دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە گوایە وەزارەتمان ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بە فەرمانبەران

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە كه‌ ده‌ڵێن، وەزارەتەکەیان ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بە فەرمانبەران، ده‌شڵێت، "ئەو کەس و لایەنانەی تۆمەتبارمان ده‌كه‌ن هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبون".

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە، سەبارەت بە دابەشکردنی فۆڕمی زەوی بۆ فەرمانبەران و موچەخۆرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکان، "ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە دەڵێن وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بەو فەرمانبەر و موچەخۆرانە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "وەزارەتی دارایی و ئابوری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆڕم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆراندا نییە و دور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە".   

باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هەمو ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستانە".    

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردوە هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبون".   



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP