دواین هەواڵ

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ترامپ،یان هاریس؟

‌هاورێ تۆفیق

04/11/2024

ڕۆژی سێشەممە 5ی نۆڤەمبەری ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کەمالا هاریس جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا خۆی بۆ پارتی دیموکرات کاندید دەکات و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا خۆی بۆ پارتی کۆماری کاندید دەکات. کاندیدەکانی دیکە بریتین لە کەسایەتییە سەربەخۆکانی وەک ڕۆبەرت ئێف. کێنێدی جونیۆر ، جیل شتاین لە پارتی سەوز و کۆرنێلیۆس.کە هیچ کەسێکیان بەختی سەرکەوتنیان بۆ دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆکی ئەمریکا نیە.سەرۆکی براوە لە ٢٠ی یەنایر واتە مانگی (١) ی ساڵی ٢٠٢٥ دەستبەکار دەبێت.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ی ئەمریکا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، جیاوازییەکی بەرچاو لە هەڵوێستی کاندیدەکاندا هەیە سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکان .لەوانە ئابووری، کۆچبەری، لەباربردن و بابەتی سیاسەتی دەرەوە.خوێندن،ژینگە.
1- کۆچبەری: ترەمپ بەنیازە سیاسەتێکی توندتر بسەپێنێت لەڕێگەی دووبارە خستنەڕووی بەرنامەکانی وەک "مانەوە لە مەکسیک" و زیادکردنی سنووردارکردنی کۆچبەری لەڕێگەی فراوانکردنی قەدەغەکردنی هاتن بۆ ئەمریکا بەسەر هەندێک وڵاتدا، ئەمە جگە لە کۆتاییهێنان بە مافی ڕەگەزنامەی لەدایکبوون. لای خۆیەوە هاریس داوای چاکسازی هەمەلایەنەی کۆچبەری دەکات، لەوانەش دروستکردنی ڕێڕەوی یاسایی بۆ کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەو کۆچبەرە گەنجانەی کە لە ئەمریکا گەورە بوون و بەبێ پێگەی یاسایی گەورە بوون.

2- لەباربردنی منداڵ: ترەمپ داوای جێهێشتنی ڕێکخستنی لەباربردنی منداڵ دەکات کە لە دەستی هەر ویلایەتێکدا بێت ، بەڵکو ئەیەوێت بریاری قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ بە تەواوی قەدەغەبکات ، هاریس بەرگری لە مافەکانی لەباربردن دەکات و هەوڵدەدات یاسای پاراستنی یاسایی لەسەر ئاستی فیدراڵی بۆ ئەم مافە دابنێت، بە تایبەتی بۆ حاڵەتەکانی لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسی ، جەخت لەسەر پاراستنی ئازادی ژنان دەکاتەوە بۆ بڕیاردانی لە تەندروستی خۆیان.

3. سیاسەتی دەرەوە - ئۆکرانیا و ئیسرائیل: ترەمپ لە ئێستادا ڕەخنە لە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل دەگرێت، بەڵام داوای کۆتاییهێنانی بە پەلەی ململانێکان دەکات. لە بەرامبەردا هاریس پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات و داوای هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ فەلەستینییەکان دەکات. سەبارەت بە ئۆکرانیا، ترەمپ هەوڵدەدات پاڵپشتی بەرفراوان بۆ ئۆکرانیا کۆتایی پێبهێنێت و داوا ئەکات کە دانوستانەکانی ئاشتی خێرا تر بکرێ، هاوکات هاریس بانگەشە بۆ پشتیوانیی توندی ئۆکرانیا دەکات و وەک بەشێک لە پابەندبوونی ئەمریکا بە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دەزانێت.

4- بازرگانی: ترەمپ بەڵێن دەدات باجێکی بەرچاو بخاتە سەر هاوردەی دەرەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین و بەرزکردنەوەی پیشەسازییە ناوخۆییەکان. لە بەرامبەردا هاریس پشتگیری لە ستراتیژی بازرگانیکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و بەکارهێنانی باج و هاندانی داهێنانی ناوخۆیی دەکات، بەڵام بەردەوام ئەبێت لە سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن بۆ سەپاندنی سیاسەتی سنووردارکردن بەسەر چین دا.

٥: ژینگە

ترامپ دەڵێ لە رێکەتنامەی پاریس بۆ ژینگە دەکشێینەوە، پیشەسازی ئوتومبیلی کارەبایی رادەگرم ، قسە بە ناوبانگەی بۆتە وێردی سەر زمانی خەڵکی( بیر لێ بدەو هەڵیکەنە) مەبەستی هەڵکەندنی بیری نەوتە، بە باوەڕی ترەمپ ئەمە دەبێتە پاڵپشت بۆ گەورەکردنی ئابوری ئەمریکا. لەبەرامبەردا کامالا هاریس ، دوپاتی گرنگی سیاسەتی ژینگە دەکاتەوەو هەوڵ دەدەن بەشدارێکی کارا بن لە پاراستنی ژینگە.

کۆکراوەی هەڵبژاردن Electrol College سیستەمێکە لە ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات بەکاردێت. سەرۆک لەبری ئەوەی پشت بە دەنگی ڕاستەوخۆی جەماوەریی ببەستێت، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ناڕاستەوخۆوە هەڵدەبژێردرێت. لەم سیستەمەدا ژمارەیەکی دیاریکراو لە نوێنەران یان دەنگدەران (لە ئێستادا ٥٣٨ کەسن) بە پشتبەستن بە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێس و سینات بۆ هەر ویلایەتێک ئەو ژمارەیە دانراوەو بەسەر ویلایەتەکاندا دابەش دەکرێن و واشنتۆن دی سی ،سێ دەنگی پێدەدرێت. بۆ ئەوەی کاندیدێک لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەوێت، پێویستە زۆرینەی دەنگەکانی کۆلێژی هەڵبژاردنەکان بەدەستبهێنێت، واتە لانیکەم ٢٧٠ دەنگ.

نوێنەران (مەندوبەکان) بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەش دەکرێن، واتە ئەو ویلایەتانەی کە چڕی دانیشتوانیان زۆرە نوێنەری زیاتریان هەیە (وەک کالیفۆرنیا و تەکساس)، لەکاتێکدا ئەو ویلایەتانەی کە چڕی دانیشتوانیان نزمە، کەم دەنگیان هەیە. هاووڵاتیان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن، بەڵام لە واقیعدا دەنگ بە کۆمەڵێک نوێنەر دەدەن کە بەڵێن دەدەن دەنگ بە کاندیدێکی دیاریکراو لە کۆلێژی هەڵبژاردن بدەن.

ئەم سیستەمە بۆ هاوسەنگکردنی ولایەتە گەورە و بچووکەکان داڕێژراوە، ڕێگری لە هەژموونی تەواوەتی ئەو ولایەتانە دەکات کە چڕی دانیشتوانیان زۆرە، بەڵام ڕەخنەی لێ گیراوە، بەو پێیەی سەرۆکێک دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەوێت، تەنانەت ئەگەر ژمارەیەکی کەمتری دەنگی جەماوەریش بەدەستبهێنێت.

لە ئەمریکا دوو جۆر دەنگدان ئەکرێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک، یەکمان دەنگدانی جەماوەری راستەوخۆیە، کە دەنگ بە بەربژێری سەرۆکایەتی ئەدەن ، جۆری دووەمیان کە یەکلاکەرەوە دەنگدانی ناراستەوخۆیە، پێی دەڵێن کۆکراوەی هەڵبژرادن (Elecotral College )
لەهەمان کات لە ناو هەر ولایەتێکدا ئەکەر نوێنەرێک زۆرینەی رەهای دەنگەکانی ولایەتێکی بەدەستهێنا ئەوا کۆی باقی دەنگی نوێنەرەکانی ئەو ولایەتە بۆ خۆی ئەبات. پێی دەڵێن براوە هەمووی ئەبات. (Winner-Takes-All) ، ترامپ یان کامالا هاریس ؟ کامیان دەیبەنەوە؟

لە راستیدا هەژندەی هەڵبژاردن ( مفاجأت انتخابات) زیاتر نزیکترە وەک لە ئەنجامی راپرسیەکان چونکە بە گوێرەی راپرسیەکان هەردووکیان دەنگیان لە یەکترییەوە نزیکە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP