، بۆیە لەماوەیەكی زۆر نزیكدا توركیا لە پەرلەمانەوە ناوی ئەحمەد شەرع و تەحریر شام لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێت.

ئەردۆغان، وەكوو ئەوەی باسی كرد، بە زۆر هیچ ئاوارەیەكی سووری ناگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەوەی دەگەڕێتەوە بە ئارەزووی خۆی دەبێت و ئەوان لەسەر سەری خۆیان دادەنێن ئەگەر نەگەڕێنەوە سووریا.

بەڵام ئەردۆغان، لەگەڵ ئەوەدایە ئاوارە سوورییەكان بیر لە داهاتووی وڵاتی خۆیان بكەنەوە، چونكە لە هەموو روویەكەوە سووریا داڕووخاوە، بەتایبەت لە كەرتی ئاژەڵداری، وەبەرهێنان، پیشەسازی و زۆری تر، بۆیە گرنگە ئاوارە سوورییەكان دەستیان هەبێت لە بونیادنانەوەی وڵاتی خۆیان.

یەشار گوللەر، وەزیری بەرگری توركیا، دەڵێت رۆژانە ١١٠٠ بۆ١٥٠٠ ئاوارەی سووری دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، پێشتر ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ئاوارە گەڕاونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات كە ئاوارە سوورییەكان مەیلیان هەیە خزمەتی وڵاتی خۆیان بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەردۆغان پلانی هەیە، لە داهاتووی سووریادا رۆڵی گەورەی هەبێت، بەتایبەت لە بونیادنانەوەی سووریا، كە دەیان كۆمپانیای توركی خۆیان ئامادە كردووە وەبەرهێنان لە سووریادا بكەن، جیا لەوەش لەڕووی سیاسییەوە توركیا دەیەوێت سووریا بكاتە باخچەی پشتەوەی خۆی و حكوومەتی سووریا لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆی بێت، بەڵام تا چەند ئەحمەد شەرع، دەچێتە ژێر كۆنتڕۆڵی توركیا، لە داهاتوویەكی نزیك دەردەكەوێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP