هەرێم نیوز
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین، لیژنەکانی چاودێری پشکنینیان بۆ دەیان بەنزینخانە کردووە و هۆشداریی توندیان داوەتە خاوەنەکانیان کە دەبێت پابەندی نرخە دیاریکراوەکان بن.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی 7ـی 2026، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتیی بەنزین بە سەرۆکایەتیی عەقیدی پۆلیس (نیهاد نەوزاد جەمال)، 32 بەنزینخانەیان لە ناو شاری هەولێر و دەوروبەری بەسەرکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە میانی پشکنینەکاندا، ئەو وێستگانەی پابەندی نرخە دیاریکراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەبوون بۆ جۆرەکانی (سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ)، ئاگادار کراونەتەوە و ناچار کراون دەستبەجێ بڕیارەکان جێبەجێ بکەن.
هاوکات هۆشداریی توند دراوەتە خاوەن بەنزینخانەکان کە هەر وێستگەیەک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و سزای کارگێڕیی کتوپڕ دەبێتەوە، کە ئەگەری داخستنی شوێنی کارەکەشی لەخۆ گرتووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم چاودێرییانە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام دەدرێن، کە ئامانج لێیان جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی بەنزین بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو لە بازاڕەکاندا.