لەوەتای هەن، داخ بە دڵیاندا و دووکەڵی ڕەشیش بە گەروویاندا ئەکرێ، کەچی بۆ هەر مەسەلەیەک کە تەنانەت ئەگەر سووچێکیشی بە پێناسە و ئایندەی کەرکووکەوە گرێدرا بێ، ئیتر هەرچی ئاخ و داخیان هەیە بەلاوەی ئەنێن و قۆڵی کوردایەتی لێ هەڵئەکەن!
ئەوان بۆ شەڕی وجوود، جا بە گوللە بێ یان بە دەنگ، سەریان پێوە نەبووە و نیە و مەردانە کردوویانە و ئەیکەن، هەمیشە سەری خۆیان بەرز و هی کوردیشیان نەوی نەکردووە و ناکەن، بەرزتر ڕایئەگرن!
لە شاخ، ئازا و دەستوەشێنترینی ناو پێشمەرگە، کەرکووکی و کەرکووکییەکان بوون!
لە شار، سەرسەخت و چاونەترسترین کورد، کە ڕۆژانە بەگژ دوژمندا ئەچێتەوە، هەر ئەوانن!
کوردبوونی کەرکووکییەکان بەحەددێک خەست و تۆخە، لە دوا هەڵبژاردن لە کەرکووکدا ( ڕێک بە عەکسی سیاسییەکانەوە!)، حیزبایەتییان خستەلاوە و کوردایەتیان هێنایەپێش و بەلایانەوە گرنگ نەبوو کامە حیزب زۆرینە ئەبێ، بەڵکوو ئەوەی بەلای ئەوانەوە مەسەلە و قەزییە بوو، کوردبوون بوو، هەربۆیەش حیزب نا، کوردیان سەرخست!
سڵاو لەو کەرکووکییانەی کە ئەمشەو لە سەر خاکی کەرکووکن و بۆ شەڕی وجوودی سبەی، ( عیزەددین قەرەمحەمەد و فاتیح شوانی)ئاسا، بەپێوەن و لە سەنگەردان.