دواین هەواڵ

ئایا ئێران هەتا 15ی مانگ تۆڵە دەکاتەوە لە ئیسرائیل؟

‌رەنج نەوزاد

12/08/2024

ئەمريکا و ئيسرائيل پێيانوایە ئێران پێش ١٥ی مانگ وەڵامە سەربازييەکەی دەداتەوە. پرسياری زۆر هەیە لە بارەی شێوە و قەبارە و کاريگەری ئەو وەڵامە، ئایا ئێران دەتوانێت وەڵامێکی کاريگەر بداتەوە زیانێکی گەورە بە ئيسرائيل بگەيەنێت؟ ڕێگرييەکان چين بۆ ئەوە؟

١. لە ڕووی توانا و زەمينەوە بە دڵنيایەوە دەتوانێت، هەر چەند ئيسرائيل خاوەن پێشکەوتووترين و کاريگەرترين سيستەمی بەرگرييە لە جيهاندا، بەڵام: ئێران دەتوانێت لە چەندين بەرە و شوێنەوە لە یەک کاتدا مووشەک و درۆن ئاڕاستە بکات، لە ئێران و عيراق و سووريا و یەمەن و لوبنانەوە. هيچ سيستەمێکی بەرگری لە جيهاندا نييە بەدەر بێت لە خاڵی لاواز. هاوکات هيچ سيستەمێکی بەرگری نييە بە رێژەی ١٠٠٪ هێرشەکان پوچەڵ بکاتەوە. بە تايبەت لە بەرەی لوبنانەوە، کە ئەوەندە نزيکە دەتوانين بڵێين وەک ئەوەیە لەناوخۆی ئيسرائيلەوە موشەک و درۆنەکان ئاڕاستە دەکرێن. سيستەمی بەرگری بە گشتی کێشەی هەیە لەگەڵ هێرشی نزيک و نزم؛ ڕووبەری ئيسرائيل زۆر بچووکە، لە ڕووی سەربازييەوە دەکرێت بڵێين ئەو وڵاتە قووڵایی نييە. هەرێمی کوردستان بە نزيکایی دوو جار لە ئێسرائيل گەورەترە، باشووری کوردستان چوار جار. بۆیە ئەگەر لە ماوەیەکی کورت بە هەزاران مووشەک و درۆن لە چەندين بەرەوە ئاڕاستەی ئيسرائيل بکرێت، بێ گومان زیانی گەورەی پێدەگات. 

٢. کەواتە لە ڕووی توانا و واقع و سەربازييەوە ئەوە دەکرێت، ڕێگرييەکە چييە؟ لایەنی سياسی و ترسە لە کاردانەوەی ئيسرائيل. ئەگەر زیانێکی گەورە بەر ئيسرائيل بکەوێت، ئەوا ئيسرائيل توانای هەیە لە وەڵامدا زیانێکی گەورەتر و وێرانکەرتر و کاريگەرتر بە ئێران و بەرەکەی بگەيەنێت. دەکرێت نەسروڵا و خامنەیی بکاتە ئامانج. هاوکات، هاوپەيمانەکانی ئيسرائيل بريتين لە ئەمريکا و ئەوروپا و دەوڵەتانی کەنداو و ئوردن... هاوپەيمانەکانی ئێران دەوڵەت نين و ميليشيان. ڕووسيا ڕاستەوخۆ نایەتە ناو ئەو جەنگە. ئەمەش ئێران دەکاتە بەردەم مەترسييەکی گەورەتر. 

٣. ئيسرائيل ئەگەر زيانێکی گەورەشی پێبگات، مەترسی شەڕی ناوخۆ و هەڵگەڕانەوە لە حکومەتی نييە. ئێران لە کاتی جەنگدا دەکرێت لەناوخۆوە شۆڕش دژ بە ڕژێم بکرێت و بيروخێنن. ئيسرائيل بە هۆی ئابوورييەکەی و هاوپەيمانەکانی، دەتوانێت لە ماوەیەکی کورت زیانەکانی چارەسەر بکات، ئابووری ئێران بەرگەی جەنگ ناگرێت. 

٤. بەشێک لە پسپۆران پێيانوایە وەڵامەکەی ئێران فراوان و جدی دەبێت، ژمارەیەکی زۆر مووشەک و درۆن ئاڕاستە دەکرێن و کاتێکی زۆريش دەخایەنێت. زیانی ماددی بەرز دەبێت، لایەنی کەم، زیانە ماددييەکان دەبێت ديار و ڕوون بن، بە پێچەوانەی هێرشەکەی پێشوو. بەڵام کۆنتڕۆڵکراو و کۆمەڵێک سنووری دەبێت. سڤيل و شوێنی مەدەنی ناکاتە ئامانج. شوێنی سەربازی و حکومی دەکاتە ئامانج، ئيتر ئایا وێرانکەر دەبێت یا نا، ئەوەیان ڕوون نييە. ئەگەر سەربازيش بکووژرێت ئەوا دەبێت زۆر سنووردار بێت. لە ڕووی ميدياییەوە کارێکی باشی بۆ دەکرێت. 

٥. قوورسە وەڵامەکە بگاتە ئاستی کارەکەی ئيسرائيل. 

٦. بۆچوونێک هەیە کە پێيوایە ئيسرائيل لەوانەیە هێرشێکی دەستپێشخەريانە (Preemptive war) یان هێرشێکی خۆپارێزی ( Preventive ) بکات، کە ئيسرائيل بەناوبانگە لەو جۆرە جەنگ و هێرشانە. بەڵام بۆچوونێکی تر هەیە پێيوایە ئيسرائيل لەم جەنگەدا لە حەوتی ئۆکتۆبەر، ستراتيژی خۆی گۆڕیووە بۆ جەنگ کە بريتييە لە جەنگێکی خاو و زیان گەياندن بە بەرامبەر بۆ ماوەیەکی دڕێژ (War of Attrition). ئەمەش بوچەڵکردنەوەی ئەو بۆچوونە باوە بوو کە ئيسرائيل ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە جەنگدا بێت. 

٧. وەڵامەکەی ئێران هەر چۆنێک بێت، ئيسرائيل هەر وەڵامی دەبێت. ئەگەر ئێران هێرشەکەی کاريگەر بێت، ئيسرائيل لە ماوەیەکی کورتدا وەڵامێکی کاريگەری دەداتەوە . ئەگەر هێرشەکەی ئێران زیانێکی سنوورداری هەبێت، ئيسرائيل وەک جارەکەی پێشوو وەڵامێکی سنووردار دەداتەوە کە دژە مووشەکێکی ئێرانی کردە ئامانج. بە گشتی لە هەموو دۆخێکدا گورزەکانی ئيسرائيل لە ئێران هەر بەردەوام دەبێت. پێش حەوتی ئۆکتۆبەريش بەردەوام ئەو گورزانە لە ئێران هەبوون.

٨. هەڵگيرساندنی جەنگ بەندە بە قەبارە و شێوەی وەڵامەکەی ئێران، هاوکات هەڵوێستی ڕووسيا، چونکە بە بێ هاوکاری چەکی ڕووسی، ئێران توانایەکی زۆر سنوورداری هەیە بەرامبەر بە ئيسرائيل و هاوپەيمانەکانی. ئەگەر جەنگ ڕووبدات ئەوا قوورسایی بەرەی ئێران دەبێت لە لوبنان بێت. چونکە لە ئێرانەوە هەر چييەک بکرێت، کاريگەرييەکانی سنووردارە بۆ سەر ئيسرائيل لەبەر دووری نێوانيان و کواڵێتی چەکی ئێرانی.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP