دواین هەواڵ

حەلبووسی، تۆ لە ئاست پێشمەرگە زۆر بچووكی

‌ئەسرین عاسی شوانی

2 رۆژ پێش ئێستا

پێشمەرگە، ئەو مرۆڤە باڵا و گیانفیدا خۆنەویستەیە کە بەنرخترین و بە بەهاترین سامانی خۆی، کە خوێنی گەش و گوڵڕەنگیەتی، لەپێناو گەل و شکۆمەندیی نیشتمان دەبەخشێت. ئەگەر هەر لە ناوەکەیەوە دەست پێ بکەین کە وشەیەکی لێکدراوی کوردیی ڕەسەنە، تێدەگەین کە پێشمەرگە چەندە مرۆڤێکی گەورەیە، وەک گوتمان، وشەیەکی لێکدراوە و پێکهاتووە لە پێش و مەرگ. ئەو کەسەی ناسناوی (پێشمەرگە) بە خۆی ڕادەبینێت، مەرگی خۆی لە پێشی خۆیەوە لەپێناو خاک و كوردستاندا دادەنێت و سڵ لە مەرگ ناکاتەوە،

بە شتێکی ئاسایی دەچوێنێت و بەر لە هەموو شتێک ئامادەیە لەپێناو بەرگری لە خاك و نەتەوە، گیانی خۆی ئپێشكەش بکات. وەک دەبینین، پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەر دوژمنان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان، ناوی كورد و كوردستانیان بەرز كردووەتەوە و هەمیشە جێگای شانازیین بۆ گەلەکەمان و بوونەتە سیمبول و ڕەمزی گیانفیدایی.

گەلی کوردستان تا پێشمەرگەی هەبێت، ترس و باکی لە دڕندەترین دوژمن و لە پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیای چەکی سەردەم و لە دزێوترین سیاسەتی سەردەم نابێت، چونکە ئەوە پێشمەرگە بوو بەری بە دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆرستیی وەک داعش گرت و کردیانن بە پەندی زەمانە و درسێكیان دانێ كە هەرگیز لەیادی نەكەن. ڕێکخراوێک، کە ترسی خستبووە دڵی سەرجەم خەڵكی جیهان، بەڵام لەسەر دەستی پێشمەرگە و گیانفیدایی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، دەرسێکی وایان وەرگرت، تا دونیایە لەبیریان نەچێتەوە، ئاخر باڵای پێشمەرگە زۆر لەوانە بەرز و زرافترە، تا پیلانی داعش و هاوشێوەکانی بتوانێت ورەی بەرزیان بچەمێنێ، چونکە پێشمەرگە باڵای بەقەد باڵای شاخە سەربەرزەکانی کوردستانە و هەرگیز بە دوژمنان و شەمشەمەکوێرەکانی داعش نانەوێت، بۆیە لووتژەنینی داعش لە ورەی پێشمەرگە و گەورەیی و ناوناوبانگی پێشمەرگە هەر خەیاڵێکە و خەونێکی بەدینەهاتووی دوژمنانمانە و هەرگیز ناگەنە مراز. لەم ڕۆژانەدا بیستمان، حەلبووسی زۆر بێشەرمانە دەیگوت بەتەواوی رەتی دەكەینەوە (تۆپهاوێژی قورسی پێشكەوتوو) بدرێت بە پێشمەرگە، گوایە ئەركی دەستووری ئەوان لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆدا كورت بووەتەوە! هەموومان دەزانین زۆربەی ئەم سەرکردانەی، کە ئێستا لە کایەی سیاسیی عێراق دەهۆڵی غیرەت و ئازایەتی دەکوتن، هەموویان لە کوردستان خۆیان حەشار دابوو و کوردستان و پێشمەرگە قەڵغان و پارێزەریان بوو،

پێشمەرگە بوو لە ڕووی سەدام و بەعس وەستابوو، کوردستان و پێشمەرگە ئەو عێراقییە هەڵاتوانەی لە ترس و تۆقاندن ئەپاراست. تەنانەت لەدوای 2003 و هەرکات لە ناوخۆیاندا ڕووبەڕووی مەترسی بوونایەتەوە،

دەستبەجێ پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنا، بەتایبەتی سەرکردە عەرەبە سوننەکان، تەنانەت لە ناوخۆیاندا وتەیەکیان هەیە، کە دەڵێن "اذهبوا إلى كوردستان، فإن فيها ملكاً لا يُظلم عنده أحد" واتە هەرکات لێتان قەوما، ڕوو بکەنە کوردستان، چونكە پادشایەکی لێیە واتە (جەنابی سەرۆک بارزانی) هیچ کەس لای ئەو ستەمی لێناکرێت. ئێستە بە حەلبووسی و هاوشێوە سفرەدڕ و نمەک بەحەرامەکان دەڵێین، ئایا جگە لە پێشمەرگە کێ بوو کاتێک خۆتان خەریک بوون یەکترتان دەخوارد، ئەیپاراستن؟ جگە لە پێشمەرگە کێ بوو داڵدەی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقیی دا و پاراستنی، کاتێ لە دەستی داعش هەڵاتبوون؟ جگە لە پێشمەرگە کێ بوو شکستی بە داعش هێنا، کە گەورەترین مەترسی بوو لەسەر عێراق و بە شاهێدیی هەموو جیهان ستۆپی پێ کردن؟ تۆ بڵێی هێزە عێراقییەکان بووبن، کە لە ترسی داعش لە مووسڵ هەموویان چەکیان فڕێ دا و هەڵاتن؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP