تەبیعەتی هەرێمەکە وایە، ئەبێ پەرلەمانەکەی تەنیا (ئالەت)ی دروستکردنی قەرار بێ نەک ( کارگە)کەی! ئاخر لەوەتای هەیە، دوو جاران قەراری درایە دەست، کەچی جاری یەکەم، دەرگای خۆیی بە داخستن دا و جاری دووەمیش، جگە لە شەرعییەتی خۆی، شەرعییەتی تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێمەکەیشی بە دیواردا دا! جا هەر باش بوو ئەهلی حیکمەت زوو فریا کەوتن، ئەگەرنا، سەری هەرێمەکەیشیان ئەکرد بە قوڕا!
بەشبەحاڵی خۆم، بەم خولەوە، دووەمە یان سێیەم خول، کە تەنیا و تەنیا بۆ دلێری دەنگی پارتی دەنگ ئەدەم، نەک بۆ ڕەوانەکردنی ئەشخاسێک بۆ جێیەک، کە سوور ئەزانم نە جێیەکە جێیەک ئەگرێ، نە ئەوەیشی بەپێی تەوزیعاتی (ناوچە) دەنگم پێیداوە، خشتێکی پێ ئەخرێتە سەر خشتێک!
جیهان، قورسایی وڵات و دەسەڵاتەکانی ئەم ناوچەیە، بە کاری پەرلەمانی و ئەرکی پەرلەمانتارەکانییەوە ناکێشێ، بەڵکوو ئەوە ڕوئیای سەرکردەکانی و ئەدائی حوکمڕانانییەتی، کە بڕ و ئاستی قورساییەکە، تەحدید ئەکەن.