دواین هەواڵ

پەیمانی نەوتراو

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

20/11/2024

توڕەیی زەوی
بەشی چوار وکۆتایی

چاوم بە پوختەیەکی گرنکی کتێبەکەی (جارێد دایمۆند) کەوت، نوسەر پێی وایە ئەوە کۆمەڵگە داڕماوەکانن ژینگە وێران دەکەن، زیادەڕۆیی وچاوچنۆکی مرۆڤ لە ئیستغلال کردنی زەوی کارەساتەکەی خوڵقاندووە، دایموند چەندین کەیسی گرنگمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە لە هەموویاندا زەوی قوربانی مرۆڤیش جەلادێکی بێ سەبرە.

نائومی کلاین لەژێر ناوی (سەرمایەداری بەرامبەر کەشوهەوا) یەخەی چاوچنۆکی سەرمایەداری دەگرێت، دەڵێت: سەرمایەداری کۆنتڕۆڵکراو، کەشوهەوا وێران دەکات وزەویش وڵامی دەداتەوە.

کتێبەکە باس لەوە دەکات کە چۆن چالاکییەکانی مرۆڤ هاوسەنگی سروشتی تێکدەدەن، کە دەبێتە هۆی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا و قەیرانی ئیکۆلۆژی کە جۆرێکە لە (توڕەیی زەوی) لە چوارچێوەیەکی مۆدێرندا.

لە فەلسەفەی ژینگەدا، لە ڕێگەی کارەساتی سروشتییەوە کە وەک دەرئەنجامی پشتگوێخستنی ژینگەیی مرۆڤ لێکدەدرێتەوە باس لە تووڕەیی زەوی دەکرێت. بۆ نموونە زۆرجار باسە فەلسەفییەکان لەوە دەکۆڵنەوە کە ئایا دەشێت زەوی وەک سیستەمێکی زیندوو سەیر بکرێت کە وەڵامی دەستدرێژی و تێکدانەکەی دەداتەوە.

هەریەکێک لەم بەرهەمانە بە شێوازی ناوازە لە ڕێگەی مێتافۆر، ئیکۆلۆژی، ئەفسانە، یان ڕەخنە لە سیستەمی مرۆیی لە "توڕەیی زەوی" دەکۆڵنەوە.

لە ئەفسانەی کۆنەوە تا ئەدەبیاتی مۆدێرن، توڕەیی زەوی بابەتێکی جەختلێکراو بوە. هەرچەندە هیچ ڕۆمان یان دەقێکی بەناوبانگم لە ژێر هەمان ناودا نەدۆزییەوە. بەڵام دەکرێت خۆمان کۆنتێکستێک دروست بکەین، ئەگەرچی ئەفسانەی یۆنانی (فایتۆن)٫ کوڕە سەرەڕۆکەی (هێلیۆسدا)، ئاگر لە زەوی بەردەدات کاتێک کۆنترۆڵی گالیسکەی خۆر لەدەست دەدات، ئەمەش مەتافۆرێکە بۆ بێتوانایی مرۆڤایەتی کە جەخت لە بەکارهێنانی بەرپرسیارانە دەسەڵاتەکەی دەکاتەوە.

پەیمانی نەوتراو

زۆرجار لەبیرمان دەچێت کە لەگەڵ زەویدا لە پەیمانێکداین.

دیقەتت وورد بکەرەوە، ئەو کانزاوماددانەی لە (سەر) یان لە (ژێر) زەوی دەردێنین. کە دارستانێکی تەنک دەکەین یان لەناودەبەین، هەر ڕووبارێک کە بەنداوی لەسەر دروست دەکەین، بڕگەیەکە لە ڕێککەوتنی نێوان ئێمە وزەویدا کە (گرێبەستێکی بێدەنگە) ونووسراوەتەوە. بەڵام ئەوەی ئێمە درکی پێناکەین ئەوەیە کە ئەم گرێبەستە یەکلایەنە نییە. زەوی دەبەخشێت و دەشبات. تووڕەیییەکەی تۆڵەکردنەوە نییە بەڵکو دووبارە قەبارەدانانەوەیە، ڕێگایەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەوەی کە ئێمە لە سنوری گرێبەستەکە زیاتر چوین.

ئەگەر زەوی زمانی هەبوایەو بیتوانیبا وشەکان دەرببڕێت لەوانەیە ئەمانە بووبان/ بە هاوئاهەنگی بژین نەک باڵادەستی/ ئەوەی پێویستتە وەریبگرە نەک ئەوەی دەتەوێت/ لەبیرت بێت کە مانەوەی تۆ بەستراوەتەوە بە مانەوەی منەوە/. زەوی قسە ناکات و کاردەکات. لە کردارەکانیشیدا وانەیەک هەیە کە تووڕەیی زەوی کۆتایی نییە بەڵکو بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP