دواین هەواڵ

ئەمريکا و ڕووسيا و چين لە ململانێی ئيسرائيل و ئێران

‌رەنج نەوزاد

06/08/2024

لە ئێستادا لە دوای داگيرکردنی غەززە لە لایەن سوپای ئيسرائيلەوە، تا ڕادەیەکی زۆر پرسی جەنگی ئيسرائيل و حەماس لە غەززە، بووە بە پرسێکی لاوەکی، ململانێکە لە نێوان ئيسرائيل و بەرەی ئێرانە. ئەمەش یەکێکە لە کارەسات و هەڵە ستراتيژييەکانی ئەوەی پێی دەڵێن تۆفانی ئەقسا. دۆزی فەڵەستينی بە تەواوی کردە دۆزێکی ئێرانی. کە پەيوەندی نەماوە بە ئازادکردنی خاک و سەربەخۆیی فەڵەستين. بەڵکو ئەو دۆزە ڕەوا و یاسایی و نيشتيمانييە بووە دۆزێکی تيرۆريستی و بەشێک لە هاوکێشەی هيلالی شيعی. بە تايبەت دوای ئەوەی فەڵەستينييەکانی کەناری ڕۆژئاوا و قودس ئامادە نەبوون ببنە بەشێک لە شەڕەکەی غەززە. کاتێک حيزبوڵا و حووسی و حەشد و پاسداران لە بەرەی غەززەن، مانای وایە حەماس پرسی غەززەی لە فەڵەستين جياکردەوە، ئەمەش پێش هەمووان سوودی بۆ ئيسرائيل هەیە، پاشان بۆ ئێران، فەڵەستين زەرەرمەندی یەکەمە.
بەرەی ئێران لە هاوکێشە نێودەوڵەتييەکە بەشێکە لە بەرەی چين و ڕووسيا. ئيسرائيل بەشێکە لە بەرەی سووننە (سعوودييە و ئيماڕات و ئوردن و ميسر) کە لەسەر ئاستی جيهان بەشێکە لە بەرەی ئەمريکا. بۆیە بۆ ئەگەر و سيناريۆکانی شەڕی ئيسرائيل و ئێران پێويستە ڕۆڵ و هەڵوێستی ئەو سێ زلهێزە لەبەرچاوبگرين.

ئەمريکا: هێزی یەکەم و بێ رکابەری ناوچەکەیە، هاوپەيمانێکی تايبەتی ئيسرائيلە، بەو مانایەیی پشتگيری کردنی لە ئيسرائيل لە کاتی جەنگ، بێ مەرج و بێ سنوورە. ئەمريکا لەم کاتەدا لەبەر چەندين هۆکاری ناوخۆ و دەرەکی و ستراتيژی، نايەوێت جەنگی ئيسرائيل و ئێران ڕووبدات. لەناوخۆ پرسی دەنگدان و حوکمی ديموکراتەکان ئێستا فاکتەری سەرەکييە بۆ ئەو هەڵوێستەی ئەمريکا. لە دەرەوە و لەسەر ئاستی ستراتيژ ساڵانێکی زۆرە ئەمريکا دەيەوێت ئيتر تێوەنەگلێت بە جەنگێکی ئاڵۆز و ماوە درێژ لەم ناوچەیە. ئەمە جگە لەوەی زیانی فرە لایەنی هەیە بۆ ئەمريکا، تەرکيزی لەسەر ناوچەی زەريای ئارام (چين) کە گرنگترينە بۆ ئەمريکا، کەم دەکاتەوە. بۆیە نايەوێت جەنگ ڕووبدات، چونکە ئەگەر ڕووبدات ناچارە بەشداربێت.

چين: لە ڕووی ئابووری و بازرگانييەوە ئێستا هێزی سەرەکييە لە ناوچەکە. لە ڕووی سەربازی و ئەمنييەوە، بە براورد بە ئەمريکا، پێگە و ڕۆڵی مایەیی باس نييە. چين بە گشتی دەيەوێت ئەمريکا بەردەوام سەرقاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، هاوکات لە ڕێگەی هاوکاريکردنی ئێران، پێگە و هەژموونی ئەمريکا لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە. بۆ ئەوەی هەژموون و پێگەی ئەمريکا لە نزيک سنوورەکانی خۆی کەم و لاواز بکات. ڕوونە هەڵگيرساندنی جەنگی ئێران و ئيسرائيل بە تەواوی ئەمريکا سەرقاڵ دەکاتەوە لەم ناوچەیە. بەڵام چين لەگەڵ ئەم بژاردەیە نييە، چونکە: ١. هەڵگيرساندنی ئەو جەنگە کار لە ڕێرەوە ئاوييەکان دەکات لە ڕووی ئەمنييەوە. ئەمە نرخی شمەک و گواستنەوە زۆر گران دەکات. ئەم ڕێگایە ڕێگایەکی سەرەکييە بۆ هاوردەکردنی وزەی چينی و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفريقيا. ئەمەش گورزێکی ئابووری بەهێزە لە چين بە تايبەت کە چەند ساڵێکە کێشەی ئابووری هەیە.

٢. لە کاتی جەنگێکی وادا، ئەگەر هەیە ئێران لاواز بکرێت، یاخود ببێتە هۆکارێک بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی لە ئايندەدا. واتە لە دەستدانی بەهێزترين و گرنگترين دۆستی چين (کە دژە ئەمريکایە) لە ناوچەکەدا. ئەمەش لە ڕووی سياسی و جيوپۆلەتيکيەوە زیانێکی گەورەیە بۆ چين. هاوکات لەوانەیە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئيتر ئەمريکا سەرقاڵ نەبێت بەم ناوچەیەوە و بە تەواوی بەرەو سنوورەکانی چين بڕوات.

٣. لە ئەگەری ئەم جەنگە چين لە ڕووی دبلۆماسی و گوتارەوە پشتگيری ئێران دەکات. بەڵام لە ڕووی سەربازييەوە هاوکارييەکانی سنوردار دەبن. ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک: تا ئەمرۆش چين نايەوێت ئامرازی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ ململانێکردنی هەژموونی ئەمريکا. بەڵکو دەيەوێت بە خاوی و لە ڕێگەی ئامرازی نەرمەوە ئەو کارە بکات. بۆ ئەوەی پاساو نەدات بە ئەمريکا بۆ درووستکردنی بەرەیەکی دژە چين، هاوشێوەی ڕووسيا؛ هاوکاريکردنی ئێران بە شێوەیەکی کاريگەر، واتە توڕەکردنی سعوودييە و ئيمارات و ئيسرائيل ، کە لە ڕووی ئابوورييەوە ئەمانە گرنگترن. (چين تەماحی زۆرە لە ئيسرائيل بۆ سوود وەرگرتن لە توانا تەکنەلۆژييەکانی و چاودێريکردنی تەکنەلۆژیایی ئەمريکی). هاوکارينەکردنی ئێران لەوانەیە ببێتە مایەیی توڕە بوونی ڕژێمی ئێران کە گرنگترينە بۆ چين لە ڕووی سياسی و جيوپۆلەتيکييەوە.

بە کورتی مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە سوودی بۆ چين هەیە، بەڵام توندبوونی زیاتری ململانێکە ئيتر زیانی دەبێت.

ڕووسيا: لە ئێستادا گرنگترين پرس بۆ ڕووسيا مەسەلەی جەنگەکەیەتی لە ئۆکڕانيا. پاڵنەری سەرەکی سياسەتی پوتين لەم کاتەدا بريتييە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جەنگە و لێکەوتەکانی. بە تايبەت لە ئێستادا دەوترێت ئۆکڕانيا فڕۆکە ئێف ١٦ەکانی ئەمريکای وەرگرتووە. دوورخستنەوەی ئەمريکا لە ئۆکڕانيا و کەمکردنەوە هاوکارييە سەربازييەکانی، بۆ ڕووسيا گرنگترين ئامانجە لە ئێستادا. هەڵگيرساندنی جەنگی ئێران و ئيسرائيل ئەگەرێکە بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجەی ڕووسيا. بۆیە ئەگەر هەیە ڕووسيا بەڵێنی پشتگيری دابێت بە ئێران و چەکی پێشکەوتووی پێشکەش بکات. دوێنێ لەگەڵ سەردانەکەی کوريلای فەرماندەیی ناوەندی ئەمريکا بۆ ئيسرائيل، سێرگی شويگۆی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسايشی ڕووسيا سەردانی ئێرانی کرد. بە کورتی ئێران لەم هاوکێشەیەدا بۆ ڕووسيا، تا ڕادەیەک وەک ئۆکڕانيایە بۆ ئەمريکا دژ بە ڕووسيا. دەکرێت وەک کارت دژ بە یەکتر بەکاربهێنرێن و سازشیان لەسەر بکرێت.

لە دوای سوريای پەرتەوازە و وێران و لاواز، ئێران گرنگتين دەوڵەتە بۆ ڕووسيا لە ناوچەکەدا. بەڵام لە ئەگەری هاوکاريکردنی ڕووسيا بۆ ئێران، ئەوا مەبەستی ڕووسيا دژایەتی ئەمريکا و پرسی جەنگی ئۆکڕانيایە، نەک خودی ئيسرائيل. بۆیە لەوانەیە هاوکارييەکان سنوردار بن و کاريگەری گەورەی نەبێت دژ بە ئيسرائيل. چونکە پەيوەندی ڕووسيا و ئيسرائيل، پەيوەندييەکی قووڵ و ئاڵۆزە. لای ڕووسيا، هەر لەسەردەمی سۆڤيەتەوە، دەستبردن بۆ سنوورەکانی ئيسرائيل و هەڕەشەی وجودی لە ئيسرائيل، هێڵی سوورە. جگە لەوەی ئيسرائيل و ڕووسيا لەیەک تێگەيشتن و لەوانەیە ڕێککەونتی نهێنيان هەبێت سەبارەت بە هاوکێشەی سووريا، کە گرنگترينە بۆ ڕووسيا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر ڕووسيا ببێتە هۆکاری زیانگەياندنی جدی بە ئيسرائيل، ئەوا ئيسرائيل هاوکاریيەکی جدی ئۆکڕانيا دەکات، کە تا ئێستا نەيکردوە. هاوکات، لە هاوکێشەی سووريا، ئيسرائيل دەتوانێت گورزی گەورە لە ڕووسيا بدات، وەک چۆن ڕووسياش دەتوانێت لە سوورياوە گورزی گەورە لە ئيسرائيل بدات. ئێران ئەم هاوکێشەیە باش دەزانێت، بۆیە قوورسە بە پشت بەستن و بە متمانەکردن بە ڕووسيا ئەو سەرکێشييە بکات.

بە پێی ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، دەتوانين بڵێين ئەمريکا و چين و ئێران نايانەوێت و لەبەرژەوەندييان نييە ئەو جەنگە ڕووبدات. ئيسرائيل و ڕووسيا، لەوە دەچێت، خوازياری هەڵگيرساندنی ئەو جەنگە بن.

بێ گومان، ئەم بابەتە ئەگەر دەيان ڕەهەند و ڕووی هەبێت، لێرە تەنيا ئاماژە بە یەک و دووانی کراوە، ڕەهەندی نا ڕوون و نهێنی و کەمی زانياریش هەیە کە لەوانەیە پێچەوانەی ئەو یەک-دوو ڕەهەند بێت کە ئاماژەیان پێکرا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP