دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: هەر كارێك بۆ بەرژەوەندیی خەڵك بێت دەیكەین و گوێ بە هیچ لایەك نادەین

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە شارۆچکەی خەبات لە هەولێر ڕایگەیاند، لە چەند ساڵی ڕابردوودا وێڕای کێشە و قەیرانەکان، بەردەوام بە گوێرەی توانا بایەخمان بە کەرتی پەروەرد داوە، لە سەردەمی پەتای کۆرۆناش ڕێگەمان نەدا پرۆسەی خوێندن بوەستێت.

مەسرور بارزانی لە میانی وتارەکەیدا وتی، "بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەکانمان لە کەشێکی گونجاودا بخوێنن، پێویستیمان بە قوتابخانە زیاتر و پێداویستی زیاتری خوێندن هەیە. پێویستە قوتابخانەکانیش بگەیەندرێن بە ئاستێکی ستاندارد".

راشیگەیاند: هەڵبژاردنی ئەم دەڤەرە {قەزای خەبات} بۆ دانانی بەردی بناغەی قوتابخانە و باخچەی ساوایان، ئاماژەیە بۆ گرنگی ئەو دەڤەرە بۆ ئێمە، ئەوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت بێ گوێدانە قسەی ئەملا و ئەولا جێبەجێی دەکەین. 

 ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەم دەڤەرەم بۆ راگەیاندنی دانانی بەردی بناغەی 15 قوتابخانە لە چەندین شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر لەگەڵتانین. ئێمە لە چەند ساڵی رابردوو، وێڕای هەموو كێشە و قەیرانەكان، هەمیشە بەپێی توانا گرنگیمان بە كەرتی پەروەردە داوە، لە سەختترین دۆخدا و لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا، ڕێگەمان نەدا پرۆسەی خوێندن بوەستێت و خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی بە رادەیەكی باش بەردەوام بوو. بەڵام بێگومان پێشخستنی كەرتی پەروەردە و ئاستی خوێندن پێویستیی بە گرنگیپێدانێكی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاترە. چونكە وەبەرهێنان لەسەر توانا مرۆڤییەكان و نەوەی داهاتوو، گەورەترین و سوودبەخشترین وەبەرهێنانە.

بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەكانمان لە كەشێكی گونجاودا بخوێنن، پێویستیمان بە قوتابخانەی زیاتر و پێداویستیی زیاتری خوێندن هەیە. پێویستە قوتابخانەكانیش بگەیەندرێن بە ئاستێكی ستاندارد. بەداخەوە لە ساڵانی رابردوو بەهۆی بارودۆخی كوردستان و نەبوونی پلانێكی تۆكمە و ئەو هەموو فشارانەی كە لەسەر كوردستان بوون، ژێرخانێكی باش بۆ كەرتی پەروەردە دانەنراوە. بۆیە كارێكی زۆرمان لەپێشە بۆ ئەوەی ئەم كەرتە گرنگە پێش بخەین.

لەم چوار ساڵەی رابردوودا چ وەزارەتی پەروەردە خۆی، چ بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، تواندراوە دەیان قوتابخانە بونیاد بنرێن و بە هەزاران قوتابخانەش نۆژەن بكرێنەوە. ئەوەی بیستم لە بەڕێز وەزیری پەروەردە كە 194 قوتابخانە تا كۆتایی ئەمساڵ دروست دەكرێن و 1670 قوتابخانەش نۆژەن دەكرێنەوە. ئەم 15 قوتابخانەی كە ئەمڕۆش بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بە هاوكاریی كەرتی تایبەتە. ماوەیەك پێش ئێستا لە مەراسیمێكدا رێزمان لەو كەسانە نا كە بەشدار بوونە لە دروستكردنی قوتابخانە بۆ كەرتی گشتیی پەروەردە، لێرەشدا جارێكی دیكە جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانینمان ئاراستەیان بكەین.

لێرەدا دەمەوێ رایبگەیەنم كە دەڤەری خەباتیش شایستەی خزمەتی زیاترە، بەرنامە و پلان و پرۆژەمان بۆ ئەم دەڤەرە هەیە و ئەمڕۆش هەڵبژاردنی ئەم دەڤەرە بۆ دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەكان، ئاماژەیەكە بۆ گرنگیی ئەم ناوچەیە.

بەڕێزان پێش كەمتر لە مانگێك، ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك لە مامۆستایانی وانەبێژ دانیشتین و گوێم لە داواكارییەكانیان بوو، ئەو وەختەش بڵاومان كردەوە كە ئەوانە بە گرێبەست دادەمەزرێن و من هەر ئەو وەختە بەڵێنم دا و داوام لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت، وەزارەتی پەروەردە و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە ڕێكارەكان بگرنە بەر بۆ ئەوەی كەمتر لە مانگێك، بابەتی بە گرێبەستبوونیان كۆتایی بێت. من خۆشحاڵم كە بیستم كەمتر لە مانگێك ئەو بەڵێنەمان بەدیهێنا و هیوادارم ئەو مامۆستا بەڕێزانە بتوانن لەمەدودوا وەكوو مامۆستای گرێبەست، درێژە بە ئەركی پیرۆزی خۆیان بدەن.

من جارێكی تر سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە پشوویان درێژ بووە لەگەڵ ئێمە، سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و ناخۆشیی ژیان كە تووشیان بووە، بەردەوام بوون لە فێركردنی قوتابییە خۆشەویستەكانی ئێمە، من تەمەنای سەركەوتنیان بۆ دەكەم.

هەرچەندە ئەمە دەستكەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەمە دەستكەوتی هەموو خەڵكی كوردستانە، بەڵام بینیمان زۆرجار هەوڵی ئەوەش درا كە رای گشتی چەواشە بكرێت و بە لاڕێدا ببرێت و وابكەن كە ئەم دەستكەوتانە نادیدە بگرن یانیش وابكەن كە لایەنی تری پێ بەرپرسیار بزانن. ئێمە گوێ نادەینە ئەو قسانە، ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین و بەردەوامیش دەبین، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە بەبێ گوێدان بە هیچ قسەی ئەملا و ئەولا، ئێمە هەر ئینشائەڵا لەسەر ئەم ڕێچكەیە بەردەوام دەبین.

جارێكی دیكەش من دەستخۆشی لە هەموو ئەو وەبەرهێنەرە بەڕێزانە دەكەم كە لەم پرۆژە گرنگەدا هاوكار و بەشدار بوون، هیوادارم نموونەیان زۆر بێت. جارێكی دیكەش سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، ئێوە هەر شاد و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP