دواین هەواڵ

لێكچوونی ئۆپۆزسیۆنی توركیا و هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردندا

‌كارزان گلی

4 رۆژ پێش ئێستا

جارێكیان هاوڕێیەكم لێی پرسیم، سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە داراییە، بۆچی رەجەب تەییب ئەردۆغان، توانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣ بیباتەوە؟

پێم گوت، هۆكار زۆرن، لە چەندین نووسیندا باسم كردووە، ئەوەی گرنگە و دەنگدەری توركیا بڕوای پێهێناوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەم پارتی لێ دەرچێت، راستگۆ نییە بەرامبەر بە خەڵك، بەڵێنەكانی خەیاڵی و واقیعی نین، ئەوان لەناو خۆیاندا دژایەتی یەكتری دەكەن و یەكتریان قبوڵ نییە، جا ئەگەر بێنە دەسەڵات، چۆن رای جیاوازیان قبوڵە. دەنگدەر هەست بەو ناکۆکیەی نێوانیان دەکات.

پێی گوتم، چۆن یەكتریان قبوڵ نییە؟ ئەی لە هاوپەیمانیی (میللەت) كۆ نەبوونەتەوە؟

پێم گوت، راستە، بەڵام بینیت مانگێك بەر لە هەڵبژاردن، مەڕاڵ ئاكشەنەر، گوتی قبوڵم نییە كەمال كلیچدارئۆغڵو، ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن و لە هاوپەیمانییەتەكە كشایەوە، پاشان ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسوور یاڤاش، هێنایانەوە.

ئەمە پێمان دەڵێت، ئۆپۆزسیۆن هی ئەوە نییە، دەسەڵاتی سیاسی لە توركیا بگرێتە دەست، چونكە ئەوەی هەشە لە دەست دەچێت. بەكورتی، دەنگدەر، بڕوای بەوە هەبوو، هەموو ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی توركیای گرتووە، ئەردۆغان دەتوانێت چاكی بكات.

لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی كوردستانیش، بەهەمان شێوەی توركیا، ئۆپۆزسیۆن، كە یەكێتیشی تێدایە، هیچیان پێ نییە بۆ گەل، تەنیا هاش و هوش و جنێو و سووكایەتییان لە دەستە، ئەوان بەڵێنی خەیاڵی و نا لۆژیكی بەدەنگدەر دەدەن، بۆیە ناتوانن بچنە ناو دڵی دەنگدەر.

سەیریان بكە، چۆن بەربوونەتە گیانی یەكتری، چۆن رۆژانە لەناو خۆیان سووكایەتی بە یەكتری دەكەن و بە خاین و دز یەكتری تۆمەتبار دەكەن، هەروەها ئەو بەو دەڵێت تۆ منت ژەهر خوارد كردووە و ئەوی تریش دەڵێت، سیناریۆ دەبەستیت تا لەناو پارت دەرمبكەیت و زۆر بابەتی تر، كە ناتوانین لە وتارێكدا باسی بكەین، تخوا ئەمانە دەتوانن وڵاتت بۆ بەڕێوە ببەن؟

ئەوەی مەردانە هاتووەتە ناو هەڵبژاردن و بەشێوەیەكی عاقڵانە و مەدەنیانە بانگەشە دەكات، پارتییە، ئەوەی بەكردار خزمەت دەكات پارتییە و رۆژانە پڕۆژەكان رادەگەیەنرێت و لە خزمەتكردنی میللەت ناوەستێت.
پارتی چووەتە ناو دڵی دەنگدەر، هەروەها بڕوایەكی تەواو لەلای دەنگدەر دروست بووە، كە لاوازبوونی پارتی، لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی هەموو كوردە لەباشووری كوردستان.

لەرێگە ئەم نووسینە كورتەوە داواكارم:

”تكایە، با بانگەشەی هەڵبژاردن سووكایەتی تێدا نەبێت، پێویستە لایەنگرانی پارتی وریا بن، نەچنە ناو شەڕێك كە كاریگەریی لەسەر سەنگی پارتی هەبێت، سووكایەتی و جنێو و هاشوهووش، هەر لایەنێك بیكات، باجەكەی لەسەر سندوقی دەنگدان وەردەگرێتەوە، با وەكوو وڵاتان مەدەنی بین و رێز لە بیر و بۆچونی یەكتری وەربگرین“

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP