لە پەرتوکی بەریەککەوتنی شارستانیەکان، نوسەر ساموێل فیلیپس هەنتینگتۆن، باسی داڤۆس دەکات و ناوی ناوە کەلتوری داڤۆس. بە بۆچونی نوسەر داڤۆس چالاکیەکی کەلتورییە پێش ئەوەی چالاکیەکی سیاسی دبلۆماسی بێت، دروست داڤۆس ڕوداوێکە ساڵانە هەزارەها خەڵک بەشدار دەبێت.
ئەمساڵیش زیاتر لە سێ هەزار کەس بەشداربوە، لە سی (٣٠) وڵاتی جیاواز، وە پەنجا سەرکردەی جیهانی تێدا بەشداربوە، لەژێر تەوەری( هاوکاری بۆ سەردەمی زیرەک). ساموێل شرۆڤەی ئەم ڕوداوە ساڵانە دەکات بە ئاڵوگۆڕی کەلتوری، لە تەنیشت سێبەری سەرمایەداری و، گۆڕانی هاوکێشە سیاسی و، سەربازی و، تەکنەلۆجی و دبلۆماسیەکان، ئەو پێی وایە داڤۆس نەرمترین چالاکیە بۆ هەریەک لە حکومەت و دەسەڵاتەکان، کە بەشدار دەبن لەم بۆنەدا، جگە لە مانەش کەلتوری گفتوگۆو، ئارگومێنت و مێزگرد دەرگا دەکاتەوە لە سەر نمایش کردنی کێشە جۆر بەجۆرەکانی جیهان.
ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم کردنەوەی ماڵی کوردیە لە داڤۆس، سەرەڕایی گلەیی و گازندەکان لە سەر حکومەت و، دەسەڵاتی کوردی ئەم ماڵ و چالاکیە وێنەیەکی جوان و پڕ ئەتیکی بۆ کوردەواری داوە بە جیهان و، تەواوی ئەو میوانانەی ڕوو لەوێ دەکەن.
کورد لە دێر زەمانەوە دەنگی کپ کرابوو، وە سەرکردەکانی لە ڕابردوودا وزەی شۆڕشیان لە تەنیشت خەباتی چەکداری تەنها بۆناساندێکی سادە بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم بەشداریە کەلتوری و، ئابوری و، سیاسیەی کورد لە داڤۆس ئاراستەمان دەکات بۆ ناساندنی زیاتر دۆزی کورد لە جیهانداو، وا دەکات سەرکردەکانی جیهان و، ئابوریناسان و، سیاسیەکان و ڕۆژنامەنوسە بە ناو بانگەکانی دنیا وشەی کورد لە زهن و یادەوەریان چەسپ بێت.
هیوادارم بازرگانان و دەسەڵاتی سیاسی کوردستان بە پێچەوانەوە لە نێو کەلتوری داڤۆس هەنگاو بنێن بۆ زیاتر خزمەتکردنی کوردستان و، دۆزەکەی.