دواین هەواڵ

هەڵەکانی ئەمريکا لە شەڕی ئێران؟

‌رەنج نەوزاد

6 کاتژمێر پێش ئێستا

1. تڕەمپ وەک دەسەڵاتدار و برياردەری یەکەمی ئەو جەنگە، کەسێکی شياو نييە بۆ ئەو هاوکێشە قوورس و ئاڵۆزانە. جياوازی ناکات لە نێوان بڕياری ڕاگەياندنی جەنگ و بەڕێوەبردنی جەنگ و لە نێوان ڕەهەندی سياسی و سەربازی، کە تەواوکەری یەکترن، بەڵام یەک پڕۆسە و ڕەهەند نين. بە نەزانينێکی گەورەوە دەست وەرداتە وردەکاری جەنگ و تەکتيکەکانی. جگە لەوەی بە سروشت کەسێکە حەز بە کووشتار و وێرانکردن ناکات، بە پێچەوانەی ئەو تۆمەتانەی بۆی درووستکراوە گوایە ديکتاتۆرێکی ترسناکە. لە کاتی جەنگی لەم شێوەیە، بڕياربەدەستێکی وا گونجاو نيە. 
2. نەبوونی پلانی (B) ئایا لەگەڵ یەکەم گورز ئەگەر ئێران نەکەوت یان تەسليم نەبوو و سازشی نەکرد، چی بکرێت؟ ئەمە نزيکترين ئەگەرە کە پێش جەنگ دەبێت حيسابێکی گرنگی بۆ بکرێت، بە ئەندازەی گورزی یەکەم کە پلانی (A)یە، گرنگە. 

3. بەهێزترين ئامرازی ئێران لە جەنگەکە، لە ڕووی کاريگەریيەوە بۆ سەر ناوچەکە و جيهان، گەرووی هورمز بوو. بەهێزترين ئامرازی ئەمريکا جوڵاندنەوەی گروپەکانی ناوخۆی ئێران بوو، چونکە پلانی جەنگەکە هێرشی زەمينی تیا نەبوو لە لایەن سوپای ئەمريکاوە. تڕەمپ دەبوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکە، فەرمان بە سێنتکۆم بکات ڕايبگەیەنێت کە هورمز لەبەر دۆخی جەنگ بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێت لەبەردەم کەشتييەکان. بۆ ئەوەی ئەو کارتەی ئێران بسووتێت و بچێتە دەست ئەمريکا. دواجار هورمز هەر دادەخرا و کێشەی بۆ درووست دەکرا، لە بری ئێران ئەو کارە بکات و بيکاتە قوورساییەک بۆ پێگەی دبلۆماسی خۆی، دەبوو ئەمريکا خۆی بيکات. کارتی جوڵاندنەوەی هێزەکانی ناوخۆی ئێران، بە پێی چەندين سەرچاوەی ئيسرائيلی و ئەمريکی، تڕەمپ لەسەر قسەی ئەردۆگان سووتاندی. واتە تڕەمپ بە نەزانينی خۆی، بەهێزترين کارتی ئێران، کە دەيتوانی بيسووتێنێت، نەيکرد و بۆ ئێرانی بەجێهێشت بەکاری بێنێت، بەهێزترين کارتی خۆی لەبەر ئەردۆگان سووتاند. 

4. لە دۆخیکی وادا کە جەنگ دەکەوێتە بەردەم قەيرانێکی ستراتيژی و ڕێگاکان دادەخرێن، کاتێک ئەو هێزەی کە لە پلانی جەنگەکە دياريکراوە بەکاربێت دەگاتە سنوورەکانی خۆی، ئەوا پێويستە گۆڕانکاری چەندێتی و چۆنيەتی لە بەکارهێنانی هێز بکرێت و گۆڕان لە ئامانجەکانی ناو ئێران بکرێت. بەو مانایەیی سوود بينين لە هاوکێشەی هێزی ناوهاوسەنگ و پەنابردنە بەر بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر، فراوانکردنی ئامانجەکان، لە سەربازييەوە بۆ ژێرخانی ستراتيژی و نيمچە سەربازی. هەر وەها ناردنی سەرباز و هێزی زەمينی بۆ چەند دوورگە و ناوچەیەکی کەناراویی ئێران کە پێشتر تەکتيکی هێزی لە ڕادەبەدەری تيا ئەنجامدراوە. واتە، دەبێت ئاستی ستراتيژی، فەرمان بە ئاستی ئۆپراسيۆن بکات پلان و هەنگاوی تازە بە پێی دۆخی نوێی جەنگەکە، ئامادە و جێبەجێ بکرێت. نەک ئاستی ستراتيژی، پەنا بباتە بەر ناوەندگيری قەتەر و پاکستان لە بری پەنا بردنە بەر ئاستی ئۆپراسيۆنی جەنگەکە. زۆر کات ڕوودەدات لە قۆناغێکی دياريکراوی جەنگ، سياسەت و دبلۆماسيەت و دانوستان دەبێت بوەستن چونکە جگە لە زیان هيچی تری نابێت، تەنيا هێز کاريگەرە و ئامرازێکی درووستە لەو قۆناغانە، دەبێت هێز و سوپا دووبارە دەرەفەت بۆ سياسەت بڕەخسێنێتەوە. 

5. ڕۆڵ پێدانێکی زۆر و بایەخێکی بێ مانا بە قەتەر و پاکستان و تورکيا و سعودييە لە لایەن تڕەمپەوە، پشتگوێخستنی پێشنيار و بۆچوونەکانی سوپا و هەواڵگری و سێنتکۆم. پێدانی ڕۆڵ بە کەسانی وەک ويتکۆڤ و کۆشنەر و تۆم  باراک و ڤانس لەسەر حيسابی وەزارەتی دەرەوە و پێنتاگۆن و سێنتکۆم و هەواڵگری. 

6. پێدانی ڕۆڵ و کێشێکی گەورە بە زیانی ماددی و مرۆیی و فاکتەری ئابووری لە لایەن تڕەمپەوە لە سازشکردن و نەرمی نواندن لە کاتی جەنگ. تڕەمپ پێیوابوو دەوڵەت (ئێران) بۆ کەمکردنەوەی زیانی مرۆیی و ماددی لە کاتی جەنگ، سازش دەکات لە بابەتی ستراتيژی. دەوڵەت دەکرێت پێش جەنگ سازش بکات بۆ رێگرتن لە بەرپابوونی جەنگ. بەڵام کە جەنگ هەڵگيرسا، دەوڵەت بريار دەدات کە ئيتر کەوتووەتە ناو قورسترين دۆخ، خەراپترين سيناريۆ، دەبێت ڕەقترين ئامرازەکانی خۆی بەکاربهێنێت. هاوکات زیانی مرۆیی و ماددی دەبێتە بابەتی لاوەکی بەرانبەر بە هێڵە سوورەکانی دەوڵەت و بابەتە ستراتيژييەکان. دەوڵەت بە گشتی خاوەن سروشتێکی تايبەتە، هەندێک کات وەک مرۆڤێک دەردەکەوێت، کاتێک دەکەوێتە شەڕێکی وجودی و بەرگری و پرسی کەرامەت و هەيبەت و سەروەری، هەموو دەستکەوتێکی ماددی و نا ماددی و ژیانی مليۆنان هاووڵاتی خۆی دەکاتە قوربانی مانەوەی پێگە و سەروەریيەکەی. ئامادەیە هەرچی داهات و خۆشگۆزەرانی هەیە بيکاتە قوربانی یەک بەياننامەی سەرکەوتنی دوای جەنگ کە دەڵێت سازشم نەکرد لە سەروەری و هێڵە سوورەکانم. هەڵەکانی ڕووسيا لە ئۆکرانيا، ئەمريکا زۆربەی دووبارە کردەوە لە ئێران. بە مەرجێک، لەوانەیە ئاسایی بێت ئەگەر سەرەتا وا بيرکرابێتەوە کە ئۆکڕانييەکان بە سەدان هەزاريان خۆیان نادەن بە کووشت بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان، بە تايبەت ڕووسيا و ئۆکرانيا لە زۆر ڕووەوە وەک یەک کولتور و ئاين و نەتەوەن، هەر وەها عەقيدە و فکری ڕژێمی ئۆکرانيا و سوپاکەی، زۆر جياوازە لە هی ئێران. 

7. لەم جۆرە جەنگانە دەوڵەت نابێت خاڵی لاوازی خۆی زەق بکاتەوە و لایەنی بەرانبەر بە وردی بيزانێت. تڕەمپ ئاشکرا دياربوو ئامادە نيە جەنگ ڕابگەیەنێت و هێزی زەمينی بەکاربێنێت. ئەمە بۆ ئێران یەک مانای هەیە، ئەويش ئەوەیە ناوخۆ کۆنتڕۆڵ بکات، ئيتر ناڕوخێت. چونکە بە هێرشی ئاسمانی ئەستەمە ڕژێمی هيچ دەوڵەتێک بڕوخێت، نەک تەنيا هی ئێران. 

8. زیادکردنی فاکتەری تر کە پەيوەندييان بە ئامانج و پلانی جەنگەکەوە نيە؛ وەک پرسی هورمز، نرخی نەوت، هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس... ئاستی ئۆپراسيۆنی جەنگ لە هەر سوپایەک، کە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی جەنگ، کاتێک بەو هەموو ئامانجە نا سەربازی و جەنگييە دەبەسترێتەوە، ناتوانێت دەستکراوە بێت لە جێبەجێکردنی دەيان تەکتيکی شەڕ کە جەنگ بە بێ ئەو تەکتيکانە یەکلانابێتەوە. 

9. ئەم هەڵانە ئەوەندە زەق و ئاشکرا دياربوون، نەک تەنيا بۆ سەرکردایەتی ئێران، بەڵکو بۆ چاودێرێکی ئاسایی ڕوون بوو، تەنانەت ڕێگری کرد لەوەی ئەمريکا بتوانێت لە دانوستان و ئاستی دبلۆماسيش هيچ سازشێک بە ئێران بکات. تڕەمپ ڕۆژانە بە لێدوانی ئاشکرا ئاماژەی بەم خاڵانە دەکرد، لە کاتێکدا بە نياز بوو سازش بە ئێران بکات لە دانوستانەکاندا. جگە لە هەڕەشە بێ ماناکانی کە دواتر لەسەر داوای سەرۆک وەزيرانی پاکستان لێی پەشيمان دەبووەوە. جۆرج بۆش ئەفغانستان و عيراقی گرت، ئەو جۆرە هەڕەشانەی نەدەکرد. 

10. ئەم خاڵانە وای کرد، کە سەرکەوتنێکی گەورەی سەربازیی ئەمريکا و ئيسرائيل بەسەر ئێران لەم جەنگەدا، نەبێتە مایەیی سەرکەوتنێکی سياسی و ستراتيژی. بەڵکو ئەگەر دۆخەکە وا تەواو بێت، ئەوا دەبێتە شکستێکی ستراتيژی گەورە بۆ ئەمريکا، سەرەڕای سەرکەوتنە سەربازييەکەی لە گۆڕەپانی شەڕەکان. 

11. خاڵێکی گرنگ کە نەزانی تڕەمپ دەردەخات لە پرسی جەنگ و سوپا. ڕوون و ئاشکرا ديارە دوای کووشتنی خامنەیی و سەرکردەکانی تر، ئيدارەدانی جەنگ و ئيرادەی دەوڵەت لە جەنگ و ئاشتی زیاتر کەوتە دەست پاسداران، واتە سوپا و جەنگاوەر و جەنەراڵەکان. مێژووی جەنگەکان ئەوە دەردەخات لەو دۆخانە، قوورسە جەنەراڵە سەربازييەکان ئيمزای تەسليمبوون بکەن و ئەوان ئەو بڕيارە بدەن. ڕوون بوو سياسيەکانی ئێرانيش ناتوانن لە فەرمانی پاسداران لابدەن. بۆیە تاکە بژاردە وێرانکردنی ئەو سوپایەیە، نەک چاوەڕوان بکرێت سازش بکەن.

