هەرێم نیوز
زنجیرە تەقینەوەی ئامێرە پەیجەرەکان لە لوبنان بەردەوامە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهۆی تەقینەوەی هەمان ئامێرەکانی دەستی ئەندامانی حــ.ـیزبـ.ـوڵڵای لوبنان ، 3 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 9ـی 2024، جارێکی دیکە، سەدان ئامێری بێتەلی جۆری وۆکی تۆک ئایکۆم کە بەدەست ئەندامانی حزبولڵای لوبنانیەوەیە، تەقیونەتەوە، تا ئێستا بەهۆیە سێ کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسیش بریندارن.
دوێنێ سێشەممە، لە یەک کاتتدا ئامێرەکانی بێتەلی پەیجەری ئەندامانی حزبوڵڵا لە لوبنان تەقینەوە، بەهۆیە 11 كهس کوژران کە منداڵێک لەنێویاندا هەبوو، 2800 کەسی دیکەش برینداربوون كه چوار سهدیان برینهكانیان سهخته.
هەر زوو دوای ڕووداوی تەقینەوەکان، حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگهیاند: ههواڵگریی ئیسرائیل توانیویهتی دزەبکاتە ناو ئامێرهكانی پهیوهندیی ئهندامانیان، لەپاڵ ئەویشدا ئاژانسی نیشتمانی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد کە ههواڵگریی ئیسرائیل دزەی کردووەتە ناو ئامێری بێتەلی جۆری "پهیجهر"ـی ئهندامانی حزبوڵڵا، كه ئامێرێكی بچووكه و بۆ پهیوهندی بهكار دێت، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرهكانیش دەیان ئەندامی حزبوڵڵا برینداربوون.
هاوکات، ئاژانسی ههواڵی میهری ئێران بڵاویکردەوە، موجتهبا ئهمانی، باڵیۆزی ئێران له لوبنان بههۆی تهقینهوهی ئامێری پهیوهندیكردنهوه كه له جۆری "پهیجهر" بووه، بریندار بووه.
لای خۆیەوە، وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا له ڕاگهیهندراوێكدا جهختی کردەوە، هیچ پهیوهندییهكانیان به هێرشه ئهلیكترۆنییهكهی لوبنانهوه نییه.
نهتهوه یهكگرتووهكانیش نیگهرانی خۆی بهرانبه به هێرشه ڕاگهیاند، به ههمان شێوه وهزارهتی دهرهوهی ئێران له ڕاگهیهندراوێكدا سهركۆنهی هێرشهی كرد.
ئاژانسی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی، ئاماژە بەوە دەکات، بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایان گەیاند کە ئیسرائیل پێشوەختە ئیدارەی بایدنی لە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکە ئاگادار نەکردووەتەوە کە هێرشی کردووەتە سەر ئامێرەکانی پەیوەندی پەیجەر لە لوبنان.
حــ.ـیزبـ.ـوڵڵای لوبنانی دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو لاوازییەی کە بووە هۆی ئەم دزەکردن بۆ نێو ئامێرە بێتەلانی پەیجەر، ئەندام و بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێن: بارێکی نوێی ئەو ئامێرانەیان لە کۆمپانیایەکی تایوانی وەریگرتووە کە چەند مانگێک لەمەوبەر گەیشتووەتە دەست ئەندامان و سەرکردەکان و پاسەوانی بەرپرسانی حــ.ـیزبـ.ـوڵڵا.
ئاماژە بەوەش دەکەن، لەوەتەی ئامێرەکانیان گەیشتووەتە دەست، گلەییان لەوە هەبوو کێشە لە پاتریی پەیجەرەکان هەیە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە زۆر بەخێرایی توانای پاترییەکان دادەبەزێت و تەواو دەبێت، هاوکات لە یەک کاتدا دوو پەیام وەرناگرێت، دەشڵێن: حزبولڵا بەنیاز بووە پەیوەندی بە کۆمپانیای دروستکەرەوە بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئامێرانە و بە ئامێری دیکە بۆیان بگۆڕنەوە، بەڵام خێراتر لەوەی چاوەڕێیان دەکرد ئامێرەکان تەقیینەوە.
تا ئێستا، لێکۆڵینەوەکانی ئەو حزبە ئاشکرای کردووە کە، ئامێری بێتەلی پەیجەرەکان تەقەمەنییەکیان تێدایە کە بەسەر پارچەکانی ئامێرەکەدا بڵاو بوونەتەوە و لەلایەن سکانەرەکەیانەوە هەڵنەگیراون.
سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی لوبنانی ئاشکرای کردووە کە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) چەند مانگێک پێش تەقینەوەکانی ڕۆژی سێشەممە، تەقەمەنی لەناو پێنج هەزار ئامێری پەیوەندی ڕادیۆیی چاندووە، سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن: ئامێرەکانی پەیجەر لە لایەن کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ کە بنکە لە تایوانە بەرهەم دەهێنرێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکە پێشتر ڕوونی کردۆتەوە کە ئەو ئامێرانەی تەقیوەتەوە لەلایەن PAC لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەرهەم هێنراون.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایان کردووە کە ئامادەکردنی پلانەکە چەند مانگێکی خایاندووە، سەرچاوە ئەمنیەکە گوتی: حزبوڵڵا داوای پێنج هەزار ئامێری پەیوەندی کردووە کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا گەیشتووەتە ئەو وڵاتە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە، ئەو ئامێرانە لە قۆناغی بەرهەمهێناندا لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە دەستکاری کراون، دەشڵێن: مۆساد تابلۆیەکی لەناو پەیجەرەکەدا داناوە کە تەقەمەنیی تێدایە، ئامێرەکە کۆدێکی پێگەیشتووە زۆر زەحمەتە بە هیچ شێوەیەک بدۆزرێتەوە، تەنانەت بە بەکارهێنانی هەر ئامێرێک یان سکانەرێک.