دواین هەواڵ

بۆ پاراستنی کورد پێویسیە گۆڕانکاری بنەڕەتی ڕووبدات

‌سەرۆ قادر

پێش 2 هەفتە

لەگەڵ سەرکەوتنی دەستەی ڕزگاریی شام، شەڕی دژی ڕۆژاڤای کوردستانیش کڵپەی سەند. ئەو شەڕە لە هەموو ڕوویەکەوە چاوەڕوان دەکرا، بەتایبەتی بەو دەسەڵاتەی تورکیا لەمەولا لە ناو سوریا هەیەتی و لەوانەیە بەردەوامیش بێت. بۆ خۆدەربازکردن لەو شەڕە هەموو ناوەندە شارەزایەکانی کوردی و سوری و نێودەوڵەتیش باسیان لە پێویستی پچڕاندنی پەیوەندی ڕێکخراوەیی و فکری پەیەدە لەگەڵ پەکەکە دەکرد. ئەو پەیوەندییە وابەستەییەی پەیەدە تا ڕادەی لقی پەکەکە بوون لە کوردستانی لای سوریا، کێشەی بەردەوامی لە سیاسەت و کردار و جۆری بەڕێوەبردن و شێوەی ڕێکخستنی نیشتمانیی کوردستانی سوریای بۆ کوردەکانی ئەوێ و پێکهاتە هاوبەشەکانیان دروست دەکرد. لە هەمووی زەقتر تاکڕەوی ڕێکخراوەیی بوو کە لە سیانزدە ساڵی ڕابردودا ڕێگای نەدا حزب و لایەنە کوردی و ناکوردییەکان بەشداری ژیانی سیاسی و سەربازی ئەوێ ببن. بەوەش گرنگترین ئامانج ون بوو کە یەکڕیزی نیشتمانی ئەوێیە.

دوای گۆڕانی سیاسی لە سوریا پێشبینی ئەوە دەکرا ئیدی بۆ پەیەدە نەلوێ لەو سیاسەتە ئایدیۆلۆژییە وابەستەییەی بەردەوام بێت. چونکە حکومەتی نوێی سوریا ئەو پەیوەندییەی پێ قبوڵ ناکرێت و تورکیاش بەو کاریگەرییەی بەسەر دیمەشقی نوێدا هەیەتی ئەو خواستەی دەوڵەتەکە گوڕتر دەکات. هەروەها دوای ڕوخانی بەشار ئەسەد حزبە کوردییەکان بەبێ هیچ هەماهەنگی و هاوکاری نوێنەریان ناردۆتە پایتەختی ئەو وڵاتە. دەسەڵاتی دەستەی ڕزگاری شام تا ئێستا لە ئاستی بەرز و ڕەسمی دا بایەخێکی ئەوتۆی بە هیچ لایەکی کورد نەداوە، لەبەر ئەوەی بە لاوازی و پەرتەوازەیی لە دەرگای شام دەدەن. ئەگینا بە هەموو لێکدانەوەیەک کورد لەسەر گۆڕەپانی واقیعدا دووەمین هێزی بەدەسەڵاتی سوریا پێکدێنن و ٢٠%ی خاکی ئەو دەوڵەتەیان لە دەستدایە.
هەڵبەت پێگەی نێودەوڵەتی کوردی سوریا بە هۆی ئەو گۆڕان و هەڕەشانەی هەیە، زۆر بە هێزە. ئەمریکا و ئەوروپا بە ئاشکرا دیفاع لە ڕۆژاڤا دەکەن و لەوانەیە سوپای تورکیا بەرزەفت بکەن تا نەتوانێ زیان بەو پێگە سەربازییەی کورد بگەیەنێ. بەڵام وا دەخوازێ سەرکردایەتی ڕۆژاڤای کوردستان ئەو پشتیوانییە بپارێزێت و هاوپەیمانەکانی لەسەر زەوی بەرە نگاریدا توشی دەستەوستانی نەکات. بۆیە وەک داوایان لێ کردوە پێویستە بە خێرایی و بە واقیعی پەیوەندی خۆی لەگەڵ پەکەک بقرتێنێ و گۆڕانکاری لە فکر و سیاسەتی خۆیدا بکات تا گرفتەکانی باس کرا زوو چارەسەر ببن. کەواتە پەیەدە دەبێ گۆڕان لە خۆیدا بکات بە جۆرێک هەموو لایەنەکانی بەرباس باوەڕی پێ بکەن. ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایانە دەکرێ کە لە سیاسەت و عوڕفی ناودەوڵەتیدا ناسراون.

وەک ئاشکرایە ئێران و ڕوسیا و هاوپەیمانەکانیان بە ئەندازەیەک تێکشکاون کە زەحمەتە پەکەکە و پەیەدە بتوانن گرەوی لەسەر بکەن. جارێ ماویەتی ئاسەواری شکانی سوپایی لەو بەرە فراوانە جیهانییەی گرتبوی، لە ناوخۆی ئێران دەربکەوێ. بە پێی مەنتقی هەڵێنجراو لە مێژوو ئەو چارەنوسە لەوانەیە بیگرێتەوە کە ڕوسیای قەیسەری و ئیمپڕاتۆری نەمسا- هەنگاریا و دەوڵەتی پادشایی ئەڵمانیا و ئیمپڕاتۆری عوسمانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم توشیان بوو. بۆیە نەک هەر پەیەدە بەڵکو پەکەکەش ناچار دەبێ خۆی بگۆڕێ و لەو تونێلانەی قەندیل و گارا بێتە دەرەوە و ببێتە حزبێکی سیاسی کە بۆ ئامانجەکانی نیشتمانی کورد بگەڕێ. ئەو دوو حزبە پێویستە لە چارەنووسی حزب اللە و حەماس دەرس وەربگرن. ئینجا دەرفەت و شانسێکی زۆریشیان بۆ گۆڕان و دوورکەوتنەوە لە ئازار هەیە چونکە نیزامی دەسەڵاتداری جیهانی براوە کورد بە دۆستی خۆی دەزانێ و پەلە لە ئازاردانی ئەو دوو حزبە ناکات.

ئەگەر گۆران لەو دوو حزبە ڕووبدات ئەوە دەوڵەتی تورکیا لغاو دەکرێ و ڕێگای پێ نادرێ بە خواستی خۆی لە شەڕی ئەو دوو حزبە بەردەوام بێت. لە لایەکی دیکە دەوڵەتی عێڕاقیش لە ژێر گوشار دایە ئەگەر حەشدی شەعبی و لایەنگرانی ئێران لە خۆی دانەماڵێ ئەوە دەڵێن گورزی بەردەکەوێ. ئەو گورزەش لە هەنگاوی یەکەم نیازی لەناوبردنی حەشدی شەعبی هەیە ئینجا وابەستەیی عێڕاق بە ئێران و ئەو ئاسانکارییە مالی و لۆجستییانەی بۆی دەکات. کەواتە زەحمەتە ئەو پردەش لە ئەماندا بمێنێ کە لە عێڕاقەوە تونێلی پەیوەندی ئێڕان و پەکەکە بۆ پەیەدە دروست کردوە.

ئەگەر هەر لەم ڕوانگایەشەوە چاو بخەینە سەر داهاتووی سوریا، دیسان شانسی باش و هەڕەشەی خراپی بۆ کورد لە هەناو دایە. چونکە وێناچی ئەحمەد شەرع و بزووتنەوەکەی بە ئاسانی بنەماکانی دیموکڕاسی و دەوڵەتی مەدەنی قبوڵ بکەن. ئەو گۆڕانەی لە فکری ئەحمەد شەرع( جۆلانی)دا ڕووی داوە مژدەی دیموکڕاسی و فیدڕالیزمی تێدا لێڵ و لاوازە. خودی ئەحمەد هەر لە کەسایەتی عبدالکریم قاسم دەچی کە سەر و بنی قسەکانی الشعب بوو بەڵام ئامادە نەبوو هیچ گۆڕانکارییەک بکات- هەر چەند ئەویش بە جلی سوپایی سادە دەردەکەوت و لە نووسینگەکەی خۆی بە سادەیی دەژیا و هەر لەوێش دەنووست). بۆیە دوور نیە تەجرەبەیەکی نزیک لەوەی عێڕاقی ١٩٥٨ پێشکەش بکات و ئەگەر دەستی بڕوات خەڵک و حزب و کورد تەمبێ بکات. نامەوێ بەدبین بم بەڵام پێکهاتەی حکومەتەکەی و ڕەفتاری خۆی و تاکبڕیاری هەنوکەی، نیشانەی خۆش نین.

بۆیە ئەگەر پەکەکە و پەیەدە فکر و سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و بەرەکانی جەنگی دژی خۆیان کەم بکەنەوە، بە شێوەیەکی خێرا خۆیان دەپارێزن و بەهێزتریش دەبن هەروەها تێکڕای کورد دۆخی لەبارتر دەبێ بۆ هاوکاری ناوخۆیی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
تێبینی:

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا وێنە و هێماکانی پەکەکە لە ڕۆژاڤا بەرچاو ناکەون و وردە وردە سەرکردەکانیان باسی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی دەکەن، ئەوە جێی خۆشحاڵییە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP