دواین هەواڵ

ئەگەر بارزانی نەئەبوو!

‌شیروان تاڵیب

پێش 2 هەفتە

مانگی ١١ ی ساڵی ١٩٩٢ بوو، بەم گوێیانەی خۆم گوێم لە سەماحەتی محەمەد بەحر علووم ( گەورە کەسایەتیی ئایینی و سیاسیی شیعە)بوو، کە لە کۆنگرەی موعارەزەی عێراقی لە (مەسیف)، ڕوو لە قیادەی کوردستان ئەیووت: جارێ لە فیدرالییەت بگەڕێن، با سەددام بخەین، دواتر قسەی لێ ئەکەین! سەرۆک بارزانی هەستایەوە و فەرمووی: نەخێر با ئێستا قسەی لێ بکەین! ئیتر ئەوەبوو قسەی لێ کرا و بە پێداگیرییەکەی ئەو و بە پشتیوانیی جەنابی مامجەلالی ڕەحمەتی، (فیدرالییەت بۆ عێراق)، خرایە ناو پەیڕەوی ناوخۆی (کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی INC)ەوە و هەموو عێراقییەکانیش بە ناچاری پەسەندیان کرد،، ناچارییەکەیشیان ئەوەبوو، لایەکیان موقیمی فندقەکانی مەسیف و بەشێکیشیان موقیمی فەنادقی ئەملاولابوون!

ناوەڕاستی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٢ کە کۆنگرەی موعارەزەی عێراقی لە لەندەن بەسترا، درەنگانی شەوێک، تەواوی وتارەکەی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەکەدا گەیشتە (کوردستان تیڤی) و ئیتر من تەکلیف کرام تا ڕاپۆرتێکی لەسەر چێ بکەم. جەنابیان لە وتارەکەیدا کە بە عەرەبی بوو، دەقیقەن بیرم نەماوە چی وت، بەس پێداگرتنی لەسەر فیدرالییەت بۆ عێراق، لە پێداگرتنەکەی مەسیفی، سەریحتر، بێ ئەملاوئەولاتر، تەنانەت توندتریش بوو!

٩ ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ کە عێراقە کۆنەکە کەوت و هەموومان چووینەوە بۆ بەغدا! لە تەواوی ئەو دیدارە دوو قۆڵی و کۆبوونەوە چەند قۆڵییانەی کە جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ عێراقی و غەیرە عێراقییدا هەیبوو، من بەهۆی ئیش و ئەرکەکەمەوە مەوجوود بووم، سەری زمانی ئەم پیاوە فیدرالی و بنی زمانیشی هەر فیدرالی بوو، ئەوەندە باسی فیدرالییەتی بە گوێی هەموواندا دا بوو، جارێکیان لە کۆنگرەیەکی عەشایەرەکانی عێراق لە بەغدا، لێدوانم لە سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەبیی ئەنبار لەسەر وەزعی تازەی عێراق وەرگرت، کەچی کابرا هەر دەستی پێکرد وتی: الفیدرالیة غایە والوسیلة! پێم وت باشە سووننە زۆر دژی فیدرالین، تۆ ئەم قسەیەت لەکوێوە هێنا؟ لەوەڵامدا وتی: ماوەیەک لەمەوبەر لای ڕەئیس مەسعود بووین، هەند جوان شەرحی فیدرالییەتی کرد، چووە بە مێشکمدا!

مانگی ١١ ی ساڵی ٢٠٠٣، پۆڵ برێمەر (حاکمی عێراق لە حوزەیرانی ٢٠٠٣ـ ٢٠٠٤)، بە فرسەتی زانی کە جەنابی مامجەلالی ڕەحمەتی سەرۆکایەتیی (مجلس الحکم)ی عێراق ئەکرد، ئیتر بە مەلعەنەتەکانی خۆی، پرۆژەیاسای (بە موحافەزەکردنی) تەواوی پارێزگاکانی عێراقی پێ ئیمزا کرد! جا بەپێی ئەو یاسایە، شتێک بەناوی ( هەرێمی کوردستان) نەئەما و هەولێر و سلێمانی و دهۆک، وەک نەجەف و ئەنبار و موسڵ، پارێزگایەک ئەبوون لە عێراق،، عێراقی مەرکەزی! دیسان بارزانی ( بێ ئەوەی گوێ بە برێمەر بدا)، پەیامێکی بڵاوکردەوە ئاگری لێ ئەباری و شتێک بوو لە ئیعلانی حەرب! ئیتر بەدوای ئەو پەیامەدا، پرۆژە یاسای ( نەمانی هەرێم) هەڵوەشایەوە و بە با چوو، دواتر بیستم کە جەنابیان تەلەفوونێکیشی لەگەڵ جەنابی مامدا هەبووە!

ئەوانەی عێراقی کۆنی مەرکەزییان خست و عێراقی تازەیان دروستکردەوە، ئەیانوویست تازەکەش هەر وەک کۆنەکە بێ، بەڵام ئەوەی نەیهێڵا وابێ، ئەوەی ڕێی گرت تا ئەو نەوعە عێراقە سەر نەگرێ، ئەوەی شەری کرد تا کورد لە عێراق جیاواز بێ و خاکەکەی تایبەتمەندی هەبێ و شارەکانیشی لە چوارچێوەی هەرێمدا بن و وەک پارێزگایەکی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێ، (مەسعوود بارزانی) بوو!

ئێستاش ئەوەی لە سووریا ئەگوزەرێ و ئەوەی بەسەر کوردی ئەوێدا دێ و بۆیشی هەیە بهێنرێ، هۆکارەکەی تەنیا شتێکە و دووەمی نیە: نە بارزانی لەوێیە، نە بارزانییان لەوێن!

جارێکیان پرسیاری هۆکاری بێ توانایی سەرکردەیەکی کوردیان لە فازیل میرانی کرد، میرانیش وتی: ئاساییە بێ توانا بێ، چونکە ئەو، نە کوڕی بارزانی ە، نە نەوەی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP