رەوشی سووریا دوای داگیركردنی حەلەب لەلایەن هەیئەی تەحریر شام زۆر ئاڵۆز بووە، بەڵام ئەوەی تاوەكوو ئێستا هەیە، ئەمریكا بەپاڵپشتی ئیسرائیل، خەنجەری لە رژێمی سووریا و رووسیادا.
ئیسرائیل و توركیا و ئەمریكا، كۆكن لەسەر ئەوەی لە سووریا هێزە سوونییە رادیكاڵەكان خاكیان بەرفراوان بكەن و بەهێز ببنەوە، بەڵام رەنگە بۆ یەك دوو ساڵ زیاتر توركیا قازانج بكات و هاوكێشەكە لە بەرژەوەندی توركیا بێت، بەڵام دوای چەند ساڵێكی تر، بەناچاری سووریا بەسەر سێ هەرێم دابەش دەبێت، هەرێمی كورد و سووننە و شیعە، رێك وەكوو عێڕاق.
كوردەكانی رۆژئاوا، زۆر هەوڵیاندا تا لەگەڵ ئەسەددا رێكبكەون و لەدەستووری تازەدا دانیان پێدا بنرێت، بەڵام غرووری ئەسەد و پاڵپشتی رووسیا وای كرد داوای كورد پشتگوێ بخات.
ئەو خاكەی رژێمی سووریا لەدەستی داوە، زۆر ئەستەمە جارێكی تر بتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە، چونكە ئەو هێزە و پاڵپشتییەی نەماوە، بۆیە دەسەڵاتی ئەسەد لەشامیش لە مەترسیدایە. ئەگەر بێت و رووسیا دەستبەرداری ئەسەد ببێت و پاڵپشتی نەكات، ئەمریكا و ئیسرائیل و توركیا، بەئاسانی لەناوی دەبەن.
بابەتێك هەیە گرنگە بیزانین، هەندێك لە گروپە توندڕەوەكانی سوونی لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكا و ئیسرائیلن، بۆیە ئەگەر ئەوان پەلاماری رۆژئاوا بدەن بەمەبەستی لەناوبردنی هەسەدە، پێگەی خۆیان و توركیا لە سووریا دەخەنە مەترسییەوە، چونكە ئەمریكا لێیان دەدات.
رەنگە هەسەدە، ئەو خاكانە لەدەست بدات كە تەواوی دانیشتوانەكەی عەرەبن، بەڵام ناتوانن تەواوی رۆژئاوا داگیر بكەن، بۆیە ئەگەر زۆرە لە داهاتوویەكی نزیكدا، سووریا بەسەر سێ هەرێمدا دابەش ببێت، ئەویش هەرێمی كورد و سوونە و شیعە.
سیاسییە بەناوبانگەكانی باكووری كوردستانیش، لەمیدیاكانەوە داوا دەكەن، توركیا رازی بێت رۆژئاوا ببێتە هەرێمێك سەر بە سووریا، لەچوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵی.