گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی فرۆکە لە جیهان (بۆینگ، BOEING) ئێستا تووشی قەیرانێکی بێوێنە هاتووە لە مێژووی خۆیدا، دروستکردنی جۆرێکی هەرە پێشکەوتووی فرۆکەی لەبری خێر، لێ بووە بە بەڵایەکی گەورە، پێنج ساڵ بەر لەئێستا دوو لەو فرۆکانە لە ئەندەنوساو ئەسیوپیا کەوتنە خوارەوەو ٣٤٦ کەس بوونە قوربانی، لە پێنجی مانگی یەکیش دەرگای فرۆکەیەکی تری لەکاتی فڕین لە ئاسمان لێبوەوە، جگە لە دوو رووداوی تر.
دوای ئەو روداوانە ئیدارەی فرۆکەوانی ئەمریکا ناچار بوو ١٧١ فرۆکە لە کۆی ٢١٨ فرۆکە لە جۆری ٧٣٧ ماکس ٩ راگرێت تا پرۆسەی پشکنین و دڵنیابوون لە کوالیتی و سەلامەتی فرۆکەکان تەواو ئەبێ، کۆمپانیاکەشیان ناچار کرد کە پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری بە جۆری بەرهەمهێنانیاندا بکەنەوە، بەڵام ئاماژەکان لەوبارەیەوە زۆر جێ دڵخۆشی نین.
ئەو گیروگازەی گەورە کۆمپانیای بۆینگ هاوکاتی قەیران و ململانێی زلهێزەکانی دنیایە بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەریکە بەهەمان دەردی بۆینگ بەئاراستەیەک ئەڕوات هێزو نفوز لەهەندێ ساتەوەخت وەکو لاوازی یان سەرئێشە بشکێنێتەوە، واتا ئەشێ ئەم هەلومەرجەی یەکێک لە سوپەر کۆمپانیای جیهان توشی بۆتەوە، دەرسێکمان فێربکات کە مەرج نییە بەڕە هەر لەتەنکیەوە بدڕێت، بەڵکو بەکاربردنی بێڕاددەی هێزو هەژموون مەرج نییە بەدەرنجامێکی باش بگات، گەر کەوتنە خوارەوەی دوو فرۆکەو لێبوونەوەی دەرگای یەکێکی تریان ئەوە بهێنێت کۆمپانیای ناوبراو ئاوا لەقالب بدرێت بۆ چاکردنەوەی کەموکورتیەکانی ، ئایا سیستمی سیاسی و حوکمڕانی و جۆری بەرخوردی زلهێزەکان مایەی ئەوە نییە بچێتەوە بەردەم پرسیارو بەتایبەت (ئیدارەی قەیران و ململانێکانی ئەمریکا) کۆمپانیای دروستکردنی سیاسەت ناچار بەوە بکات هیچ نەبێ ژمارەی قوربانیەکان بەو قەبارەی ئێستا نەین.
گەر بۆ بۆینگ ئەگەری ئەوە هەبێ ئەو جۆرە پێشکەوتوەی لە فرۆکە لەجیاتی ناوبانگ و قازانج، لێ ببێتە سەرئێشەو شکانی شکۆ، ئەشێ بەهەمان لۆژیک هەندێ یاری و تەکنیکی سیاسی بۆ زلهێزەکان ببن بەمایەی شکست و دواتریش پەشیمانی، رەنگە جێگەی سەرسوڕمان نەبێ رۆژێک لێکچونێک لەنێوان دەرگا فڕیوەکەی فرۆکەی بۆینگ و چاملغە قوپاوەکەی سیاسەت هەست پێبکەین ، بەتایبەت لەم جیهانە چەند جەمسەریەی ئێستا! .