دواین هەواڵ

دەوڵەت و ئەکتەری نا دەوڵەتی

‌رەنج نەوزاد

08/08/2024

ئێران، وەک توانا و ئامادەیی، دەکرێت بڵیين دەوڵەتێکی خاوەن ئەتۆمييە. خاوەن سوپایەکی گەورەیە، دووەم دەوڵەمەندترين وڵاتی جيهانە لە یەدەگی گازی سروشتی و یەکێکە لە دەوڵەمەترين لە یەدەگی نەوت. خاوەن سوپایەکی گەورەیە، ڕووبەرەکەی لەوانەیە چەند هەزار جارێک لە غەززە گەورەتر بێت. ژمارەی دانيشتووانی سەروو ٨٠ مليۆنە، دەتوانێت سەروو یەک مليۆن سەرباز ئامادە بکات. گەمارۆدانی بە شێوەیەکی تەواو ئەستەمە، دەڕوانێتە سەر کەنداوی عەرەبی و قزوين، سنووری بە ئاسیای ناوەڕاستەوە هەیە. واتە دەتوانێت پەيوەندی بە چين و ڕووسياوە بکات ئەگەر کەنداويشی لێ بگرن. دەتوانێت ئاو و کارەبا و خۆراک بۆ خۆی دابين بکات....
ساڵانێکە، بە تايبەت لەم ١٠ مانگەدا ئيسرائيل گەورەترين سووکایەتی پێدەکات، ئاشکرا گورزی لێدەدات لە هەموو ئاستەکان... ئينجا بۆ ئەوەی وەڵامێکی ئيسرائيل بداتەوە دەيان جار بيردەکاتەوە، سەدان جار پلان دادەنێت و ڕاوێژ دەکات. جگە لەوەی دەيان جار هەر خۆی دەدزێتەوە لەوەی وەڵامبداتەوە. کەچی حەماس کە ئەکتەرێکی نا دەوڵەتييە، لە ڕووبەرێکی ٣٦٥ کيلۆمەتری، کە دەبێت بە مۆڵەتی ئيسرائل ئاو و کارەبا و خۆراک و دەرمانی... بۆ دابينبکرێت، بە بێ ئامادەکردنی بچوکترين پێداويستی و مەرجی جەنگ، زیاد لە ٢ مليۆن مرۆڤی خستە ناو گۆڕەپانی جەنگ! لە کاتێکدا ئەگەر ئێران تووشی جەنگيش بێت، لەبەر ڕووبەر و تواناکەی، هەرگيز هاوڵاتيانی وەک خەڵکی غەززەیان بەسەر نایەت، هەرگيز تاران و مەشهەد وەک غەززە کاول ناکرێن.

تەنانەت سوريای ئەسەد، هەر چييەک بێت دەوڵەتە، تاکە لایەنی بەرەی ئێرانە لەم جەنگەدا خۆی دوور گرتووە تا ئێستا. تەنانەت داوای کردوە خاکی سووريا بەکارنەیەت بۆ پەلاماردانی ئيسرائيل. لە کاتێکدا خۆی دەڵیت جۆلان خاکی ئەوە و داگيرکراوە. لەبەرامبەردا حيزبوڵا و حووسييەکان کە دوو ئەکتەری نا دەوڵەتی ترن، بەشێکی گەورەی باشووری لوبنان و یەمەنيان وێران کردوە بە هۆی ئەم شەڕەوە، کە نەبووە هۆی پاراستنی یەک هاووڵاتی و شەقام و خانووی... غەززە.

دەوڵەت لەوپەڕی ديموکراتەوە تا ئەوپەڕی نا ديموکرات، جۆرێک لە عەقڵانيەت و بەرپرسيارێتی هەیە. ئاخوندەکانی ئێران هەر چييەک بن، خۆیان بە بەرپرس دەزانن لە ئابووری و ژێرخان و سەقامگيری ئێران، بە ئەرکی خۆیانی دەزانن ئەو وڵاتە بپارێزن لە وێرانبوون، بێ گومان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان. بەڵام گروپی وەک حەماس و حيزبوڵا و حووسی، خۆیان بە بەرپرس نازانن بەرامبەر بە هيچ شتێکی ئەو شوێن و خەڵکەی کە حوکمی دەکەن. بۆ نموونە هەموو ئابووری و ژێرخانی غەززە کاولکراوە، هەموو هاوڵاتيان ئاوارە بوونە، حەماس خۆی بە بەرپرس نازانێت و ئەسڵەن دەڵێت سەرکەوتوو بووينە چونکە چەکدارەکانمان ماون و تەقە دەکەن! گروپی چەکداری نا دەوڵەتی، لە باشترينەوە تا خەراپترين، جۆرێک لە سروشتی چەتێتی و مافيایەتی و بەکرێگيراوی تيایە، خۆی بە بەرپرس نازانێت بەرامبەر بە پاراستنی ژیانی کۆمەڵگە و ژێرخان و ئابووری وڵات. لە کاتێکدا هەموو ئەو کاولکارييەیی حەماس و حيزبوڵا و حووسييەکان کە لەبەر ئەم جەنگە بەسەر خەڵک و وڵاتی خۆیانيان هێناوە، ئەگەر بە فەرمانی ئێرانيش نەبووبێت، ئەوا ئەگەر سوودێکی هەبێت بۆ ئەو بەرەیە، تەنيا بۆ ئێرانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP