هێزەكانی ئیسرائیل، بەشێوەیەكی فراوان لە بەرزاییەكانی جۆلان جێگربوونە و ناوچەیەكی فراوانیشیان بەتەواوی دابڕیوە و لەخۆیان زیاتر هیچ هێزێك بۆی نییە نزیكی ببێتەوە. بونیامین ناتانیاهو، لە وتارێكدا ئاماژەیدا، بەهۆی رووخانی رژێمی ئەسەد و زۆربوونی گروپە چەكدارە رادیكاڵەكان لە سووریا، پێویستە ئیسرائیل بپارێزین، بۆیە بەرزاییەكانی جۆلان دەبێتە ئەو شوێنەی پێگەی ئیسرائیلی تێدا بەهێز دەبێت.
بەرزاییەكانی جۆلان لە كوێیە و لەژێر كۆنتڕۆڵی كێدایە؟
بەرزاییەكانی جۆلان، دەكەوێتە رۆژئاوای باشووری سووریا، بەڵام درێژ دەبێتەوە تا باكووری رۆژهەڵاتی ئیسرائیل، واتە ئەو بەرزاییە بەئاسانی دەتوانێت ئیسرائیل ببینێت و ببێتە مەترسی بۆی. ئەگەرچی ئەوێ خاكی سووریایە، بەڵام ئیسرائیل داگیری كردووە.
لە ١٩٦٧ حەوت رۆژ شەڕ لەنێوان سووریا و ئیسرائیل هەڵگیرسا لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان، سووریا پەلاماری ئیسرائیلیدا و ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە، پاشان ١٢٠٠ كیلۆمەتر كەوتە ژێر دەستی ئیسرائیل و سووریا هیچی پێنەكرا.
سووریا، لە زۆر رێگەی ترەوە هەوڵیدا بەرزاییەكانی جۆلان وەربگرێتەوە، بەڵام شكستی هێنا و سەركەوتوو نەبوو.
لە ١٩٧٤، هەردوو وڵات رێككەوتن كە بەدرێژایی ٨٠ كیلۆمەتر لە دەرەوەی بەرزاییەكانی جۆلان بوونیان هەبێت، جۆلان داببڕێنن لە یەكتری، لەوكاتەوە چەندینجار ئەو دوو وڵاتە یەكتری تۆمەتبار دەكەن بەوەی پێشێلی رێككەوتنەكەیان كردووە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هیچ قسەیەكی لەوڕووەوە نەكردووە.
حكوومەتی پێشووتری ئیسرائیل، دەیگوت تا هێزەكانی ئیسرائیل بەتەواوی لە جۆلان نەكشێنەوە، بەهیچ شێوەیەك هیچ رێككەوتنێكی ئاشتیان لەگەڵدا ناكەین. لە مانگی رابردووش، واتە بەر لەوەی رژێمی ئەسەد بكەوێت، لە نەتەوە یەكگرتوەكان داوای یاساییان لەسەر ئیسرائیل تۆمار كرد، بەوەی لە بەرزاییەكانی جۆلان، ناوچەیەكی فراوانیان دابڕیوە و كردویانە بە خاڵی سەربازی.
بەرزاییەكانی جۆلان بۆ گرنگە؟
لە ١٩٤٨ تا ١٩٦٧، سووریا لە بەرزاییەكانی جۆلانەوە بەردەوام بە تۆپ بۆردومانی باكووری ئیسرائیلی كردووە، چونكە لەوێوە بەئاسانی دەتوانیت كۆنتڕۆڵی ئەو بەشەی ئیسرائیل بكەیت.
جیا لەوەش، بەرزاییەكانی جۆلان، ٦٠ كیلۆمەتر لە باكووری شام و بەشێكی زۆریش لە باشووری سووریاوە بەئاسانی دەبینرێت. ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بتوانێت بەئاسانی كۆنتڕۆڵی هەموو جموجۆڵێكی سەربازی سووریا بكات، جۆلان گرنگترین شوێنە بۆی.
لە هەمان كاتدا، جۆلان ناوچەیەكە زۆر دەوڵەمەندە لەڕووی سامانی ئاو، ئەو بارانەی لەو بەرزاییە دەبارێت، دەچێتە رووباری ئوردن و تەواوی ئەو خاكەی دەورووبەری خۆی كە باغێكی گەورەی ترێیە تێر ئاو دەكات، هەروەها ئاژەڵەكانیش هەر لەوێ دەلەوەڕن، چونكە بەردەوام ئاوی هەیە و هەرگیز وشكەساڵی بەخۆیەوە نەبینیوە.
دەریاچەی تەبەرییە لە سووریا و دەریاچەی كینێرت لە ئیسرائیل، ئاوەكەی لەلایەن ئاوی بەرزاییەكانی جۆلانەوە دابین دەكرێت، واتە ئاوی پاكی بەشێكی ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلانەوە دابین دەكرێت، بۆیە ئیلبەر ئاڵتایڵی، مێژوونووسی بەناوبانگی توركیا دەڵێت: ”یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی مانەوەی ئیسرائیل لە جۆلان، بوونی ئاوی پاكە لەوێ، گەر ئەو ئاوەی نەبایە، ئێستا لەوێ نەمابوو.“
بەگوێرەی زانیارییەكانی (BBC) توركی، رای گشتی ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەدایە بەرزاییەكانی جۆلان لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان بێت، چونكە لەڕووی سامانی ئاوەوە سوودی زۆری بە ئیسرائیل گەیاندووە.
كێ لە بەرزاییەكانی جۆلاندا دەژیت؟
بەرزاییەكانی جۆلان، زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەب بوون، بەڵام دوای شەڕی ١٩٦٧، زۆربەیان جۆلانیان بەجێهێشت.
لە بەرزاییەكانی جۆلاندا، ٣٠ هەزار زیاتر جولەكە دەژیت، ئەمەش دوای ئەوەی شەڕی ١٩٦٧ كۆتایی هات ئیسرائیل، خەڵكی خۆی هێنا و لەوێی نیشتەجێ كرد. هەرچەندە ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دژی یاساكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئیسرائیل گوێی پێ نەداوە.
هەرچەندی ئیسرائیل ئەو ناوچەیەی داگیر كردووە و كۆنتڕۆڵی تەواوی كردووە، بەڵام تاوەكوو ئێستاش ٢٠ هەزار سووری لە بەرزاییەكانی جۆلاندا ماون و بەجێیان نەهێشتووە.
سووریا، بەبەردەوام دەڵێت بەرزاییەكانی جۆلان خاكی ئێمەیە و دەبێت هەر وەریبگرینەوە، بەڵام ئیسرائیل پێیوایە، جۆلان گرنگترین ناوچەیە كە لەوێوە ئیسرائیل بتوانێت خاكی خۆی لە گروپە توندڕەوەكان بپارێزێت، بەتایبەت حیزبوڵا.