دوای لێدانی دوو بۆمبی ئەتۆمی لە ژاپۆن، سەرۆک وەزيرانی وڵاتەکە ڕازی بوو کە تەسليم بن، جەنەراڵە سەربازييەکان دەيانوت ناتوانين بە سەربازەکانمان بڵێين تەسليم بن، با ئەمريکا هێرشی زەمينی بکات ئەو کات ڕووبەڕوویان دەبينەوە. دواتر ترسی ئەوە هەبوو ئەمريکا هەفتانە بۆمبێکی ئەتۆمی لە شارێکی ژاپۆن بدات. سەرۆک وەزيران ناچار داوای لە ئيمبراتۆر کرد بە دەنگی خۆی و بە فەرمی داوا بکات ژاپۆن شەڕ ڕابگرێت هەر خۆشی ئيمزای تەسليمبوون بکات. ئیستاش هەندێک لە ژاپۆنييەکان دەڵێن سوپاکەمان تەسليم نەبوو، بەڵکو ئاگربەستيان کرد. لە شەڕی ستالينگراد لە ١٩٤٣، هێزی شەشەمی سوپای ئەڵمانيا بە تەواوی گەمارۆدرا، تەنيا بژاردە تەسليمبوون بوو یان لەناوچوون. مارشاڵ فريدريک پاولوس، فەرماندەی هێزە ئەڵمانيەکە، ئامادە نەبوو ئيمزای تەسليم بوون بکات بۆ سوپای سۆڤيەت، تەنانەت سەربازەکانی سۆڤيەت چوونە ناو بارەگاکەی، خۆی تەسليم بوو بەڵام هەر ئامادە نەبوو ئيمزا بکات کە هێزی شەش خۆی بەدەستەوە بدات، پێیوابوو سەرکردایەتی دەبێت ئەو بڕيارە بدەن، ئەو بەرپرسيارێتی ئەو شورەییە مێژوویيە هەڵناگرێت. جەنەراڵ هانز كريبس، دواهەمين سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەڵمانيا لە جەنگی دووەمی جيهانی، لە ١٩٤٥، دوای خۆکووشتنی هتلەر و داگيرکردنی بەرلين، سۆڤيەت و هاوپەيمانان داوای لێدەکەن ئيمزا بکات لەسەر "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"، هانز پێيان دەڵێت ئامادەم ئيمزا بکەم لەسەر ئاگربەست و کۆتایی هاتنی جەنگ، بەڵام ناتوانم ئيمزاکەم لەژێر "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج" دابنێم. سۆڤيەت پێی وت ئەوە تاکە بژاردەیە، پاشان گەڕایەوە بۆ ئۆفيسەکەی و گولەیەکی بەسەری خۆیەوە نا، ئيمزاکەی هەر نەکرد.

لە ٢٠٠٣ کاتێک سوپای ئەمريکا دێنە ناو بەغدا، پەيوەندی نەماوە لە نێوان سوپا و سەرکردایەتی (سەدام). سالم جومەيلی بەرپرسی بەشی ئەمريکا لە هەواڵگری عيراق دەڵێت لەو کاتە چووم بۆ لای فەريق ڕوكن سوڵتان هاشم، وەزيری بەرگری، داوام لێکرد فەرمان بکات کە سەربازەکان بچنەوە بۆ ماڵەوە چونکە جەنگ کۆتایی هات. سوڵتان هاشم پێی دەڵێت "دەبێت سەرکردایەتی فەرمانی تەسليم بوون بدات، ئەوانيش پەيوەندييان لەگەڵمان بچڕاوە. دەزانم هەموو شت تەواو بووە، بەڵام ناتوانم بە فەرمی ئەو فەرمانە دەربکەم و لە مێژوودا بڵێن وەزيری بەرگری فەرمانی تەسليمبوون و بەدەستەوەدانی بەغدای دا، با هێز و سەربازەکان خۆیان ئازاد بن چی دەکەن".  فەريق روکن رعد حەمدانی، بەرپرسی فەيلەقی "الفتح المبين" بوو لە گاردی کۆماری عيراق، بەرپرسی پاراستنی بەغدا لە جەنگی ٢٠٠٣، ئەويش داوای لێدەکەن فەرمان بە کشانەوەی هێز و سەربازە عيراقيەکان بدات و بچنەوە ماڵەوە چونکە بەغدا کەوت. فەريق رەعد دەڵێت "ناتوانم بەرپرسيارێتی ئەو فەرمانە هەڵبگرم  و لە مێژوودا ناوم ببەسترێتەوە بە ڕادەستکردنی بەغدا، با سەرباز و ئەفسەرەکان ئازاد بن بڕياری چی دەدەن و چی دەکەن، من فەرمانی وا دەرناکەم". پاش ئەوەی سەربازەکان کشانەوە، حەمدانيش سواری سەيارەکەی خۆی بوو و گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. لە دواهەمين چاوپێکەوتنی وتی "ڕاستە شکستمان هێنا و عيراق کەوت، بەڵام هەر فەرمانی تەسليمبوونم دەرنەکرد، بۆ فەرماندەیەکی سەربازیی وەک من ئەو فەرمانکردنە مومکين نييە". 

تەنانەت لە ٩١ لە خەيمەی سەفوان، پاش شکستی عيراق بەرانبەر ئەمريکا لە کوەيت و وێرانبوونی سوپاکەی، زۆرێک پێیوایە سوپای عيراق لەو خەيمەیە ئيمزای تەسليمبوونی کردووە، ئەمە ڕاست نييە. وەفدەکەی عيراق بە سەرکردایەتی فەريق ڕوکن سوڵتان هاشم وفەريق ڕوكن سەلاح عەبود بوو، بە پێی دۆکۆمێنتەکانی ئەمريکا و عيراق، لەو کۆبوونەوەیە کەسيان ئيمزایان لەسەر تەسليمبوون نەکردووە و تەنيا باس لە شێوەی ڕاگرتنی شەڕەکە کراوە. پاشان بڕياری 687ی ئەنجومەنی ئاسايشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو حکومەتی عيراق و ئاستی سياسی قبوڵيانکرد و وەک تەسليم بوون بوو. ئێستاش ئەفسەرە گەورەکانی ئەو کاتی سوپای عيراق، دەڵێن لە خەيمەی سەفوان تەسليم نەبووين ئاگربەستمان ئيمزاکرد، دواتر ئاستی سياسی هەر بڕيارێکی داوە پەيوەندی بە سوپاوە نييە. ئەم نموونانە بۆ ئەوەیە، کاتێک بڕياری تەسليم بوون و سازش دەکەوێتە دەست جەنەراڵەکان لە کاتی جەنگ، ئەوا دەبێت هێزی زیاتر بەکاربێت بۆ وێرانکردنی سوپاکە و بەزاندنی بە تەواوی لە گۆڕەپانی شەڕ، نەک ئيمزای تەسليمبوون و سازشی گەورە بکات. چونکە سەرکردە سەربازييەکان مردن و شکست هەزم دەکەن، ئامادەن خۆشيان تەسليم بن، بەڵام قوورسە تەسليمبوونی دەوڵەتەکەیان ڕابگەیەنن. فەرماندەی سەربازی، لە زۆربەی سوپاکانی جيهان، لەسەر ئەو عەقيدەیە پەروەردە بووە، کە ئەو تەنيا بە فەرمانی دەوڵەتەکەی خۆی شەڕ دەکات و شەڕ دەوەستێنێت، مافی ئەوەی نييە تەسليمبوونی دەوڵەت ڕابگەیەنێت.

12. ئەو خاڵانە تەنيا ئاماژەیە بە دۆخی جەنگەکە تا ئێستا، جارێ جەنگ تەواو نەبووە و ئەنجامی کۆتایی ديار نييە. دەکرێت گۆڕانکاری گەورە ڕووبدات، بە هەردوو ئەگەرەکە. بەڵام ئەمريکا سەرکەوتنی ستراتيژی بەدەست ناهێنێت ئەگەر تڕەمپ بەڕێوبردنی جەنگ نەداتە دەست ئاستی ئۆپراسيۆن. لێرەدا زیاتر مەبەست لە ئەمريکایە، چونکە جەنگەکەی ئيسرائيل و پرۆژەکانی درێژەی دەبێت و دەکرێت لە قۆناغێکدا بە تەنيا کار بکات بێ ئەمريکا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP