دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستان دەکەن

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە میانی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەولێر جەختی لە بەرەوپێشبردن و چاکسازیکردن لە کەرتی تەندروستی کردەوە و ڕاشیگەیاند: لە ناوچەکانی عێراق و دەرەوەش دێنە هەرێمی کلوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی لە وتاری ڕێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانە چارەسەری شێرپەنجە رایگەیاند: نەخۆشخانەكە ”بە ئاست و كوالێتییەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر و هەموو كوردستان.“

ئاماژەی بەوەشدا: لە هەرێمی کوردستان چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە کە خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییانمان دەکەن، هەروەها نەخۆشانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستان دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستە پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی کرد لە پای ئەو خزمەتەی پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکەن.

مەسرور بارزانی باسی لەوەش كرد كە ”كەرتی تەندروستیمان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە، لە سەرەتای كابینە، چاكسازی لە سیستەمی تەندروستی لە یەكەم هەوڵەكانم بوو، بۆ ئەو مەبەستەش پرسمان بە پسپۆڕانی دەرەوەی وڵاتیش كرد، بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، فشار و قورسایی پەتای كۆرۆنا هەمووی كەوتە سەر ئەم كەرتە و كاریگەریی لەسەر هەنگاوەكانمان هەبوو. وێڕای ئەوەش، هەنگاوی بەرچاو لە بواری ڕێكخستنەوە و كوالێتیی داوودەرمان نراوە.“

وتیشی: ڕێژەی شێرپەنجە لەم ناوچەیە وەکوو هەموو جیهان زیادی کردووە، هەربۆیە دەبێت بەوردی هەم کار لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشەکانمان بکەن هەم باشترین چارەسەرەکانیش بۆ نەخۆشەکانمان دەستەبەر بکەین، لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، ئێمە هاوکاری سەندووقی کۆمەککردنی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکەین، هیوادارین هاووڵاتییان و کەرتی تایبەتیش بتوانن هاوکاری ئەم سندووقە بکەن".

ڕاشیگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو توانای خۆی لە پێناو باشترکردنی دۆخی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاست و کوالێتی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان دەخاتە گەڕ. 

سەرۆکی حکومەت، لە کۆتایی وتارەکەیدا هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ تەواوی نەخۆشانی شێرپەنجە خواست و وتی: هەرچییەک لە تواناماندا بێت بۆ هاوکاری و چارەسەرکردنیان درێخی ناکەین. هەروا هیوای خواست کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجە بەزوویی بتوانێت نەخۆشخانەکە دروست بکات تاوەکوو هەرچی زووە بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP