دواین هەواڵ

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند سەرنجێک

‌رەنج نەوزاد

5 رۆژ پێش ئێستا

لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو سەردانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانم کرد لە شاری نيۆيۆرک. بۆ کورد، هەر ناوی ڕێکخراوەکە مایەیی پرسيارە. ئایا دەستەواژەی دەوڵەتەکان یان نەتەوەکان گونجاوترە بۆ ناوی ئەو ڕێکخراوەیە، بێ گومان ئەگەر نەتەوەکان بێت، چۆن دەبێت کورد بۆی نەبێت ببێتە ئەندام! لە زمانی ئينگليزی (Nation) بۆ هەردووکی بەکاردەهێنرێت. بە پێی یاسای خودی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامی تەواو، دەبێت دەوڵەت بێت، نەک نەتەوە. ئەکتەرە نا دەوڵەتييەکان دەکرێت سيفەت و پلەی تريان هەبێت نەک ئەندامێکی تەواو، ئەمەش هەر پشت بە ڕەزامەندی زۆرينەی دەوڵەتانی تر دەبەستێت.

لەو ڕێکخراوەیەدا جۆرێک لە ئەندامێتی تر هەیە کە پێی دەوترێت ئەندامی چاودێری نا دەوڵەتی (Non-Member Observer States)، لە ئێستادا دوو قەوارە ئەم سيفەتەیان هەیە، ئەوانيش فاتيکان (The Holy See) و فەڵەستين. ئەم جۆرە لە ئەندامێتی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن بيبەخشن، بەڵام ئەندامێتی تەواو پێويستی بە ڕەزامەندی زۆرينەی ئەنجومەنی ئاسايشە بە بێ بەکارهێنانی ڤيتۆ لە لایەن پێنج ئەندامە هەميشەییەکەی ئەنجوومەنەکە. ئەوەی مایەیی سەرنجە فەڵەستين بایەخ و مافێکی زۆری پێدراوە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە ٢٠١٥ ئەنجومەنی گشتی بە زۆرينەی دەنگ بڕياريدا کە ئاڵای فەڵەستين و فاتيکان بەرز بکرێنەوە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان. هاوکات، لە ٢٠١٢ەوە فەڵەستين ئەندامی چاودێرە.

وەک لە وێنەکاندا ديارە، بەشێک لە ديواری ناو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان کراوە بۆ زانياری و نەخشە و بڕيارەکان سەبارەت بە فەڵەستين. ئەمەش نيشانەی ئەو بایەخ و دەستکەوتە گەورانەیە کە بەخشراوە بە فەڵەستين. ئەگەر براورد بکرێت بە دۆزی کورد، ئەوا دۆزی فەڵەستين بە ساڵی ڕووناکی لە پێش دۆزی کوردەوەیە. لە کاتێکدا بە هەموو فەڵەستينی و ئيسرائيليەکانەوە، ژمارەیان ناگاتە نيوەی ژمارەی کورد! کەچی کورد هەر بوونی نييە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەو تاوان و زوڵمەی لە کورد کراوە، سەدان جار زیاترە لەوەی لە فەڵەستين کراوە. تەنيا ئەو ئيعتراف و بایەخە یاسایی و نێودەوڵەتيەیی کە بە فەڵەستين دراوە، بەڵگەیە کە چەنێک جياوازی و نا دادپەروەری ئەنجامدراوە بەرامبەر بە دۆزی کورد بە براورد بە دۆزی فەڵەستين. ئەمە جگە لەوەی ژمارەی هەموو ئەو فەڵستينيانەی لە ٤٨ەوە کووژراون، ناگاتە ژمارەی تەنيا ئەو کوردانەی کە لە ئەنفالدا لەناوبران! جگە لەوەی مافی کولتوری و زمان بۆ فەڵەستينييەکان هەر دەستی بۆ نەبراوە لە لایەن ئيسرائيلەوە بە براورد بەو مافانەی کورد کە لە لایەن تورکيا و ئێران و عيراق و سوورياوە جەنگی لە دژ راگێنراوە. فەڵەستينی پاسپۆرتی خۆی هەیە، مافی چارەيخۆنووسينی پێدراوە نەک تەنيا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەڵکو تەنانەت بە هەندێک مەرجەوە، لە لایەن ئەمريکا و خودی ئيسرائيلەوەش ئەو مافە بە فەڵەستينييەکان دراوە. کەچی زۆرێک لە کوردی کەوتوو و خەوتوو و خڵەفاو، خۆی شين کردوەتەوە بۆ فەڵەستين و پرسيار ناکات چەند سەدەی تر خۆی دەتوانێت بگات بەو دەستکەوتانەی کە جيهان بە فەڵەستينی داوە!

جەواد مەلا، کە سياسەتمەدارێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، کاتی خۆی نامەیەک ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات سەبارەت بەوەی کورديش ئەندامێتييەکی نا دەوڵەتی هەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرگری لە مافە کولتوری و سياسی و کۆمەڵایەتييەکانی ئەو نەتەوە گەورەیە بکات. جەواد مەلا خۆشی ببێتە نوێنەری کورد لە ڕێکخراوەکە. بە پێی قسەی ناوبراو، نەتەوە یەکگرووەکان وتویانە ئەو کارە دەکرێت، بەڵام پێويستە پشتگيری و ئيمزای ژمارەیەک لە سياسی و ئەندامانی حکومی دەوڵەتان بۆ ئەو بابەتە بەدەست بهێنێت. جەواد مەلا ئەو کارە دەکات و داواکە دەنێرێتەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام بە قسەی جەواد، نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی دەدەنەوە و دەڵێن سياسی و لایەنە کوردييەکان ئاگاداريان کردوينەتەوە کە ئەوان ڕازی نين بەوەی جەواد مەلا ببێتە نوێنەری کورد. بۆیە داواکە ڕەتکرایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە خودی ئەو لایەن و سياسييە کوردانە ئامادە نەبوونە خۆیان هەوڵبدەن نوێنەرێک بنێرن یان هەمان داواکاری پێشکەش بکەن. بە پێی پرسيار و بەدواداچوونی خۆم لەناو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵامێکی ڕوونم دەست نەکەوت سەبارەت بە پرسی هەبوونی نوێنەری کورد لە ڕێکخراوەکە. بەڵام بە گشتی دەکرێت بوترێت، جوڵانەوەی ئەو پرسە لە لایەن کوردەوە، بە یەکدەنگی، دەکرێت ئەنجامێکی هەبێت. دواجار لە دەرەوەی دەوڵەت، یان بە بێ پشتگيری ژمارەیەک لە دەوڵەتان، ئەو پرسە قوورسە.
خاڵێکی تر کە مایەیی سەرنج بوو، وەک لە وێنەکاندا ديارە، نەخشەی ئيسرائيل و فەڵەستينە بە پێی بڕياری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩٤٧، دەردەکەوێت کە فەڵەستين ڕووبەرێکی گەورە و شايستەی پێدرابوو، بە براورد بەم سەردەمە. دەوروبەری ٤٤٪ی خاکەکە درابوو بە فەڵەستنييەکان. کەچی عەرەب ئەو کات ئەو بڕيارە ڕەت دەکەنەوە و ئيسرائيل قبوڵی دەکات. عەرەب پەنای بۆ جەنگ برد، وردە وردە ئەو بڕيار و نەخشەیە هەر بە ئيمزای فەڵەستين و عەرەب کۆتایی پێهێنرا و بچووکتر کرایەوە بۆ ٢٢٪ی خاکەکە. پاشان ئەوەش نەهاتە دی، تا ئەمرۆ کە ئيسرائيل لە ڕووی سەربازی و ئەمنييەوە سەد لەسەدی خاکەکەی داگيرکرد. هەر بۆیە ئێستا هەموو داواکارييەکانی فەڵەستينييەکان ئەوەیە کە ئيسرائيل لە غەززە بکشێتەوە!

ت: سەبارەت بە براوردکردنی دەستکەوتەکانی فەڵەستين و کورد، فاکتەر و هۆکاری زۆر هەن. فاکتەرەکە ئەوە نييە کە فەڵەستينييەکان لە کوردەکان زیرەکانەتر و باشتر کاريان کردوە. ئەگەر لە سياسی و حيزبی کوردی گەندەڵتر و ناپاکتر هەبێت، ئەوا هی فەڵەستينييەکانە. ئەگەر لە کورد پەرتەوازەتر و دووبەرەکیتر هەبێت ئەوا فەڵەستنييەکانن. فاکتەرەکان بريتييە لە هەبوونی ژمارەیەک زۆر لە دەوڵەتی عەرەبی کە پشتگيری فەڵەستين دەکەن. تەنيا خودی جەمال عەبدوڵناسر، ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە درووستکردن و پێشخستنی دۆزی فەڵەستين. فاکتەرێکی تر بريتييە لە خودی دەوڵەتانی داگيرکەر. ئيسرائيل لە هەموو ڕوویەکەوە، ديموکراسيتر و بە ئەخلاقتر و مرۆڤترە لە تورکيا و ئێران و عيراق و سووريا. تا ئەمرۆش ئيسرائيل بە فەرمی نەيوتووە کەناری رۆژئاوا و غەززە بەشێکە لە ئيسرائيل و فەڵەستنييەکان ئيسرائيلين. فاکتەرێکی سەرەکيش بريتييە لە هاوکێشە سياسيەکان و بەرەکان. کورد دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەت، دووانيان، تورکيا و ئێران هەميشە گرنگ و هاوپەيمانن لەگەڵ زلهیزەکانی جيهان، چ لە بەرەی ئەمريکا و رۆژئاوا بن، چ لەبەرەی دژ. هەموو زلهێزەکانی جيهان پەيوەندييان لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە بە گرنگتر دەزانن لە پرسی کورد. چەندين فاکتەری تر...











Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP