دواین هەواڵ

هونەری بەفیڕۆدان ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی بەردەوامی قەیران

‌توانا ئەحمەد

16/12/2024

پێئەچێ ساڵی داهاتوو ساڵێکی قورسی دارایی بێت بۆ عیراق، بەگوێرەی ئاماژەکان قەیرانی قووڵ لەبەردەمدان، گەورەترینیان داکشانی نرخی نەوت و هەڵکشانی خەرجی بەکاربردنن، سەرەڕای پەسەند نەکردنی خشتەکانی بودجەی ٢٠٢٥ ، چوونەدەرەوەی دراوی قورسیش بە رێژەی زیاتر یەکێکی ترە لە خەسڵەتی قەیراناوی ساڵی داهاتوو.

حکومەتی عیراق بێ گوێدانە ئاسەوارە وێرانکاریەکانی، ساڵانە خەرجیە گشتیەکان زیاد ئەکات، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٤ بودجەی گشتی بە بەروارد بە ساڵی پێشوو زیاتر بوو بە مەبەستی دابینکردنی پارە بۆ خەرجیە نوێکان کە تیایدا مووچەو دەرماڵەی نیوملیۆن کەسی تازە دامەزراوی لەخۆ گرتبوو، واتا بودجەکە لە١٩٩ ترلیۆن دینارەوە بوو بە ٢١١ ترلیۆن لەساڵی ٢٠٢٤، تیایدا قەبارەی مووچە ٩٠ ترلیۆن دینارە کە ئەکاتە ٤٠٪ بودجەی گشتی عیراق، بودجەی هیچ وڵاتێک بەرگەی ئەو قەبەبوونە بێ پلانە ناگرێ کە لەعیراق رووئەدات، بەهۆی ئەو مەیلە زاڵە بۆ فراوانکردنی خەرجی گشتی رێژەی قەرزی حکومی لە ٢٠٢٤ گەیشتە ٤٨.٢٪ کۆی بەرهەمی خۆماڵی، چاوەڕێ ئەکرێ لە ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە ٥٤.٦٪.

ئاستەنگێکی تر ئەوەیە کە لەساڵی داهاتوودا پلاتفۆرمی حەواڵە کۆتایی دێت و هەموو پارەدانێک لەرێگای بانکە رێگە پێدراوەکان ئەبێ، لەکاتێکدا باس لەوە ئەکرێ کە تەنیا ٤-٥ بانک هەیە بەبێ کێشە بتوانن ئەم ئەرکە رایی بکەن، وەک زانراویشە زۆربەی هەرە زۆری کەلوپەل و پێداویستیەکان لەدەرەوە هاوردە ئەکرێن، کەواتە عیراق جارێکی تر بەهۆی خواستی زۆر ئەکەوێتەوە بەردەم ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار. ئەمە سەرەڕای وەستانی حەوالەی یوانی چینی بۆ هاوردەی کەلوپەلی چین، کە هۆکارێکی سەربارە بۆ هەڵکشانی بەهای دۆلار و سەرەنجام پشێوی دۆخی دارایی.

ئاسەوارەکانی گۆرانکاری کەشوهەوا( کە عیراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی بەشيوەیەکی بەرچاو پێەوە گرفتار ئەبێت)، وزەی نوێبوەوە، گەندەڵی و حوکمڕانی خراپ و خراپی ئیدارەی سیاسی و چەندین هۆکاری تر مایەی ئەوەن بە دوودڵی و نیگەرانی چاوەڕوانی ساڵی ٢٠٢٥ بین .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP