(بەر لە قاوە بەیانیان مەشروب ئەخورایەوە)
(رۆژانە ٢ ملیار کوپ قاوە ئەخورێتەوە)
( بێ قاوە رەنگە رۆشنگەری لە ئەوروپا رووینەدابوایە )
قاوە بەرەنگە تۆخ و تاریکەکەی تەنیا خواردنەوەو تام و بەرامەی درەختێکی سیحراوی نییە، کردەیەکی تاکەکەسی چێژوەرگرتن و کاتبەسەربردنیش نییە، فڕکردنی قومێک بریتیە لەکۆتایی جیهانی خەو ودەسپێکی بێداری، بەمانایەکی تر گواستنەوەیە لە ناوشیاری و خەواڵویی بۆ ئاگایی و چالاکبوونەوەو دەسپێکی رۆژێکی نوێ، جگە لەوەش بەشێکە لە تەنەونێکی کۆمەڵاتی بەیەکداچوو، پەیوەندیەکی نەپساوەی بە بونیادی کۆمەڵایەتیەوە هەیە، سۆسیۆلۆجیای قاوە بریتیە لە دۆزینەوە و تێگەیشتن لە پەیوەندی قاوە بە بواری کۆمەڵایەتیەوە کە چۆن بۆتە مایەی بەیەکەوە گرێدانی بۆچونەکان و کۆکردنەوەیان لە یەک سیاقی فیکریدا، چۆن بۆتە نەسەقێکی کۆمەڵایەتی کە گوزارشت بێ لە کەلتور و شوناس و جۆری تێڕوانینی ئینسان، قاوە لەوەش رەتی داوەو لەهەندێ ساتەوەختی مێژوویدا جێگەی زمانیشی گرتۆتەوەو بریتی بووە لە ئامرازی دواندن و گفتوگۆیەکی بێ دەنگ، سەرەڕای ئەو وەزیفە کاریگەری لەناو مەنزومەی سیحرو بەخت گرتنەوەو خوێندنەوەی دیوی ناوەوەی ئیسنان گێڕاویەتی لەهەندێ لە کۆمەڵگەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا .
بەحوکمی ئەوەی قاوە بەم فۆرم و ستایلەی ئێستا یەکەم جار لە کۆڕی سۆفی و دەروێشەکان لە یەمەن سەری هەڵداوە، بۆیە پێئەچێ لەو باگراوەندەوە رەهەندێکی پڕ لە ئەفسون و بەهاو دەلالەتەی جیاجیای هەڵگرتبێ و دواشت کاتێ لە سەدەی پانزە قاوەخانەکان لە سنوری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەکرێنەوەو دووسەد ساڵێک دوای ئەوەش لەرێگەی هۆڵەندیەکانەوە ئەچێتە ئەوروپا، ئیتر قاوەو پرسی فیکرو فەرهەنگ و ئەدەب و هونەرلەوێ بەتەواوی یەکانگیر ئەبن، هەر بۆیەش ناوی قاوەخانەکان بەخانەی حیکمەت و دانایی ئەڕوات و تەنانەت پێان ئەوترێت پەنی یونیڤیرستی((Punny Universties) چونکە بەکڕینی یەک قاوە بە یەک پینس چانسی دەست راگەیشتن بەکتێب و بەشداری گفتوگۆ و بیربۆچوونی فەیلەسوف و بیرمەندانت دەست ئەکەوت و بەم خەسڵەتەوە قاوە وەکو پەنجەرەیەک بوو بۆ کرانەوە بەسەر جیهانێکی تازەو دەست لێ نەدراو.
چاخی رۆشنگەری و قاوە وەکو دوانەیەک باس ئەکرێن، تا ئەو ئەندازەی بیرمەندی قوتابخانەی فرانکفۆرت یورگن هابرماس ئەڵێ(رەنگە سەردەمی رۆشنگەری بێ قاوە رووینەدابوایە لە ئەوروپا) چونکە لەقاوەخانەکاندا بیرمەندو فەیلەسوفان بە یەکگەیشتن و سەرەنجام وەکو نەسەقەێکی فیکری و فەلسەفی رۆشنگەری لەدایک بوو، بەشێک لەوانەی بە باوکی رۆشنگەری ناوئەبرێن ئالودەو شەیدای قاوەبوون لەوانە ڤۆلتێرو کانت کە گوایە رۆژانە زیاتر لە ٥٠ قاوەیان خواردۆتەوە، هەندێ لێکۆڵینەوە گۆڕانی هەرە بنەڕەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سەرەنجام ئابووری ئەوروپا ئەبەستنەوە بە قاوە، چونکە ئەو خواردنەوە تۆخ و تاریکە خواردنەوەی بەیانیانی لە مەشروبەوە کرد بە قاوە، بەرلەوە لەئەوروپا مەشروب لەگەڵ نانی بەیانی ئەخورایەوەو سفرەی هەموو بەیانیان سفرەی نۆشکردنی ئەلکهول بووە، وەک هەندێ لێکۆڵینەوەش باسی ئەکەن مەشروب کاری دەماغ سست ئەکات و قاوە بە پێچەوانەوە چالاکی ئەکات، بۆیە نهێنی و ئەفسونی پێشکەوتنی کیشوەرەکە ئەبەستنەوە بەو چالاکبوونەی دەماغی ئینسان لە بەیانیاندا کە تیایدا قاوە جێگەی بە ئەلکهول لێژکرد، بەڵام بەدیوێکی تریشەوە قاوە بەهەڵگری بەرپرسیارێتی گەشەکردنی کۆیلایەتیش ناوئەبرێت، فەرەنسا خەڵکی ئەفریکایان وەکو کۆیلە گرتووە بۆ بەرهەمهێنانی قاوە لە هایتی و بەرازیلیش لە سەرەتای ١٨٠٠ ەکان بڕی سێیەکی قاوەی هەموو جیهانی بەهۆی کۆیلە ئەفریکیەکان بەرهەم هێناوە، ئێستاشی لەگەڵ دابێت کێلگەکانی رەنێوهێنانی قاوە کێڵگەی نمایشکردنی بەکۆیلەکردن و مامەڵەی دڵرەقانەو بێرەحمانەن بەرامبەر بە ئینسان، کێلگەی دادۆشین و وشکردنی وزەو توانای ملیۆنەها کەسن بۆ قازانج و کەڵەکردنی سەرمایە، واتا بەهەمان شێوەی نەوت و باقی سامانە سروشتیەکانی تر هەم بە نیعمەتی و هەم بە نەگبەتی رۆڵ ئەبینێ و بەشێکە لە بونیادی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک.
قاوە بەتەنیا هەڵگری تام و ئالودەبوون نییە، وەک باسم کرد هەڵگری ماناو وەزیفەی کۆمەڵایەتی هەمەچەشنە، بەتایبەت لەناوخێڵە عەرەبەکان ئەتەکێتی ئامادەکردن و وەرگرتن و خواردنەوەی تایبەتی هەیە، واتا هەر جۆرێک لەو جوڵەو ئەتەکێتانە ئاماژەن بۆ کردەیەک یان وەزیفەیەک، بۆ نمونە وەرگرتنی قاوە بەدەستی چەپ لەهەندێ خێڵ و ناوچە وەکو ئیهانە لێکئەدرێتەوە، یان گەڕاندنەوەی فنجانەکە بێ هیچ جولەیەک مانای داواکردنی قاوەی زیاترە، هەژاندنیشی لەبری لەوەیە بە قاوەچیەکە بڵێی سوپاس، لەهەندێ خێڵ داواکردنی ژن لەرێگەی قاوە بووە، بەڵام قاوە ئێستا ئەو تخوبە تەقلیدیانەی بە ئەندازەی زۆر تێپەڕاندوەو بۆتە کاڵایەکی گرنگ لە بازرگانی دنیادا، خواردنەوەی فنجانێک قاوە بەجۆرێک لەجۆرەکان تێکەڵبوونەبە تۆڕێکی فراوان و بێ سنوری ئابووری جیهان و جۆرەها براندی ئامادەکردن و فرۆش و پێشکەشکردنی قاوە، لەوڵاتێکی عاشق بە چای وەکو چین هەر سەعاتێک قوەخانەیەک ئەکرێتەوە، چونکە بەگوێرەی هەندێ راپۆرت قەبارەی پیشەسازی بواری قاوە بەنزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری ساڵانە ئەخەمڵێندرێت و لەرووی بازرگانیەوە لەدوای نەوت بەپلەی دووەم و خواردنەوەشی ئێستا دوای ئاو بەپلەی دووەم دێت و رۆژانە ٢ ملیار کوپ قاوە لەم جیهانە ئەخورێتەوە.